Telegram Web
💠بۆئەم جەوە💠

ئەی لەشکری گردی سەرم! دەک ڕەببی ڕووت ڕەش بێتەوە
تاکەی لەسەر تەپڵی سەرم ئەم ڕەنگەتان بەش بێتەوە

لاچۆ لەسەر گردی سەرم تۆ جوانی ڕووبکەیتە چیا
بەشکم لەوێ قەندیلیەکان، چاویان بەتۆ گەش بێتەوە

هێندەی نەماوە ئارەزووی چل ساڵەمان بێنینە دی
دەک یاڕەبی ئەو عومرەتان کورت و لەوەندەش بێتەوە!

هێندەی لە وەرزی ئاشقی و دونیای شیعر شەشدەر کرام
وا وەرزی داش هەڵگرتنە، ئاخ مۆرە جووت شەش بێتەوە

پیاو خاوەنی ناو بێتەوە، کانی پڕی ئاو بێتەوە
دەورەی خەم و ترس و تەزوو، بۆ خێڵی جاکەش بێتەوە

باغی دڵی لاو و کچی ئەم عەسرە، وەک دەورەی ئەمە
بۆجێی قەرار و ژوانیان، ڕەنگیی و مونەققەش بێتەوە

ئەو ڕوو ڕەشەی قەولی درۆی بەم خەڵکە ساویلکەی دەدا
ڕەببی لەبۆ سەر جەرگی خۆی، تیری لە تەرکەش بێتەوە

ئەو ئایتانەی وا درۆ بەزمانی ئەڵــــڵــــاوە دەکەن
گوم بن لەباتی وەعزیان مەیدانی ئەڕتەش بێتەوە

دەورەی خەم و ترس و کزیی و قاچاخی ئاسۆ ڕابرێ
وەک ساڵی پەنجاو و حەوت و هەشت، دەنگی کەشاکەش بێتەوە

#ئاسۆ
بۆکان 1     7    401
🌼🌼🌼

لەم شۆڕشی مەستانە بەبێ شەوقی چراخۆم
بێ فیلتێر وبێ نێت وئینستاو شتی وا خۆم

لەم لاوە لەترسان و لەوێ لاوە لەخۆشیان
وەک ڕێوی دەواجین بە نەزەر تێر و تەبا خۆم

هەستاوە خرۆشێ لە دەروون و لە بروونیش
من بێ نەفەس و جووڵەیێ لەم کاکی براخۆم

کچ هاتونە مەیدان وهەموو ڕوسەری سووتان
کڕبوون نەجەفی و مەشەدی بێ ئەهلی عەباخۆم

هەرچی ژنی دونیایە هەموو هاتنەوە مەیدان
فاتم دەڵێ بێ زێنەبەکەم  بێ سەروپاخۆم

ئەستێرە درۆکان کە لەسەرشان  دەترووسکان
قاچاخ بوە سەردار دەڵێ بێ نوور و زیاخۆم

رەشتی هەموو هاتونەتە دەشتی وەکوو شێران
تەورێزی دەڵێ کوردەوەرە، وەک کوڕی شاخۆم

مەعسوومە لەبەر بەردی فەقێی فەیزیە هەڵهات
قوم چۆڵ بوە  بێ کەلـلـەیی  مەندیلی مەلاخۆم

تارانی، هەتا ڕانی، لەقوڕدا  کە  چەقیــــبوون
هەستاونەتە سەرپێ ودەڵێ  ،بێ ئێوە چ ناخۆم

هەرمن بەتەنی، لەم دەمی پیری وخەم و دەردە
بەو چاوەکزەش ،هاودەمی، سەد دەرد وبەڵا خۆم

شەو تاوەکوو ڕۆژ چاو ودڵ وگوێم لەخەبەردان
نیوەیشی درۆن، توونی قەناتێ بە وەفا خۆم

شێرانە وەکوو شێربەگی گوڕڕەی بێ بڵێ دەی!
ڕەشپۆش و پەرۆشی کوڕی ئا وا  تەوەلا خۆم

وەک ئاسۆ، لەئەم دەورە پڕی جەورە، غەریبم
بێ مەکتەب وبێ مەسنەد و بێ پیاڵەیێ چاخۆم

#ئاسۆ
بۆکان 3   7    401
🍂 کۆچی ئیجباری 🍂


دەستی زاڵم، کۆچی ئیجباریی دەوێ و پێمخۆش نیە
گەرچی ئەم کۆچە بەدەست و ویستی ئەمن و تۆش نیە

هەر درۆن مابوو، لەکورد هەڵکەن، ئەویشم دی بەچاو
داد وفریادێ بکەم گەر، بێ دەلیل و هۆش نیە

عاقیبەت جێ هێشتنە، سەودای مەرگ پێشخستنە
دەستێ زاڵم بیبڕێ، پێویستی شین وڕۆش نیە

وا دەری کردووم و لێرەش دەمکوژێ، هاوار! جەهان!
کاکی زاڵم ! باش بزانە، ئاگرم خامۆش نیە

با لەسەر، خرمان وکۆی میللەت بنۆشن مەی ئەوان
باش دەزانن تا ئەبەد هەر وەرزی عەیش و نۆش نیە

وا لەسەر چەکش و سەکۆی قازی جەهاندا، حوکمەکەی
مووشەکیش وەک ئاهی دایکانی کز و ڕەشپۆش نیە

هێندەیان خوێن هەڵمژین و کیسەیان پڕکرد لەپووڵ
بۆ هەڵاتن، هیچکەسێ ژێر پێی ئەوەندەی بۆش نیە

هێندە هۆنیمانەوە فرمێسکی دووری هاوەڵان
کام کتێبە، لەو وشانەی پڕ بە سەفحە و کۆش نیە؟

ساقیا! تینووم، وەرە! ئاوکە بە ئاوری سینگما
وەرزی پیریی وشین وگریان؟ بەو خودایەی خۆش نیە

ڕادەبوورێ ئەم زەمانەو دەورەیێ دیش دێتەوە
گەر هەبێ بێ نەزمی تۆزکاڵێ، خەتای ئاسۆش نیە

#ئاسۆ
بۆکان  10   7   401
💠💠💠

پێم دەڵێن بێ لەیلە ئاسۆ، مەیلی ئەشعاری نیە
ڕووی تەمەن ڕەش بێ تەوانی هەستەکەی پاری نیە

گەر دەبینی ئێستەوەک جاران نەماوە زەوقەکەم
ئەوکێ زاڵم بیگوشێ،  قەت هێزی هاواری نیە

ژن ژیان ئازادی ڕۆحی شیعری من بوو، بوو بەباو
شیعر ئەگەر شوعلەی هەبوو، هەر نوورە قەت ناری نیە

مەجلسی مەستان مەی و ماچ و نەی و شیعری هەبێ
مەحفەلێکە وەک بەهەشت، فەرقی سەر و خواری نیە

هەک بژی عەوڵای هونەر شیعرت گەیاندە ئەوجی خۆی
بەدبەخت ئەو شاعیرەی مەیلی بە دڵداری نیە

یار رۆیی من بەتەنیا مامەوەی وەک مەحشەرە
یار ئاوا جوابی داوە، بۆیە هەر دیاری نیە

دەردی دڵ دەردێکی بێ دەرمانە یەک ڕێگەی هەیە
غەیری ماچی لێوی یاری خۆی نەبێ چاری نیە

موشکلی من سادەیی خۆم و پەیامی شیعرمە
هیندە بێ پیلەم گەرووی شیعر و قسەم خاری نیە

ناحەقم مەگرن ئەگەر بێ نیشتمان و پەرچەمم
کەس وەکوو ئێمە بەجێی یەک نیشتمان، چواری نیە

تۆخودا قەت پێم مەڵێن بۆ ئاشقی کێو و بەندەنی
شاعیرێ شێتی وەتەن بێ، مەیلی دێ و شاری نیە

بەو ئومێدەی حوڕڕ و سەربەست بێ وڵاتم من دەژیم
قوڕ بەسەر ئەو شاعیرەی لای گەل هەواداری نیە

عیشقی میللی زۆر جیاوازە لە نان و کەوسەریش
فرتەنەی کۆچ و بەهەشت و مەسکەن و باری نیە

خەڵک ئەڵێن ئاسۆ لە دڵداری و ئەوین بێزار بوە
نا براکەم! غەیری دڵداری و ئەوین کاری نیە

# ئاسۆ
ورمێ 19 ڕەزبەری 401 هەتاوی
🌼دەگوزەرێ🌼

من دەزانم ئەم گرانی و دەردو ڕەنجەش دەگوزەرێ
دەوری کەس تا سەرنیە، عەسری ئەمانەش، دەگوزەرێ

تانک و تۆپ و تیپی شامان دی بەمستێ ورد کران
چاخی سەردارو سپاو و شەیپووری ئەڕتەش دەگوزەرێ

کێ هەتا سەر هەر لەسەر عەرزی ڕەق و تەڕ نووستوە؟
وەرزی دەسکورتی و هەژاریی قەومی بێ بەش دەگوزەرێ

دەنگی مۆسیقا دەبێتە جێ نشینی بانگ و ڕۆ
وەرزی قاچاخیی ئەوین خێڵی بادەش دەگوزەرێ

ئەو برینانەی کە تیماریان نەکرد، خۆش دەبنەوە
ڕۆژی ڕووناک دێتەوە، عەسری شەوی ڕەش دەگوزەرێ

خاسەکەو ڕایماڵی کوندی شووم لە شاخ و بەندەنان
چەرخی کوشتاری هەڵۆی قەندیل و گاگەش دەگوزەرێ

سەر لەسەر باڵی ئەوینی خۆی دەکا ئەو بێ خەوەی
وا لەبەر زاڵم شەو و ڕۆژی موشەووەش دەگوزەرێ

بانگی نۆشانۆشی مەخۆران بەترساوان دەڵێ
گەشتەکەش هات لێی مەترسن، خۆی بەڕووی ڕەش دەگوزەرێ

بەش دەکەن ئەو زیادیەی خواردیان لە مافی میللەتان
سەردەمی خۆ شاردنەوی شێرو کەڵی بەش دەگوزەرێ

عومری ئاسۆ شەست وشەش ساڵە، چلی هەر ون کرا
دڵنیام ئەم چەن سەباحەی ماوە زۆر خوەش دەگوزەرێ

#ئاسۆ
بۆکان 1    8    401
#ژن_ژیان_ئازادی
شۆڕشی مەستانە


تا، خەرابی، خەونی خەڵکە و خۆشیەکان دەژیێنەوە
لێی گەڕێن یاڕەب خراپ تر بێ لە هەرچی شوێنەوە

تا خەرابات داخرابوو، کەس هەوای شادی نەبوو
موژدەبێ یاران ئەدی مەیخانەکان دەکرێنەوە

گەرچی پاییزە و گەڵاڕێژانە، کۆچ و کۆچبەرە
شۆڕشی مەستان دەڵێ، تەیران لە گەرمێن دێنەوە

داری ئازادی  بەخوێناو شین دەبێ، گەر واش نەبێ
زاڵمێکم من نەدی دەستی نەچێ لەو خوێنەوە!

خێڵی داڵاش، نامەی ئازادی ئەمەی شاردبوەوە
ئەی هەڵۆی سەرشاخ ئەتۆش، مەردانە بۆمان بێنەوە!

کورد گەلێ جاران لە سەر سفرەی سوڵح دەنگیان بڕین
جاری واش بوو دەنگیان ئاژوایە نێو بێڕلێنەوە

لاوە ڕاساوە، کچ وکوڕ، من بڵێم چی؟  پیاوترن
چەشنی سێڵاوی بەهاریی حەستەمە بکشێنەوە

دەردەکەی مام هێدیە، غوربەت هەمیشە خۆش نیە
ئەو خراپ بوو ئێوە چابن، لێگەڕێ با بێنەوە

وەک دەڵێن بارانەیێک دێ و تەڕ دەکا مەزرای وشک
نان بە ئازادی دەچێتە نێو گەرووی مسکێنەوە

شۆڕشی مەستان خەرابی تیا نیە، ئاسۆ دەڵێ
مامە سۆفی بەسیەتی کەم دیزە بزرینگێنەوە!

#ئاسۆ
#ژن_ژیان_ئازادی

گەڵاڕێژانی401 بۆکان
🫧 باران 🫧

پاییز! بڵێ بە باران، دایدا بەوێنەی جاران
لەمێژە لێوی عەرزی ویشکە بە یادی باران

دە هەورە گرمە دەی دەی! بنالە هەر وەکوو نەی
تۆ بانگی سینگی ئێمەی، بۆلای خودای هەژاران

چەتری گەڵاش ڕژاوە، ڕێی کۆچە کەوتە بەرمان
جەیشی زاڵم لەسەرمان، پاکی شێواوە شاران

لەژێر ئاڵا خوانوور، تینوو بە چۆڕێ ئاوە
ڕەگباری گوللەباری و شارمان پڕ بوو لە ماران

پاییز! دەگرمە هەورێ، با کانیەکان بتۆقێن
زللەی برووسکە شەققەی بگاتە تەختی تاران

گەڵا! دە مەڕژێ جارێ ، هەر سەوز و شین وگەش بە
نەوەک غەمبارتری کەی، شەوگاری لێڕەواران

هەتاوی مانگی ڕەزبەر! شیرین کە ئاوی ڕەزمان
زەمان زەمان ڕەزمە با مەستی کەن سەواران

هاواری ئێمە سووکەو گوێی دەوڵەتان چ قورسە!
تاکوو پیلانی دژبەر لە چوار تەڕەف لەکاران

پاییز! بڵێ بەباران، زۆر ویشکە عەرزی ئێمە
ڕەشتر کە هەوری ئاسۆ، لەدەم کەل و نساران

#ئاسۆ
#ژن_ژیان_ئازادی
#بۆکان
💠موندیال💠


عالەمێ شەو سەیری تۆپێنی وڵاتی خۆ دەکەن
هەر تەماشای شکڵی ئاڵاو سەیری هاتوچۆ دەکەن

دەوحەیە ژوانگەی ئەوین و باخچەیە باری شەوان
تاقمێ سەیری شەمامەو دەستەیێ گوڵ بۆ دەکەن

عارەبی سەرپێ لەپێ ناوی لە عالەم کردەدەر
حاکمی بیرکورتی وێش گوڵزارەکەی بۆژۆ دەکەن

دژ بەشادی و ڕامیاری و روود و بادەن کۆنپەرەست
وا هەزار ساڵە قەراردادی درۆ تاپۆ دەکـــــەن

هەر منی کوردم لە جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
شار و دێم ڕۆژ و شەوێ تەمرینی شین و ڕۆ دەکەن

پەرچەمێکم من لە نێو ئەو هەموە ئاڵا دا نیە
پشتیوانیشم هەبێ پاکی قسەی بەدرۆ دەکەن

جا ئەدی چۆن زەوقی سەیری موندیالم بێ کەمن
شارەکەم شینی شەهیدی حەوت و هەشت و نۆ دەکەن؟

چۆن نەپۆشێ ڕەش کچی شیعری ئەوینداری گەلم
بۆ دەوای زامم لەزولفی کیژەکان بۆ سۆ دەکەن

شارەکانی کورد هەموو جەرگیان دەسووتێ وەک سنە
خاسە ئەمشەو نوێژ بەرەو مزگەوتەکەی جوانڕۆ دەکەن

شار نەماوە خاکی کوردان، شار و گوندی بوونەیەک
بۆ سەری منداڵ کوژانی کۆنپەرەست بەرد کۆدەکەن

شاعیرانیش کیژ و لاویان چەشنی ئاسۆ یەک بەیەک
تف لە جاڕنامەی مروڤ و عەهدەکەی ناتۆ دەکەن

#ئاسۆ
#ژن_ژیان_ئازادی
بۆکان    30   8    401
💠زمان ئامان💠

سەردەمێ سەیرە، نەشادی شک دەبەی ڕۆژ و شەوێ
نەش لە ماڵ و نێو شەقام وشت خەیاڵت دەسرەوێ

حاکم ومەحکووم لە ترسی یەکتری مات و کڕن
تیری جوێن داوێن لە پەستاو هیچکەسیش وێی ناکەوێ

لاوی ئازای چاو نەترس و کیژی جوانی ڕاپەڕیو
بێ ترس دێن ودەچن، تەمیان لە کەللەی ناڕەوێ

تیری جوێن قەیناکە کاکە، تیری خوێنڕێژیش خرا
خاکی کوردوستان بە خوین ڕەنگا وەکوو باڵی کەوێ

کەس نیە ڕێیێ نیشان دا چاڵە بێ، چاڵاوە بێ
مییللەتیش بێ دەستەڵاتە و دەستەڵات گەرمی خەوێ

وا چەنای چەندساڵە دەستی بەستەمان بۆ لای خودان
سەیرە دۆعاش نێت نەبێ بۆ لای خودا سەر ناکەوێ

کوا تەبیبێ حاڵزان؟ ئاخ بۆ نیگایێ متفه ڕک
خۆ نیگاش تیشکی نەماوە، لەم تەم و لێڵەی شەوێ

شیعرەکانیشم کە گۆشەی جەرگمن، بێناز بوو ون
چەندی حەولم دا کەسم دەسگر نەبوو لێرەو لەوێ

خۆ گوناهیشم نیە تۆبەم بە زۆری پێدەکەن
هەر وەکوو خەییام دەڵێ، حاشا لە تۆبەش، نامەوێ

تۆبە لەو تۆبانە بێ کردم بە مەجبووری ئەمن
ئاخە شان ومل لەژێڕ ئەو بارەدا، چۆن نانەوێ

لێڵە ئاسۆی بیری ئازادی بەڵام ڕۆژێ  دەبیت
نانی خۆت خۆشتر بوێ تا هی ئەمیرکە و مەسکەوێ

#ئاسۆ
شەوی یلدای 401
#بۆکان
💠چاوەڕێ💠

دەڵێم شێعرێ بڵێم ئەوشەو، برینی دەرد وگریان بێ
لەبۆ بەردەنگی ئەم پەیجەم، نەبێتە دەرد و دەرمان بێ

بەڵام چ بکەم ترووسکەی شادی کەوتۆتە سیاچاڵێ
بەدی ناکەم لەهیچ لایێ بەتایبەت وەرزی زستان بێ

دەڵێ ــ دوکتور ــ لە بۆ چاو ئەشکی دەسکرد باشە، من چ بکەم؟
دەبێ حاڵم لەبەر ئەو نوسخەیەی ئەو هەر پەرێشان بێ

کوتم گەورەم! ئەمن چاوم بەدایم پڕ لە فرمێسکە
کەسێ بەو قەترە موحتاجە، دژی ئازادی ئینسان بێ

منێ گەر گۆشکراوی چۆم و کانیم لێم گەڕێن با هەر
دڵ و چاوم لەبۆ خاکم بەدایییم کەیلی گریان بێ

نە جێیێ شک دەبم تا دڵ لەوێ باری خەمی دانێ
نە هەستێ وام هەیە تەبعم وەکوو لاویی غەزەلخوان بێ

مەیە؟ قاچاخە! ماچ؟ کوفرە، ئەوین؟ ڕیسوائیە ئێستا
دەبێ حاڵی چ بێ ڕانی، لە کوێستان دا گورگ شوان بێ؟

گوڵێ دوێنێ بزەی هاتێ کە ڕیشی لۆکەیی دیتم
کوتم چۆن پیر نەبم ئاخر، کە وەرزم ڕێگە بەندان بێ

لەئاسمان خوێن دەبارێ و دەستی زاڵم ئەوکی گووشیوم
سەڵا لەو حاڵە گەر میللەت خەمی چووکەی خەمی نان بێ

بەڵام ئاسۆ گەلێ ڕوونە، مەترسێ کەڵ بە، ڕاوەستە
زەوی دایم دەبێ چاوی لە وەرزی بەفرو باران بێ

#ئاسۆ
#بۆکان
27   بەفرانباری 401
ئاشەکۆن

تەح! لەچەوتیی چەرخی چەپگەڕ! چەندە چەپ سووڕانیە
من دەڵێم وەک ئاشە کۆنە، تۆ بفەرموو وا نییە

ئاش، گەنم هاڕە لە تۆڵەی بابە ئادەم، ئەم کەچی
هەر سەری ئادەم دەهاڕێ و کاری سەرگەردانیە

بوومە لەرزەی خستە عالەم، لەرزی ئەم عەرزەی وڵات
سەیرەلام بۆ هەر کەسی بەرکەوتوە، کوردوستانیە

من زمانم لاڵە لای ئەڵڵا بەڵام جوابم نییە
کەیفی خۆیە چی دەکا، قەستەم بەقورعان وانییە

نەفسی بەد کردارە ناهێڵێ بەشەر ڕاحەت بژی
هەمیەتی قەت پێ مەدەن، بەم کەلبە نانی نانییە

من خودایێکم هەیە تا ئێستەکەش ناسراو نیە
چون ئەگەر ناسرابێ جیسمە، دیارە جسمیش خوا نیە

هەر ئەوین بۆ وەی دەبێ و خاکی وەتەن بمری لەبۆی
مەرتەبەی عاشق بە بەرزی مەرتەبەی سوڵتانییە

ئەو دەمەی دوو دڵ گرێ دەدرێ نیگایان لەیەک
شادمانی و لەززەتی ئەوتۆ لە دونیا دا  نییە!

چت لە بەحسی کات و سات و جێ و مەکانە؟ عاریزین
پاکی عەرزین ئەم هەموو کورتی و درێژی و پانییە

سەر کەوە لەم چاڵە قووتە، عومری چی لەو بەرزیە
پاکی دەبنە لەحزەیێ قەڕن و سەعات و سانییە

ساقیا! سادەی! دەخیلم، تۆم نەبی زۆر بێ کەسم
لەم شەڕ و شۆرە عەزابی مەی پەرەستان، چا نییە

حەقیە ئاسۆ ڕەخنەگر شیعرت بە سوننەت دابنێن
ئێستەکەش قیبلەی دڵت هەر دار و چۆم و کانییە

#ئاسۆ
  ساروقامیش هاوینی 400 هەتاوی
🌸 ڕەشەمە🌸

ڕەشەمە کەوتە کۆتایی ئەدی بۆنی بەهاری دێ
خۆڕەی ئاوی خڕانیشی بەسەبری نا! بەهاری دێ

بەهاری ساڵی ساڵانمان بەخۆشی ڕابرا ئەمما
لە دەست ئەم چەرخە کەج ڕەفتارە دایمە کەجمەداری دێ

کەوی سەر شاخەکان پۆل پۆل دەهاتن قاسپەیان ئێستاش
لە گوێچەی باغی بێ پۆلی گەلی قومری و قەناری دێ

گەزیزە زیزە ئێستاو چەشنی لەق لەق پاکی تۆراون
نە دەڕژێش وەک چەلان لە گوێم نەوای تەپڵ و نەواری دێ

کە بولبول دەنگی چەهچەی دێت و سوڵتان کەوتە سەر ولول
لە ئەفشاردایە ماملێ گەر سەدای سەوت و قەتاری دێ

دریغ بۆ شیعر و گۆرانی دریغ بۆ بەزمی هەڵپەرکێ
دریغ بۆ شارەکەی ساڵان دریغ بۆ ئاسەواری دێ

وەهام لێ تێکەڵاوە ڕەمزی شیعرو بەزمی دڵداری
لە مزگەوتی کەماڵاتم خەیاڵی سەر چناری  دێ

وەها سەرمەستی بەحری شیعری ڕەمزاویم کە نازانم
وەفایی هاتەوە سابڵاغ وەیا بۆ حوجرە ناری دێ

ئەمن خۆ هێندە بێهۆش نیم وهەربۆم ڕوون نەبوو ئەما
چریکەی بازە یا ڕەحمان*، سەدای میزرابی تاری دێ؟

لە ئاسۆ بۆچی ناپرسن مەلی پیری لە سەر شانە
کەچی بۆ مێشکی هەر بۆنی کچێکی سەبزەواری دێ

*دوکتور رەحمانی ڕەحیم نیژاد، مامۆستای قوتابخانە

#ئاسۆ
قۆچاخ  12   12   401
🌸 گوڵەکە🌸

گوڵەکەی سەر لە ڕەشەممانە وەدەرهێن چۆنی؟
ڕەنگەکەت جوانە بەڵام بۆچی کەمێ بێ بۆنی؟

من دەناسی؟ منم ئەو شاعیرە ڕیندەی موکوری
عاشقی تۆم کە گوڵی کێوی وڵاتی خۆنی

ئاشناتم لەگەڵم بدوێ بە زاری گوڵ و موڵ
چەند دڵم تەنگە لەدەس شیعر و گوڵی نایلۆنی!

بولبولێ بووم کە لەسەر گوڵ نەبێ چەهچەم نەدەهات
خەم لە لام پووشی وشک بوو بە گڕەم یان تۆنی

ئێستە شادی بەدزیش نایێتە نێو شیعری  تەڕم
شیعرەکەم بۆتە وشەی حەجم و سپی و کارتۆنی

تاوەکوو باری خەمی کۆچی ڕەفیق دێتەوە بیر
وشەسازیم و غەزلنووسی نەماون  شۆنی

وەرەجوابم دەوە ئەی جوانەگەزیزەی بێ ناز
خۆ لە نێو شیعری منا تۆ وشەیێ نامۆ  نی

لەپڕا هاتە زمان و وەکوو حافز بە غەزەل
کوتی تۆ بۆچی دەگۆڕێی مەگە تۆ ئاسۆ نی؟!

گل عزیز است غنیمت   شمریدش صحبت
بتهوون سا بسرا طرحی نو از  سامفونـــی

مەلی پیری کە لەسەر داری حەقیقەت هەڵنیشت
دەست دە ئەوپیاڵە شەڕابەی لە ئەوانەی کۆنی

تەمەنت چۆتە سەرێ تازە ئەدی چەشنی چەلان
چاوەڕێی دەنگی نەشەی داوەت و دەستی دۆ نی

دەردی خۆت و گەلەکەت باس کە لەتۆی شیعرەکەتا
تۆکە ئاسۆی گەلی مەدداحی قژ و مانتۆ نی

#ئاسۆ
  باخچە - بۆکان  ١٤٠١/١٢/١٩
🌸 نەورۆزی ٤٠٢🌸

نەورۆزە بەڵام دوورە وەتەن بێ سەروپا خۆم
لەم شاری سولەیمانیە تووشی ڕەشەبا خۆم

بارانەیێکە دەشت و دەرو کۆ، بوە سیروان
ئاسۆی غەمی دووری کەس و عەولاد و براخۆم

#ئاسۆ
سلێمانی
🌺وابەهارە🌺

ئەو کەسەی میوان لە نێو ماڵی دڵی خۆی دەر دەکا
با کڵاویشی لە عاسمان بێ، تەنی، بێ سەردەکا

داری پیر زستان لە بەر سەرما سەری دانانەوێ
چون دەزانێ خاکەلێوە وەک نەمام پەل دەردەکا

ریشەی نخل کهنسال از جوان افزون تر  است
میسرەعی "سائیب" لە نێو شیعری منا مەحشەر دەکا

تاقە یەک پیاڵە لە دەستی ئەو کەسەی تۆی خۆش دەوێ
قیمەتی شەکراو و شیری جۆگەلەی کەوسەر دەکا

هەر زەمانێ خۆشەویستی چۆڵی کرد ماڵی دڵت
کەوشەکەت خالیس تەڵابێ، پانیە  تۆقلەی هەر دەکا

حاسڵی عومری موفیدت غەیری ماچ ومەی چیە
ڕێڕەوی تینووی کەویر کەی ئارەزووی گەوهەر دەکا؟

شاعیریی، لەم عەسرەدا قوتبی نەماوە داخەکەم
دڵ کە ئێشا چاوەکەم کوا  ئارەزووی دڵبەر دەکا؟


"بووموسەیلم" ئارەزووی بوو بێتە "ئەحمەد" مەرتەبەی
گەوجیە هەر کەس ڕەقیبیی شەخسی پێغەمبەر دەکا

تاو لە هاویندا عەزیزم جوانیی زستانی نیە
کوا لە زستانیش جەماوەر ئارەزووی سێبەر دەکا

چاوی تۆ زستانی پیریی من دڵی لاو کردمەوە
گوێمەدە ئەغیار و دوژمن ئەو قسەی خۆی هەر دەکا!

وابەهارە و سوورەگوڵ چاوی لە عاشق داگرێ
چیمەنی سەرچۆم لە فەڕش و چادری مەخمەر دەکا

چاو لەبولبول کەو بەدڵ گوێ بۆ ورینگەی ڕاگرە
مەست نیە ئاسۆ! خەریکە شیعری تۆ ئەزبەر دەکا

#ئاسۆ
#بۆکان   ٣ خاکەلێوەی  ٤٠٢

بووموسەیلم= داعیەی پێغەمبەری بوو
ئەحمەد=  نازناوی پێغەمبەر
🌺یاری ئاسۆ🌺


زۆر لەمێژە پێکەنین نا ئاشنای سەر لێومە
قەیسم و بێزار لەگەل، هەر ئارەزووی سەر کێومە

هێندە خۆیی بوونە خۆرەی شادمانیم بۆیە وا
چەشنی باغی بێ سەنەد هەر دوشمنی خۆم خێومە

ئەو گەلەی من تا بوە گوڵچێن بوەو دەخڵی دڕک
زەردی دەردی بێکەسی جێگەیی زێڕ و زێومە

گەرچی دەسکەوتی خەباتم نان و ئاو بوو بۆ دژان
سەیرە لای ئەو کافرە هەر زیددی شۆڕش نێومە

بەسمە مەیهاوێ بەرەومن تیری تانەت ئەی ڕەقیب
من بەپیریش ئارەزووی برژۆڵی دڵ ئەنگێومە

دورە ئاوات و لەژین بێزار و بێ عەشق و ئەوین
دایمە دڵ بڕسی و خەمی شامم بەجێگەی شێومە

نان و ناوە باعیسە لای قودرەتان سووک بێ بەشەر
خوا دەزانێ خۆی کە من چەند ڕق لە نان و نێومە

ئەسڵەحەم شیعرەو مەزاقم جوانیەو نانم پەنیر
نانی بەربانگم هەبێ کوا من خەمی پارشێومە

بووکی ڕازاوەی خەیاڵی شیعری من شۆڕشچیە
تێنەگەی گەر من لەگەڵ زیندانیی ژێر چارشێومە

یاری ئاسۆ ئەو کوڕ و کیژانەیە وا ڕاپەڕین
من دەگەڵ کەژوان و لاوان و کچی کێو پێومە

#ئاسۆ
#بۆکان  ٤٠٢/٢/٢
🖤 بۆکۆچی مامۆستا فەیز بەخش🖤

بەچاوی دڵ لەئێمە جوانترت دنیا دەدی کاکە
دەزانم من لە دونیا دا ڕەوشتی تۆ چەنێ پاکە

ڕەبی لێڵایی زۆرتر بگرێ بەر چاوی سەری ئاسۆ
کە وا ئەو شۆکە  ئارام گیان، سەرین و دۆشەکی خاکە

لە پاش تۆ چاوەکەی چاوم چ خاکێکی بەسەردا کەم؟
کە خاکی پاکی ئەم شارەش بە خوێناو سوورو نمناکە

لە کۆڕی شاعیران شیوەن دەگاتە مەرتەبەی ئەعلا
لە نێو گۆڕدا بەچاوی نووری حەق هەندێ تەماشاکه

دەزانی چەندە خوێڕی و پووچ گرە ئەم عەرزە گەورەی من!
لە ئەم لا زۆر کەمت دی تۆ، ئەدی چاوێکی لەولا کە

لەوێ لەو عالەمی ئەرواحە کەس ناتوانێ دو ڕوو بێ
بەڵام لێرانە شەوگاری هەژاران زۆر سەهمناکە

نەماوە قەدری (باغە) و (کارەبا) بێ قەدرە شیعری چاک
لە ئەم دەورانەدا موورووی بەقیمەت تۆرەمەی (لاکە)

لە شیعری قورس و قاییم ڕەو دەکەن قورسایی قاچاخە
درۆی خۆشتر دەوێ قازی ئەوەی بەندیشە دڵپاکە

عیلم قەدری نەما و مەکتەب لە مامۆستا بوون خاڵی
هەمووی باسی فریشتە و دێو و خێو و جند و ئەلهاکە

لە عەسری وا کەسێ گەر شاعیری قەومێکی بن دەس بێ
وەکوو لاوانی بێچارەی خوراکی ماری زەححاکە

مەگەر خوا خۆی بە لوتفی خۆی وەدەرخا نووری هیوایێ
دڵی خەڵکیش وەکوو ئاسۆ، لەئەم دەورانە غەمناکە

#ئاسۆ
 #بۆکان  29   2   402
🌺هەڵنەوەری🌺


گوڵە شەمدانی چەنێ جوانی! ڕەبی هەڵنەوری
تا لە  ئەم حەوشەیە میوانی، ڕەبی هەڵنەوەری

چیه مەعنایی زەمان؟ ڕادەبرێ هەر بەدزە
مانگی گوڵ تێپەڕی نەتزانی، ڕەبی هەڵنەوەری

من دەزانم تەمەنی جوانی و گوڵ چەن کورتە
ئەی گوڵی دەورو بەری کانی، ڕەبی هەڵنەوەرێ

ئەی وەنەوشەی دەمی جۆباری بەهاری بەنەشە
خەبەری مردنی زستانی ڕەبی هەڵنەوەری

هەڵوەرین گەوهەری فرمێسکی جودایی دڵ و گوڵ
تۆ، تکەی چاوی پەشیمانیی ڕەبی هەڵنەوەری

پەلکە ڕێحانە! بە بۆن بە بەرامە ی! نەبەزی!!
وەک خەیاتەی قژی کیژانی ڕەبی هەڵنەوەری

ئەی شلێڕەی سەر و چاو شۆڕ لەبەر ئەو خاکە لەوێ
عاشقی سەر زەوی کوردانی ڕەبی هەڵنەوری

تۆش گوڵێکی کە لە پاناوکی کەویردا شین بووی
بۆ منی غەمزەدە دەرمانی ڕەبی هەڵنەوەری

لەوهەموو داروگوڵەی بوون بە ئەوین بۆ ئاسۆ
گوڵە شەمدانی! ئەتۆ جوانی ڕەبی هەڵنەوەری

#ئاسۆ
#بۆکان 7  3   402 
🌸هیوا🌸

چاوەکانت وەک هەڵۆ نیشتوون بە شای مەردانەوە
چاوەکانت دوو کەون، وێڵن بە دووی هێلانەوە

ڕاوچیێ پیرم، فەقەت هەودای تەماشان، داوی من
تۆ بڵێی کەو پێوەبێ، قەت تازە بەو داوانەوە؟

خۆزگە ڕۆژێ وەک چەلان دۆی داوەتم بای داخەکەم
هەر وەکوو عەوداڵ کوتی( دۆ ناچنە دەس پیرانەوە)٭

حاسڵی عومرم چ بوو؟ دوو شیعر و سێ پەڕتووکی کۆن
بۆیە قەت نابم پەشیمان، لەو هەموو داو نانەوە

پیاو کەپیر بوو هەر وەکوو منداڵ گڕوو دەگرێ گوڵم!
ڵێم گەڕێن، خۆم ژیر دەکەم تاهەم بەئەم شیعرانەوە

هەر کەسم دی خوێن لەنێو دڵیابوو، ئاهیش ساردی سارد
حەق بەوانە، ئاو ئەگەر لێڵ بوو لە سەر چاوانەوە

چۆن تەمایاری کە ئاوی ڕوون گەروومان تەڕ بکا
چۆن خەڵک دڵخۆش دەبن بەم گەورە بەد ناوانەوە؟

خۆزگە بەو شەخسەی لەنێو ئەم گەرمە بازارەی درۆ
چاوی تۆ بەو نەرمیەی، کۆرپەی دڵی حاوانەوە

ئێستەکەش قەت ناهومێد نێم تاکوو کوێستان تەم دەکا
هەر دڵم خۆشە بە بایێ دێ لە کوردستانەوە

شانی شیعرم شل بوە هیند باری مەینەت قورسی کرد
بەز نیە نەمدی میداڵی خوێڕیەتی بەو شانەوە؟

من دەزانم ساردو سەرما قەت هەتا سەر هەر نیە
دەوری گوڵ هەر دێتەوە دیسان لە پاش زستانەوە

ڕوون دەکەن ئاسۆی دڵم، پیریی چ حەددی دەر کەوێ؟
دەستە دەستە هەوری ڕەحمەت دێن بەدەم بارانەوە

#ئاسۆ
گوێگجەلی  ٢٨   ٣  ٤٠٢
#بۆکان

٭ئەو نیومیسرەعە هی شاعیری هاوڕێم مامۆستا سەعدوڵا عەوداڵە.
💠کۆچی عاتیفە💠

کۆچی کردوە عاتیفە لەم خاکە، دەک بێچارەخۆم
کێ دەزانێ ئادرەسی؟ دا بەشکوو بینێرێ لەبۆم

یەک دەڵێ ڕۆیی لە گەڵ ئەو هەورە باران هێنەکان
یەک دڵێ ڕۆیی لەگەڵ ماسیلە وردەی  وشکەچۆم

شایەدیش وێنەی کرێکارانی بێ ئەزموونی کار
کەوتە چاڵی مەسعەدی ئاپاڕتمانێ بیست نهۆم

خۆشەویستی بوو بەکۆتری ئاشتی و پێکرا بەتیر
هەر وەکوو ئەو بەردە قورسەی دەیخەیە نێو بەحروگۆم

چەشنی ئیکسیرە کەسێ دڵسۆز و کاری بێ لەدەست
پاکی بوونە کار بەدەستی کارگای بۆمبی ئەتۆم

چی بنووسێ شاعیری بیچارە ئیدی بۆ گەلی
هەر بەحاڵ ڕوو بکاتە خەڵک و پێی بڵێ خەمخۆری تۆم

ئاشکرا دوو مێرد مناڵ قەممەی دەکێشن لێ وەکوو
ساموڕایی ژاپۆن و ئەو پیاوکوژانەی کۆنە ڕۆم

عاتیفە گەر کۆچی کرد هێمنایەتیش بێکەس دەبێ
پاشی چل ساڵ عومری ئەم دەورانە وا سەلما لەبۆم

ژینی  نێو دونیای مەجازی بۆ حەقیقەت بوو بە سەم
ئەو بەری ئاویش خراپتر، ئەی خودا! بۆکوێ بڕۆم؟

چەندە ئاسۆ دڵپڕە لەم تەنگەژەو بێدادیە
جا مەگەر ئاو بێنم و دەستم لە هەڵبەستان بشۆم

#ئاسۆ
#بۆکان   ١  ٥  ٤٠٢
2025/02/20 14:02:42
Back to Top
HTML Embed Code: