Telegram Web
⭐️گەلاوێژ⭐️

وا گەلاوێژ  بیست و پێنجومیە بەکاتی چوارچرا
کوا دەزانێ نەسڵی ئەم عەسرە کەچی بوو وچی کرا؟

لاوی کورد! مێژوو نەزانی، لاوی دۆڕاوی لەژین
ڕووخەکە ئەو دیوەخانەی بێ بناغەی  دانرا

هەر لەخۆڕا شاری سابڵاغ نەبوە شانازی گەلۆ!
خاکەکەی سوورە بەخوێنی یەک برا نا، سێ برا

یازدە مانگ ئەم رۆژ هەڵاتەی بوو مەکوی ئازادی کورد
بچنە نێو  شیعری  موکوریان، تێدەگەن چۆن ڕابرا

کۆمەڵەی ژیناوەری کورد تەی ببوو قاچاخیەکەی
هەر وەکوو ڕۆژ هاتەدەر کاتێ کە ئاڵا  هەڵکرا

ڕۆژی کورد ئەو ڕۆژە ئاوابوو لە ئەو مەیدانەدا
چوونە سەردار و لەبۆیان ئەو پەتانەی هەڵخرا

ناکەوێ شەخسێ کە خاراوی خەمی خاک و گەلە
نا نەوێ کاخێ بناغەی وا بەپاکــــیی دانرا

تا لە ئاسۆوە هەڵێ خۆرێ  پەیامی ئاشتی
دای لە ئاوێنەی دڵی شاعیر دەبێتە چلچرا

#ئاسۆ
#بۆکان   گەلاوێژی ٤٠٢
💠 پلار 💠

لەسەرم دایە هەوای هەڵبەستێ
سۆبە ئاسایی گڕی لێ هەستێ

ڕازی دڵ نامەوێ دەرخەم بەخودا
ماڵی چاو شێوێ تکەی ناوەستێ

وەرە هاوڕێی غەمەکەم با بگرین
کوا بەتەنیایی تەقەی دێ دەستێ

کێ دەڵێ دەرکی بەهار داخە لەچاو
کێ عەیب دەگرێ لە کاری مەستێ

قوڕی ئێمەیشی خودا واشێلا
نیە لەم کارە بەعەینی قەستێ

دڵنیام من، نییە تاوانی کەسێک
نوێژ بەرەو قیبلەی ئەوین دابەستێ

غەم مەخۆ کاکە بە گوفتەی ناکەس
کوا دەبێ سووک بەپلاری پەستێ

تاوەکوو کەعبەیی دڵ قیبلەت بێ
سەد بەناو حاجی بە تۆ ناوەستێ

بۆیە ئاسۆ دڵی پڕ خوێنە لە ژین
بێزی لەو هەموو ڕیا هەڵدەستێ!

#ئاسۆ
#بۆکان هاۆینی ٨٧
کتێبی نەورۆز/ لاپەڕەی ٢٠٦
▪️شیوەنی ڕەنگ▪️

واهەمیسان کۆچی یارانی قەدیمیم کەوتە یاد
ئەو کەسانەی وا لەبۆ ئەو میللەتەی بوونە نماد

ئەوکەسانەی وا بە پێنووس و بەشیعر و شکڵ و ڕەنگ
سەبتیان کردوون لەمێژوو، گەورەیی زاگڕۆس وماد

داخەکەم داخێ لە دڵمایە کەوا لەم عەسرەدا
جەوهەر و شیعر و هونەر بازاڕی هێندێ بوون کەساد

مەرگی ڕەنگە و شیووەنی شیعرە و ئەوا گەل هاتوو ون
شین بگێرن گشت لە گەڵ ئاسارەکانی شێرە زاد

موستەفایێ هەلبژێراوی گەل و خزم و کەسان
گەر لە بیستوونی دڵا سەد نەخشی کێشا وەک فەراد

شاری بۆکان تازیەبارە و یەکشەوەش ماتەم بەسەر
کوا حەقیقی و ئەفخەمی و نووری بکەن لەو عەسرە، یاد

یادی گەورەو ناودارانی موکوریان تا ئەبەد
هەر لەیادان دا دەمێنێ و میللەتیش نایدەن بەباد

ڕاستە ڕۆیشتن، بەڵام خۆ شوێنەواریان ماوە هەر
شوێنەوارێ هێند مەزن مێژوو بکا پێی ئیستناد

خۆ بە تایبەت نەقشی نەققاشانی وەک کاک مستەفا
سەبتە وەک مێژوو لە قەلبی باسەواد و بێسەواد

کۆچی یاران سەختە ئاسۆ دڵنیابە خاکی مە
یادی یارانی قەدیمی هەر دەکەن کەم نا! زیاد

#ئاسۆ
#بۆکان     16  7  02
💠دوکتوری بێ تاوان💠


دوکتوری بێچارە چ بکا؟ چاوی من چارەی نییە
شینی یاران شینی کرد خۆ چاوە، ئاوبارەی نییە

چاو هەتا کەی گەش ببینێ؟ دڵ ئەوەند ڕەش هەڵگەڕا
شاعیرو ڕەشبین؟ نە، ئەو قەت هێزی ئەوکارەی نییە

تێر بوە لەم سەیری جەنگ و کوشت و ئاوارەی جیهان
چاوێ لێڵ نابێ خەمی ئەو خەڵکە ئاوارەی نییە

هەر کەسێ شەڕ  خوازە خوا بی باتەوە، خوارە خەتی
چاوی من هەر گیز سەوادی ئەو خەتە خوارەی نییە

حافزی سیپارەبی، پارەت نەبێ چارەت نییە
خۆڵ وەسەر ئەو دەردە دارەی کەوتو وەو پارەی نییە

دەرکراوی شارو دێم، ڕێبواری ڕێی دەریای ئەوین
کێیە ئاواتی مەلەی ئەو بەحر و ڕۆبارەی نییە؟

ماری پیریی دێ و پەلاماری وشەی شیعرم ئەدا
نا مەترسن، تەبعی من قەت ترسی ئەو مارەی نییە

هەر سەرێ مەستی ئەوین بوو حیرس و ئازی کەم دەبێ
هەر ئەویندارە، مەترسی نەفسی ئەممارەی نییە

تا بمێنی نووری چاو و هێزی پێی ئاسۆ وەکوو
مامە هێمن ماچ دەکا خاکی وەتەن چارەی نییە

#ئاسۆ
#ورمێ  14   8    02
🌺شەوی یەڵدا🌺

شە وی یەلدا بەیادی تۆ وە خۆشە
کە ئاڵقەی خۆشەویستی تۆم لە گۆشە

کە ناوت دێتە ناوا ن هێندە  بەرزی
بزەی دێتێ بەغەم کێ بۆت پەرۆشە

بدەن بانگێ بەگوێی باوکی جیهاندا
کە دایکێ، کۆرپەیێ گەورەی  لە کۆشە

ئەوەی زەممەت دەکا هەر لێی گەڕێێ گەڕ
بە ساغیتی  ببەخشە، ئەو   نەخۆشە

وەرە ساقی بەجامێ بگرە   دەستم
بە چاوی تۆ قەسە م کەللەم لەجۆشە

خەمی ئاوازی سحراوویت نەبێ قەت
ئەوان شمشاڵیان هەر پڕ   خرۆشە

قسەی دوژمن تەراشی هەرنەکەی نا
قسەی شیرین بنووسە و تاڵ بنۆشە

غولامی پیری مەیخانەت  منم من
بەقەولی کاکی ئەودیو: ئای کە  خۆشە!

هەزاران ئافەرین ئاشتی و تەبایی
هەزار لەعنەت لەوەی وا شەڕ فرۆشە

بەسەر تاریکیا نوور سەر کەوێ هەر
بزانە بیری زەڕدەشت و ئەشۆشە

هەتا ئاسۆ لە ڕوونی دا بمێنێ
جل و بەرگی ڕەش و تاری مەپۆشە

#ئاسۆ
#مهاباد
سەرماوەزی 402
🌸سەری سەودایی🌸

سەرێ سەودای ئەوینی تیا نەبێ بۆچیمە گڕکەی تاڵ
دڵێ بۆ دڵ نەکورکێنێ دەبێ بیدەیتە بەر گۆپاڵ

هەزار جارم نەسیحەت کردی ئەی چاو بەستە مەڕوانە
ئەتۆو سەیرانی گوڵزاران؟ بەکارت نایەسێوی کاڵ

دڵم فەرمووی بڕۆ لاچۆ بەوەڵڵاهی بەمن زیندووی
گڕووگاڵیش نەکەم چبکەم؟ دە ئیدی  داکەوە!منداڵ!

چ خۆشە کاتی پیریشت وەکوو منداڵیی ڕابوورێ
بەچەپڵەو هەلهەلە وەک شێت بکەویە شوێن کەری دەججاڵ

که کوێستانی سەرت خاڵخاڵی تێکەوت وخەمی لێ نیشت
لەغەم هەڵدە و بەشووتێ خاریجی کە هەروەکو فووتباڵ

لە سیحری زاڵمان هەرگیز مەترسێ زوڵم هەتا سەر نین
بە دەها تاجی شاهیم دیوە چۆن کەوتوونەتە بن چاڵ

بە ئاهی ساردی مەزڵوومان قەسەم دەوران لە گەڕدایە
زمانی گڕ دەهێنێ ئەم خەباتە بۆ کەڕ و بۆ لاڵ

ئەمن سەودای ئەوینی تۆم هەبێ قەت نایەڵێ پیربم
خەیاڵت عەینی سیمورغەو شەوان دەمخاتە سەر شاباڵ

بەرەو قافی وڵات و شوێنی کۆنی کوردم ئەڕفێنێ
بەمن چی رێی چیا سەختەو کە دەدڕێ کەوش و دەشکێ ناڵ

کەسێ سەر باڵی سیمورغی ئەوینی جێگەبێ سوبحێ
لە ئاسۆی ڕوونی دواڕۆژدا لەبۆی دێنن شەڕابی ئاڵ

#ئاسۆ
#بۆکان  ڕێبەندانی 402
🌸چەپەڵ کردار🌸

هەر وەکوو منداڵ هەتا کەی دڵ بەکایە خۆش دەکەی؟
ئارەزووی پووچ و مناڵانە لە کەللەی بۆش دەکەی

مەی کە بۆ سەر خۆشیە بۆچی سەرت دێنێتە ئێش؟
بۆچی ناپرسی لەخۆت؟ کاکە خراپی نۆش دەکەی

خۆ سبەی ناڕوونە چی چاکە و خراپ کێیە کەسم
دوێنەکەت دۆڕاندوە، شەکراو لە نێۆ ئەوڕۆش دەکەی

تۆ لە سەر دونیای مەجازی خۆت مەگۆڕە چاوەکەم
بەم چەپەڵ کردارە لاقی خۆت لە عەرزی جۆش دەکەی

دوور نیە ڕۆژێ لە سەر ڕازت وەلاچێ پەردەکەت
تا بە کەی ئەو هەستە نا ڕاستەی دڵت سەر پۆش دەکەی؟

قەیدی ناکا جارێ شیرین بێ چەلێ ترشیش دەمت
دیارە بەم دوو زایقە تامی دمت مەیخۆش دەکەی

تۆ ئەگەر دایم بە تاڵی و دژ بەری ژین  ڕابری
مانگی خرمانان خەلەی خڵتە لە جیب و کۆش دەکەی

تۆ کە قەت عاشق نەبووی مەنعی ئەویندار بۆ دەکەی؟
چون بە شیر سووتاوە زارت فوو لە شەربەی دۆش دەکەی

عەیبی ئاسۆ هەر ئەوەندەن عاشقی خاک وگەلە
تۆ کە لالۆت خۆش نەوێ حەتمەن زەمی ئاپۆش دەکەی

#ئاسۆ
#بۆکان  زستانی 402
🌸بەهار🌸

نزیکەگەل نەجاتی بێ و گوڵۆڵەی بێتە سەر ڕاسی
مەڵێن قەت دەورە ناگۆڕێ، ئەوەی وایکوت .سەری ماسی

کە پەرچەم بوو بە دەسرۆکەی کچی سەرچۆپی من زانیم
بە بلوێر و بە بالۆرە، گەلی کورد مافی خۆی ناسی


بەهار هات و تەبیعەت بوو بەکانگای ڕەنگ و ئاوازە
لە زستان و لە بەد بەختی نەماوە دەنگی یا باسی

گوڵی سوورم لە بەر تۆیە بەهارم چەشنی پاییزە
لە بەر چاوم دڕووی شینە گوڵی سەر پەلکی ڕێواسی

ئەتۆ حەقتە لە ئامێزی ڕەقیبا غونچەی ئاسایی
گوڵی جوانیت بپشکوێ چون خەزاڵی باوەشی لاسی

ئەمن مەغڵووبی پیریی خۆم بژاری ڕووی سەر و شێوەم
بە هیچ ئامڕازێ نادروێ مەگەر بە برۆی وە کوو داسی

لە مێژە وەک پەپوولە باوەشی گوڵ جێی حەشارگامە
گوڵم زۆر دیوە ئەمما تۆ لە نێو پۆلی گوڵان خاسی

گەلم تا خێوی پەرچەم بێ و گوڵم ئازادی سەر دەم بێ
دەبێ حاڵی چ بێ ئاسۆ بە خۆی و شیعر وئیحساسی؟

#ئاسۆ
#بۆکان  بەهاری 88ی هەتاوی
🖤🖤🖤

لەو مڵکی ئەدەب حەیفە سەواران هەموو ڕۆیین
دەی هەستە ئەتۆش ڕێکەوە یاران هەموو ڕۆیین

ئەو تۆز و تەمەی گرتی بەری ئاسۆ دەڵێ پێت
جێماوی گەلۆ! شوهرەیی شاران هەموو ڕۆیین
                  بهار ـــ و،لە فارسیەوە ـــ ئاسۆـــ
بەداخەوە هاوڕێی دڵسۆز نیشمانپەروەر، عالم، زانای مێژوو و خۆشەویستی گەل و یاران ــ بابەشێخ حوسەینی سەوڵاوا ـــ بەجێمانی هێشت، ڕەنگە زۆر درەنگ جێگەی ئەوپیاوانە پڕ بێتەوە، بەڵام دڵنیابن ڕۆڵەی بە ئەمەگی ئەم دەورە ناهێڵن هەوڵەکانی ئەو ڕۆڵە دڵسۆزانه بەفیڕۆ بچێت و ڕێگایان درێژەی دەبێت.
یادی بەخێر، ڕێگەی پڕ ڕێبوار
محەمەدسەعیدی نەجاڕی ئاسۆــ بۆکان ـــ
📍کرمی خۆیی📍

خەو لە چاوم دا گسک دریاوە  ساقی بادەوە
ماری غەم عاڵقەی لەسەر دڵ داوە بەم گشت یادەوە

دەورە با هی مەش نەبێ! ئەم دەورە جامێ تێکەوە
تا سەمای سۆفی ببینن  زار بە فووی ئەو ڕادەوە

چەرخەکە هەر چەپ لە بۆ چیی هەژاران سووڕ ئەدا
چاوەڕێی چی تۆ لە نێو ئەم قاتی عەدڵ و دادەوە

کەی! وەفای بۆ کێ بووە دەوران لە کەیخەسرەو گەڕێ
شیرینی عیشقە بە تاڵیی ڕەنجەکەی فەرهادەوە

تاکوو یەکڕەنگ بێ ژیان تۆ هەر بە یەکڕەنگی بژی
لێی گەڕێ سەد ڕەنگەکان با بچنە ئەوبەر جادەوە

کوا ئەوان دەستیان دەگا هاوڕێی دەمێکی ئێمە بن
دایمە سەرگەرمن بە دەستی دایرەو ئەسنادەوە

ڕۆژ لەسەر بەرماڵی نوێژ دەستیان بەرەو ئاسمانە هەر
شەو لەگەڵ ساقی ئەسیر ماون بە جامی بادەوە

گەل لە نێو حەڵقەی هەڵە هەر گێژ دەخۆن، دێ و دەچن
سەر لەگەل زۆرتر دەشێوێ بەم هەموو ئیڕشادەوە

کرمی داری هەر لەخۆیە ترسی بێگانەت نەبێ
حاڵی هەروابوو گەلی ئێمە لەدەورەی مادەوە

حاڵی ئاسۆش حاڵەتی ئەو ئاسکەیە، هاڵا لە داو
کەس گرێی ناکاتەوە حەتتا لە کن سەییادەوە

#ئاسۆ
#سولەیمانی 2013
وەشوێن کڵاوی لار

کێ دەزانێ، بۆچی من وێڵم بەلادێ وشارەوە؟
بۆ هەدادانم نیە، بەم حاڵەتە غەمبـــــــارەوە؟

کێ دەزانێ، چۆن لە دەرس و دەور و مەکتەب بووم وەڕەز؟
لەو عەزابەی دیم بە دەستی تاقمی هوشیارەوە

کێ دەزانێ چۆن لەشەترەنجی ژیان من مات و کش
بێکەس و جێ کەوتوو وم بەشوێن کڵاوی لارەوە

جا لە جێیێ هاوەڵانم، یەک بە یەک لێم بوونە دژ
خۆزگە بەو تیرەی کەبۆم دەخرێ لەکن  ئەغیارەوە

بای شەماڵی مەیلەکەت لە کوێیە سەرما کوشتمی
سارده با بەستوویەتی پەنجەم بە سیمی تارەوە

وەک گوڵینگ بۆ گەردنی بووکی خەیاڵی شیعرەکەم
تەرمی شۆڕ بووی چوار چرای دڵمە بەسەر سێدارەوە

جامەگەر تۆزێ وەسەر خۆم کەمێ لەو خۆڵەوا
بای شەماڵ جارجارە بۆم دێنێ لەکووچەی یارەوە

چش دەبا تۆش وەک نەیارانی گەلم ڕەحمت نەبێ
وەک مناڵ خۆم ژیر دەکەم تاهەم بەئەم ئەشعارەوە

با نەچرپێ ڕازەکەت ئاسۆ بە گوێی  نا  مەحڕەما
شەو لەتۆی شیعرێکی پڕ هیوای سبەی، بیشارەوە

# ئاسۆ
#مهاباد
بەهاری 1371
Forwarded from عکس نگار
🔶هەڵوێست🔶

ئەودەمەی شاعیر لە شیعرا وەسفی چاوی کاڵ نەکا
بەسیەتی چیتر نەنووسێ باشە خۆی خوێنتاڵ نەکا

ئەمن و عەوداڵ ساڵەهایە دەشت و کێومان مەسکەنە
چۆن دەبێ شیعرم بەپیریش مەدحی مام عەوداڵ نەکا


شیعر ئەگەر سووک بوو و بەجێی مووچڕکی لەش کینەی بزاوت
شاعیری ئەوشیعرە با ویژدانی خۆی پاماڵ نەکا


ڕاستە زاڵم هەربە بەتیغی تەنزی شاعیر سست دەبێ
حەقیە بۆ زاڵم بەڵام! با زەمبی خزم و خاڵ نەکا


کاکە لەم وەرزی نەخۆشی و دەوری دەرد و سەخڵەتە
پیاو دەبێ تاکێو هەبێ مەنزڵ لەنزمی و چاڵ نەکا


ئەو کەسەی هەم شاخ و شاری خۆش دەوێ دۆڕاو نیە
چۆن لەتەختەی سینگی کوێستان، ئارەزووی خاڵ خاڵ نەکا؟


لۆکەیە سینگی گوڵێ و زریانی دڕ گاڵەی دەکا
دیارە وەرزێر تا پەمووی بێ، خۆی بەهیوای گاڵ نەکا


پیاوی کوێر دەڕوا بەرەو لێواری چاڵێ پڕ لەقوڕ
تۆخودا بەو پیاوە چاوساغەی بڵێن، خۆی لاڵ نەکا

تالە غەزنەو قەندەهار ڕەش دەوری پارچەی سوور بدات
کێ هەیە ئاڵای حەیای زل هێزەکان شیتاڵ نەکا


پێی بڵێ ئاسۆ بە ئەوکابرا حەسوودەی دڵڕەشە
تاکوو باغی دۆست هەبێ لای کێوی دوژمن ماڵ نەکا

#ئاسۆ
#بۆکان  ۱۳   ٦   ٤۰۰ 
Forwarded from عکس نگار
🌺کاریزما🌺


خۆ هەر پەڕۆیێک دوو خەتی ڕەنگیی هەبوو ئاڵانیە
مێرخاسی شەرتی خۆی هەیە، هەرپووشێ کاریزما نیە

هەر کەس سمێڵی تیژترە پیشاندەری جەوهەر نیە
ڕۆژووی سیاسی پێدەوێ، هەر بەردێ زێڕی تیا نیە

تۆ! هەر ئەوینداری وڵاتانی لەخۆت بێگانە بی
نابیتە مەعشووقی گەلت خۆ گەلپەرەستی وا   نیە!

چاو کە لەسەر بەردی ڕەقی سووراوی ئەم شاخ وکەژە!
خوێنی شەهیدی میللەتە، بەو خوایە شوێنی پا  نیە

مەسکەو، عەماری نان نیە، هەر مەککە جێی قورعان نیە
غەیرەز وڵات و خاکی خۆت، هیچ شوێنێ ئۆتۆ پیا  نیە

شێری وڵات خۆت نەوێ، ڕێوی بییانی دەتگرێ
شیری مەمی دوژمن مژین، بەو خوایە کاری چانیە

غەوواسی بەحری تێگەیین سەر باڵی تەڕنابێ بەهیچ
چاوی نەزانین جوان بشۆی، هەر زەلکەیێ دەریا نییە

ئەو سۆزە وا سەوزەی لە سەر مەزرای دڵت بەرهەمیەتی
کینە و دزی و گۆڕان نیە، شیعر و نەی و گۆرانییە

پێت وایە ئاسۆ یەکشەوە وا بۆتە بێسانچی غەزەل؟
چل ساڵە ئاودێری وشەی هەورامی و سۆرانییە

#ئاسۆ
#سەقز   2     7    95   ئاسۆ
Forwarded from عکس نگار
🌺پێکی هەوەڵ🌺

چۆڵە بێ تۆ ماڵەکەم، کەی دێ و ئاوای کەیتەوە؟
هەر کەسێ گەر دەنگی پێی دێ دڵ دەڵێ حەتمەن ئەوە

ئەو شەوەی فەرموودەیە، واخیر و من الف شهر
هەر شەوی دیدارە بێ شک مام مەلا گیان داکەوە

ساقیا هەر ئەو یەکەم پێکەت  تەواو  هێناویەتی
تاکوو نوورین بێ کەلیمەم پێکێ دیکەش تێکەوە

تاوەکوو لێم دووری شادیش زیز بوە تۆراوە لێم
خێری سەت ڕۆژووی هەیە گەر بێ و ئاشتمان کەیتەوە

من بەعیشقی تۆ لەپیریدا جەوانیی خۆم دەکرد
مەستی بادەی عشقی تۆ بووم خۆم بەشا ناگۆڕیەوە

تا ئەوینی نیشتمان و تۆ چرای ڕێم بێ یەقین
بەر هەڵەستم نین لەڕێدا تۆف و بەند و بادەوە

ساڵەهایە چەشنی ون بوویێک لەهەر دەرکێ دەدەم
قەت خشەی یەک پێم نەبیست بۆم بێ لەئەو دیو دەرکەوە

چاوی من هەر ئاشنای ڕێی ئاشنایانی گەلە
چاوەڕێی هات و هەلە هەر بۆیە دایم بێ خەوە

ئەی ڕەقیب مردووت مرێ ئاسۆت چلۆن ناسیوە تۆ؟
میسرەعێکی بارتەقای چەند کۆپلە ئەشعاری نەوە

#ئاسۆ
#بۆکان  6   6   03
Forwarded from عکس نگار
🌷کێوەکان🌷


دار و بەردی  ئەم وڵاتەم   ئاشنان
کوانێ ئەو یارانە وا زۆریان نەمان

فارس ئەڵێ (ئەفسووس ) و کوردیش(داخەکەم)
عارەبیش بەزمانی قورعان (ئەلئە مان)

ئەم وڵاتە وەک بەهەشتە داخەکەم
خۆ بەهەشت قاچاخ کرا بۆ ( ئادەم)ان

یادی ئەو ڕۆژەی دەکەم (حەووا) کوتی
ئادەما! کوا سێوێ  بۆ هەردووکمان؟

من پەشیمان نیم لە ئەو دەر کردنە
خوا شوکور من کەوتمە خاکی کوردسان

من لە جەننەت خۆشترم دی  بێ درۆ
بۆ یەکەم جارم کەدی  کوێستانەکان

کێوی جوودی کەشتی نوحی نایەسەر
ئاگری و هەور و بەفر، ئێستا   بران

تەم لە سەر ئەو دوو چیایەی  نابڕێ
بۆ منیش هەر یاد و بیری یەک چیان*

خۆزگە وەک من عاشقی خاک بن هەموو
خوزگە وەک   من عاشقی ئەو  کێوە  بان

کێوە جێی پێی پێشوانی پێوەیە
کێوە یادگاری هەموو باپیرەکان

کێو نەبا غەم  دەبوە خەرمان بۆبەشەر
کێوە حاشارگەی هەموو دەردو خەمان

چۆن (بەهار)* باسی دەماوەندی دەکات
شیعری ئاسۆش بۆ چیای کورد ئا وەهان

#ئاسۆ
#بۆکان  باخچە 27   7    403

*چیای کوڕم لەوێ سەرباز بوو دووجار ئەو کێوەم دیوە
*ملک الشعرای بهار،،خاوەنی قەسیدەی شاکاری دماوندیە
Forwarded from عکس نگار


تاوەکوو مێژووی ئەوین یادێ لەکا مەجنوون بکا
سەیر نیە چاوێکی لەیلا، عاقڵیش مەفتوون بکا

تۆ خودا قەت قەت گەڵای پاییز بە زۆر مەڕژێننە خوار
لێی گەڕێن ڕۆژێ تریش، تەمرینی عاشق بوون بکا

حاکمێ گەر حوکمی کوشتن دەر بکا پێم قاتڵە
تۆ بڵێی خۆی زەڕڕێکیش پێڕەویی قانون بکا؟

لەم وڵاتە گەردنی زەردی کچان حاشار   ئەدەن
تا ژنی  حاکم  ملی پڕپڕ تەڵا و  ئاڵتوون بکا

- قامەتی ڕاستن  بەڕاستی بەحس و کرداریان هەیە
ناچەمن تا  ئاشی گەردوون ئەلفیان وەک نوون بکا

گۆلەکەی ورمێ بەئەو گشت چۆمەوە وشک هەڵگەڕا
عەیبە بۆ زەلکاو ئەگەر ئیشتیای لە دەریا چوون بکا

گوڵشەنی ناوێ ئەوەی ئاشق بە تاریکی و تەمە
وەک مەلی عیسا دەبێ هەر هات و چۆی نێو توون بکا

خۆی بەدەستی خۆی ئەسیری ئارەزووی پووچەو بەتاڵ
ناحەزە ئیشی حەواڵەی چەرخەکەی گەردوون بکا

ناخزێ ئاسۆ لەسەر  عەرز و سەهۆڵبەندانی زۆر
جا مەگەر قودرەت بەری پێی پڕ کەفی سابوون بکا

#ئاسۆ
#بۆکان    27    8    403
🖤🖤پرسە🖤🖤

کۆچی میرزایە وەرن ئەهلی قەڵەم
با بگێرین گەرمەشێنێ پێکەوە

کاکه هاوارە !وەرن هاوار بەرن
مامە هێمن خزمی تۆیە هەستەوە
                            ئاسۆ

کۆچی دوایی مامۆستای ڕۆمانی ڕۆژهەڵات
کاک فەتاحی ئەمیری تازیەباری کردین،
ڕۆحی بەبەهەشت شادبێ و ڕێڕەوانی قەڵەمی هەر زۆر و زیادبێ. ،،ئاسۆ،،
▪️◾️◼️یادی کاک فەتاحی  ئەمیری◼️◾️▪️

ئەگەر بادی خەزان ویستی شکۆی باغێکی بشکێنێ
لە پێشدا هێرشی غەم بۆگەلی ئەهلی قەڵەم دێنێ

بەڵی دونیای وشەو و شیعر و ڕۆمانیش باغە
ئەمما هەر
خەسارەتمەندە لەو باغە بەشەر دەرسێکی نەخوێنێ

بەڵام سەد داخ و سەد حەسرەت تەمەن زۆر کورتە، مەودا کەم!
هەتا ئەهلی قەڵەم ویستی نەمامێ تازە دابێنێ

تەمەن زوو دێتە کۆتایی و زەمانەش زاڵمەو وناساز
مەرگ دێت و هەموو ئاوات و ویستی لێ دەشێوێنێ

کەمەرگی مام هەژارو هێمن و هێدیم بەچاوان دی
ئەدی زانیم فەلەک قەت قەت وەفا بۆ ئێمە نانوێنێ

بەڵێنم دابوو هەرگیز خەم نەخۆم، شینگێڕ نەنووسم قەت
یەکەم ڕۆژی چلەی ئەوساڵ هەموویانم وەبیر دێنێ

دەسی بشکێ فەلەک وا کاک فەتاحی زۆر بەزوو ئەستاند
ئەمیری نێو قەڵەم جوانان لە ئەوڕۆ و پێرەکەو ودوێنێ

لە گەڵ زۆر نووسەرانی عەسری خۆم من تێکەڵم ئەمما
ئەگەر شیعرم وەفای تیا بێ فەتاح خان جوان دەلاوێنێ

بەڕاستی و پاکی و واژە و قەڵەم جوانی، ئەمن نەمدی
لەحاندی نووسەرانی ڕۆژ ئەگەر یەک زەڕڕە کەم بێنێ

بەحەق زۆری وەکوو من فرچکی چیڕۆکی بەو گرتوون
ئەوێستاش زۆر قوتابی لەو کلاسی نەسرە ئەخوێنێ

لە عەسری تاری شەودا ئەو ڕچەی نووسینی پەیداکرد
بەزیندووی خەوی هاواری بردە هەر کەژ و شوێنێ

بەئازادی نەبوو لاڵ بم زەمانی لاوەتی  ئێمە
بەپیریش یادی ئازادی دەکەین خۆ هەر سەبر دێنێ

وەرەو ئاسۆ لە سەبران لە سەرخێرانە هەر شادبە
سەراسەر عومری دیلیمان دەمێ ئازادی ناهێنێ

#ئاسۆ
 #بۆکان   1  10     403
🌺فەرهاد🌺

واژەکە فەرهادە، هی کام ڕیشەیە؟ لام جوانە هەر
چونکە شیرینی دەهێنێ، پێکەوەن ئەو دوانە  هەر

ئاخە شیڕینی بە تاڵیدا دەناسرێ، وایە  وا
تاڵ بنۆشی و گوفتی شیرین، کردەوەی مەستانە هەر

شیرن و فەرهاد نیزامی کردیە واژەی  عاشقی
حەقیەتی دایکی ئەویش لەم تۆرەمەی خۆمانە هەر

لابە گەورەم! لێم گەڕێ! کام واژە هی کام میللەتە
واژە هی هەر زارێ بێ خۆ خاوەنی ئینسانە هەر

ئاشقی ئینسان بە ئینسان خۆشترین عیشقە کەسم
چونکە حەتمەن تێکەڵی گۆشت ڕەگ  و ئێسقانە هەر

هەر کەلامێ گەر لەزاری شاعیرانمان هاتەدەر
خۆشەویستە چون شیعر میراتی باو پیرانە هەر

کۆن و نوێی دەرمانی دەردە، قەت لە یەکیان جیا مەکە
تەفرەقە هی وان نیە ئیشی سیاسەتوانە  هەر

یەکیەتی و یەک ویستنە گوفتار لە یەکتر بیستنە
باعیسی سەربەرزی خاکی پاکی کوردوستانە هەر

یەک کەون مەردی خودا بن ئاشقانی خاک و گەل
ئەم هەلەی هەڵکەوتوە قازانجی بۆ هەموانە هەر

ڕۆژ لە ئاسۆی کێوی ژۆژاوەوە هەڵهات، مەحشەرە
سووریەکەی شانسی نیە، خوێنی شەهیدستانە هەر

#ئاسۆ
#بۆکان   15بەفرانباری 403 هەتاوی
🔖 دەردە دڵ

چەندە سەختە دڵ ببێتە سیبلی تانەی خێش و یار
گوێچکە خنرابێ لەحاندی ناڵەناڵی  دەردە  دار

چەندەسەختە دژبەرت ڕەحمی بەتۆدا بێ و کەچی
دۆستەکانت ببنە دژ، فەرقی  نەبێ  شیعر و شیعار

ئاخە کام کافر بەزەی نایێ بەحاڵی  ئەو دەمەی
دەستەڵات و هەلپەرەست بەش بەش دەکەن ماڵی هەژار؟

شاعیری لەم عەسرەدا بۆتە تەڕاتێنی وشە
پاکی بۆ فیلم و کلیپ و شۆرەت وعانەو دەمار

ڕاستە ئەو شەخسەی ژیابۆگەل لەبیرناچێتەوە
ڕاستەهەر دوو گەز هومایین بەرگی دارا تا نەدار

بۆ دەبێ لەم خاکەدا هەر هەلپەرەستان شادمان
ببنە داشداری  گەلی بێدەستەڵاتی گوند وشار؟

سەر قەڵای وام دی، زەمانێ، قیبلەبوو بۆ ئاشقان
ئێستە ڕووخاوەو نەماوە و چۆتە لیستی ئاسەوار

جا چلۆن خۆش بێ دڵی من شاعیری یەک میللەتم
بەش کراوە خاکەکەی بەژومارە یەک دوو سێ چەوار

ناهومێد نابم بەهێزی چینی زەحمەتکێش قەسەم
داری زۆڵم و زۆر لەبن دێ،  نەبوە هەرگیز پایەدار

وا ڕەشەممەش هات و جەنگەی سێ شەشە ئەی بای شەماڵ
خۆت وەدەرخە! ڕای بماڵە، بەفری لاپاڵ و نسار

با بە پیریش بێ کەمێ سەیرانی کوێستانان بکەین
چەشنی جاران هەڵپەڕین شادان لە سەیری ئابشار

بەستەیێک و شیعری من دەنگی حەسەن دەنگداتەوە
ڕۆژ لە ئاسۆ دەر کەوێ لایبا ڕەشی شەوگاری تار

#ئاسۆ
#بۆکان   23   11  403
2025/02/18 03:27:05
Back to Top
HTML Embed Code: