Telegram Web
ڕێورەسمی ناساندن و تاوتوێی یەکەم بەرهەمی شێعری کاک کەماڵ ڕامووز بە نێوی "ئەو شێعرانەی ناخوێندرێنەوە"ڕۆژی  پێنج‌شەممە ١٤٠٣٫٨٫١٧ لە تالاری نەورۆزی نەغەدە بەڕێوەچوو.


لە دەسپێکی ئەم ڕێورەسمە مامۆستا خدر بەهرام‌بەیگی پەیامی ئەنجومەنی خوێندوە و ئاماژەیەکی بە چالاکییەکانی ئەنجومەنی لە هەشت‌ساڵی ڕابردوو و چالاکی و دڵسۆزی کاک کەماڵ ڕامووز دەو ساڵانەدا کرد.

یەکەم وتاربێژی ئەم ڕێورەسمە‌ خاتوو لەیلا بەهرام‌بەیگی (لاولاو) بوو کە ئاوڕێکی موسیقایی بۆ ئەو بەرهەمە‌شێعرییە داوە؛ بە وردبوونەوە لەم کۆمەڵەشێعرە، جۆرەکانی موسیقی لەم شێوازە شێعرییە دۆزیبۆوە. هەروەها بە ئاماژە بە بیروبۆچوونی ڕەخنەگرانی وەک ڕزا بەراهەنی بۆ نووسینی شێعری دڕێژی نوێ، حەولی دابوو شوێن‌پێی ئەو فاکتەرانەی کە بۆ نووسینی ئەم جۆرە شێعرە پێویستە لە شێعرەکانی کاک کەماڵی بدۆزێتەوە.

پاشان بەشی یەکەمی دیکلەمەی شێعر لە لایەن شاعیر بە هاوکاری لاوانی گرووپی هایلۆ بەڕێوە چوو و هەروەها دەخزمەت بەڕێزانی گرووپی موسیقا دابووین و بە بەرهەمە جوانەکانیان شەکەتی بەشدارانیان تاراند.

کاک مستەفا ئیلخانیزادە لەو بەشەی‌ بەرنامە چۆ پشت ترەیبوونی و دەست‌خۆشی لە زەحمەتەکانی ئەنجومەنی ئەدەبیی باران و بە تایبەت بەردەوام‌بوونی خولەکانی کاک خدری کرد و نەغەدەی وەکوو مەوتەنی دووهەمی خۆی زانی و هەر وەها بەڕێزیان دووسەد جڵدی کتێبی منداڵ و مێرمنداڵان لەلایەن ئەنجومەنی نووسەرانی منداڵ و مێرمنداڵی ئێران پێشکەشی ئەنجومەن کرد.

وتاربێژی دووهەم کاک یاقووب خزری، دە پێش‌دا ڕەخنەیەکی لە جیهانی ڕەخنەی کوردی گرت کە کەمتر ئاوڕی زانستیمان وە دەقەکانی ئەدەبی کوردی داوەتەوە. پاشان حەولی دا دە چوارچێوەی شیکاری دەروون‌ناسانەدا بڕوانێتە شێعری کوردی بە گشتی و بەتایبەت ئەم ئەزموونەشێعریەی کە لەم کۆمەڵەشێعرە‌دا خوڵقابوو.


ئەم بەشەی ڕێورەسمەکەش تەرخان کرا بە ڕێزگرتن و پێشکەش کردنی ڕێزنامە و تەندیسی ئەنجومەن بۆ هەندێک لە بەڕێزانی زەحمەت‌کێشی بەرنامە و پێشکەش کردنی بڕوانامە بۆ هەندێک لە قوتابیانی خولەکانی فێرکاری ڕێنووس.

بە بەشی دووهەمی خوێندنەوەی شێعر-کە تایبەت بوو بەو شێعرانەی کە دەو دیوانەشێعرەی‌دا چاپ نەکرابوون- و موسیقا و پەزیرایی کۆتایی بە ڕێورەسمەکە هات.

وێڕای پیرۆزبایی لە شاعیری هێژا و بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبی بۆ چاپی یەکەم بەرهەمی شێعرییان، دەست‌خۆشی لە تەواوی زەحمەت‌کێشان و بەڕێوبەران و ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی دەکەین کە ئەو ڕێورەسمە ڕازاوەیان پێک هێنا.

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
دانیشتنی ئەنجومەنی ئەدەبیی باران

بەشی فۆلکلۆر، بەڕێوبەر کاک مەسعوود فازلی

بابەت: شڕۆڤەی بەیتی لاس و خەزاڵ، دانیشتنی یەکەم، ۱٦ی خەزەڵوەر

@Baran_naghadeh
Forwarded from عکس نگار
بەرنامەی چوارشەممۆ ۱٦ی خەزەڵوەر و چوارشەممۆ ۲۳ی خەزەڵوەر تایبەت بە شڕۆڤەی بەیتی لاس و خەزاڵ بوو.

لەو دوو کۆڕەدا دەپێشدا باسێک لە پێشینەی بۆچوونەکانی م. هێمن و یای گوڵاڵە کەمانگەر و کاک کەیوانی فەهیمی کرا؛ ئەو سێ بەڕێزە هەر کەسەی لە دەلاقەیەکەوە بۆچوونی خۆی لە سەر ئەو بەیتە دەربڕیوە. م. هێمن پێی وایە ئەو بەیتە پەیوەندی هەیە دەگەڵ ئەو سەردەمەی کە دەسەڵاتی خێڵ زۆرتر بە دەست ژنەوە بووە؛ یای کەمانگەر لە نەخش و کارتێکەری ئوستوورەکان لە ناو بەیتدا دەکۆڵێتەوە و پێی وایە کوشتنی شێر و گوورانی لاس لە سەر پشتی شێر و زۆر ڕووداوی دیکەی ناو بەیت پەیووەندی بە ئوستوورە کۆنەکان و نەخشی ئەوانەوە هەیە؛ کاک کەیوان زۆر بەربڵاوتر لە دەقەکانی ئەو بەیتە دەڕوانێ و دەقی بەیتەکانی موکریان و هەولێر پێکەوە هەڵدەسەنگێنێ و نەخشی سەرمەشقە دێرینەکان(کهن الگو) لە سەر ئەو بەیتە لێک دەداتەوە و پێی وایە ماکی سەرەکی ئەو چیرۆکە لە نەستی کۆمەڵگادا بوونی هەبووە کە دوایە ئەو چیرۆکەی لێی خوڵقاوە...

لە درێژەدا کاک مەسعوودی فازلی وردتر لە وێژمانی ناو بەیتی کۆڵییەوەو و ڕەنگدانەوەی گوتارێکی باڵادەستی کاراکتێرە ژنەکانی لە ناو بەیتدا هێنایە ئاراوە؛ وەکوو ئەو دە ساڵەی کە شەمێ ئەحمەد ئاغای چاوەڕوانی وڵامی "ئا" و "نا"ی مێرد پێکردن ڕادەگرێ و چەند نموونەی تری هاوشێوەی ئەو نموونەیە لە لایان خەزاڵەوەش کە باڵادەستی ژن لە کردەوە و گوتار دە ناو بەیتدا پێشان دەدات. لە بەشێکی تردا باسی خۆهەڵوەشاندنەوە و خۆسازکردنەوەیەکی سەر لە نوێی لاس، بۆ پێک گەیشتن بە خەزاڵی کرا کە دڵخوازانەیە و بە شێوەیەکی دەروونی دەیبڕێ.
لاس بە پێچەوانەی بۆ چوونی مامۆستا هێمن نەک ناپیاوی لە حەق خانزادی ناکا، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوەخو لە بەرامبەر نەریتێکی ناحەز و ناپەسەندی کۆمەڵگا دەوێستێ و ڕەتی دەکاتەوە و بە دووی حەز و دڵداری بە پێی تەمای دڵ و ئاوزی خۆی دەکەوێ و لێرەدا پاشگری "شۆڕ" پڕ بە پێستی لاسە...

لە کۆتاییدا ڕەخنە و تێبینی شیاو و جێی سرنج لە لایان ئەندامانی ئەنجومەن هاتە ئاراوە.


Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
Forwarded from عکس نگار
دانیشتنی بەشی شێعر ڕێکەوتی ۳۰ی خەزەڵوەری ۱۴۰۳ی هەتاوی بەڕێوەچوو.

ئەم کۆڕە لە دوو بەش پێک هات:
لەبەشی یەکەم ڕەئیسی ئیدارەی ئیڕشادی نەغەدە بە بۆنەی حەوتووی کتێب میوانی دانیشتنی ئەنجومەن بوو. بۆ دەسپێک بەرپرسی ئەنجومەن بەخێرهێنانی بەرپرسانی ئیدارەی ئیڕشاد و ئەندامانی ئەنجومەنی کرد و پاشان ئەندازیار ئەمیرئابادی، بە نوێنەرایەتی ئەندامانی ئەنجومەن هەندێک باسی هێنا ئاراوە کە سەردێڕەکەیان ئەمانە بوون:
-گرینگی چالاکی کەلتووری و ئەدەبیی لەم شارە 
-پێویستی ئاسانکاری ناوەندەکانی کاربەدەستی شار بۆ بەڕێوەچوونی ڕێورەسمەکان
-ئاماژە بە کەم‌وکۆڕییەکانی دیکە وەکوو شوێنێک بۆ ئەنجومەن و پاڵپشتی زۆرتر لە ئەنجومەنێک کە دە نۆهەمین ساڵی چالاکی خۆی دایە و دەو ساڵانەدا و دەو بارودۆخە نەگونجاوەدا هەر بەردەوام بووە و کاری کردووە و خەریکی خزمەت بووە...

لەدڕێژەی ئەم بەشەی دانیشتنەکەدا ئاغای عەباسنیژاد وڵامی بابەتەکانی ورووژاوی داوە و ئاماژەی پێکرد کە بە وردی ئاگای لە چالاکییەکانی ئەنجومەن هەیه و هەر وەها ڕایگەیاند بەشێک لەو گرفتانە پەیوەندی بە بارودۆخی داسەپاو بە سەر شاردا هەیە... بەڵێنیشی دا کە تا ئەو جێیەی لەدەستیان بێ حەول دەدەن ئاسانکاری بۆ کاروباری ئەنجومەن بکەن.
دە کۆتاییدا ئاماژەی بە هەندێک دەرفەتی ڕەخساو وەکوو بیمەی هونەرمەندان و ... کرد. هەر وەها بە بۆنەی حەوتووی کتێب لە لایەن ئیدارەی ئیڕشاد، بە نوێنەرایەتی ڕێزنامە پێشکەش بە دوو نەفەر لە پێشکسوەتان و دوو نەفەر لە لاوانی چالاک و بەرپرسی ئەنجومەن کرا.


بەشی دووهەمی ئەم دانیشتنە لە لایەن بەڕێوبەری بەشی شێعر بەڕێوە چوو و ئەو بەڕێزانە شێعریان خوێندەوە و کۆڕەکەیان ڕازاندەوە:
کاک ئێسماعیلی مووسازادە سێ شێعر، کاک سەعدی عەباسی دوو شێعر و کاک واحید حاجی‌ئەحمەدی بە خوێندنەوەی شێعرێک



Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
شەوی چوارشەممە ۹ی خەزەڵوەری ۱۴۰۳ی هەتاوی دانیشتنێکی‌تر لە زنجیرە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی ئەدەبیی باران‌ی نەغەدە بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنی ئەم جارەی ئەدەبیی منداڵان کە خاتوو "لاولاو"( لەیلا بەهرام‌بەگی) بە شێوەی سەر هێل بەڕێوەی برد، باس و بابەتێکی زانستی لەمەر ئەدەبیاتی منداڵان و مێرمنداڵان هاتە گۆڕێ. دوای پێناسەیەکی گشتی لە مەر ئەم ئەدەبە تایبەتە، بەهرام‌بەگی کە پێشتر ڕۆمانی "ئێدسۆن‌ئارانتێس دوناسیمنتۆ و کەروێشکە هیمالیاییەکەی" لە نووسراوەی جەمشید خانیان ناساندبوو، کتێبەکەی لە ڕوانگەی خوێنەری شاراوەی "چێمبرز"ەوە باس کرد و شەش تایبەتمەندی ئەم نەزەریەیەی لە کتێبەکەدا دۆزییەوە و هێنایە بەرباس.
لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا لەسەر ویستی دۆستانی ئەنجومەنی ئەدەبیی بارانی شاری نەغەدە، چەند کتێبی چەمک‌تەوەر و کایەکتێبی بۆ گرووپەکانی ئەلف و بێ ناساند و ئاماژەی بە تایبەتمەندی ئەم جۆرە کتێبانە کرد.

کۆڕەکە بە وڵامدانەوەی پرسیاری بەشداربووان لە لایەن خاتوو لاولاوەوە کۆتایی پێ هات.

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
دانیشتنی ئەنجومەنی ئەدەبیی باران ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١٤٠٣٫٩٫٧)

ئەم دانیشتنە کە تایبەت بوو بە بەشی چیرۆک بە خوێندنەوەی کورتەچیرۆکی "در ساحل" نووسراوەی "کریستینا پری ڕوسی" نوسەری ئوڕۆگویەیی دەستی پێکرد. دوای خوێندنەوەی چیرۆکەکە هاوڕێیانی بەشدار ڕا و بۆچوونی خۆیان لەسەر شێوازی نووسین؛ سەمبولەکانی بەکار هێنراو و مەبەست و ئامانجی نووسەر لە نووسینی ئەو چیرۆکە ئاراستە کرد.
کاک مەسعوود فازڵی بە وردی باسی خۆی لەسەر نزیک بوونی کەلتووری وڵاتانی ئامریکای باشوور لە پێشینە و  شێوازی بیرکردنەوە و ئەفسانە و ئوستوورە کولتووری میلەتی کورد کرد. هەروەها کوتی کە ئەدەبیاتی کورد دەبێت زیاتر بایەخ بە کورتە چیرۆک بدات...

@Baran_naghadeh
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
ڕاپۆرتی کاناڵی سپێدە و کاک ئیدریسی ئیبراهیم‌نژاد لە کۆڕی ۱۷ی خەزەڵوەری ئەنجومەنی ئەدەبیی باران‌ی نەغەدە

(پەردەلادان لە سەر کتێبی نووسەرێکی کوردی نەغەدەیی

ئەم ڕێورەسمە لە تەلاری نەورۆز بەڕێوەچوو کە تێیدا کۆمەڵێک لە نووسەران و شاعیرانی شارەکانی موکریانیش بەشداری ئەم مەڕاسمە بوون...)

@Baran_naghadeh
Forwarded from عکس نگار
دانیشتنی ئەنجومەنی ئەدەبیی باران ڕێکەوتی ۱۴ی سەرماوەزی ۲۷۲۴

ئەم دانیشتنە کە تایبەت بوو بە بەشی ڕەخنەی ئەدەبی  و لە ژێر ناوی
″ غەزەل، وەک ڕەهەندێک بۆ ناساندنی شاعیرانی چالاکی سەردەم، لە دەوروبەری خۆمان″
بە پێشەکییەک سەبارەت بە ″غەزەلی ئەوڕۆیی″
لەلایەن کاک سەعدی عەباسییەوە دەستی پێکرد و خۆی بابەتەکە بوو بە هۆی لێدوان و دەربڕینی بیروڕای ئامادەبووان سەبارەت بە غەزەل؛ لە درێژەدا بە خوێندنەی چەند غەزەلێک لە شاعیران

مەلا ئەنوەر ڕەستگار(هەڵگورد پەسوێ)
سەلاح کوردی
خالید سولەیمانی ئازەر(ئەویندار)
ئەیووب ئەحمەدی(تینوو)
عەبدوڵڵا گولابی(هونەر)
لەیلا بەهرام بەگی(لاولاو)
نموونە غەزەلێک لە مامۆستا ڕاوچی
نموونە غەزەلێکی فارسی لە زانیار موحەممەدپوور وەک پێناسەی غەزەلی ئەوڕۆیی؛ هەندێک تاوتوێی زمانی و هزری و ئەدەبی لە لایەن بەڕێوبەر و ئامادەبووان بابەتەکە زیاتر شەن‌وکەو کرا...

جێگەی ئاماژەیە کە هەرکام لە شێعرەکان دەراوێکی هەراوی بۆ باس لەسەر کردن و تاوتوێکردن لەلای دۆستان دەکردەوە.
هەروها هاوڕێیان "ئیسماعیل مووسازادە و سەعدی عەباسی" هەر کام بە خوێندنەوەی غەزەلێک لە خۆیان کۆتاییان بە دانیشتنەکە دا و لەلایەن بەڕێز کەماڵ ڕامووز بەڕێوبەری بەشی ڕەخنەی ئەدەبی، مزگێنی بەردەوامی باسەکە لە دانیشتنەکانی دواتری ئەم بەشە، درا...

Baran Literary Society
@Baran_Naghadeh
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
شێعر: نیشتمان
شاعیر: ئیسماعیل مووسازادە
دیکلەمە: هێمن حاجی‌عەباسی
تار: مەتین هاشمیان
شوێن: تالاری نەورۆزی نەغەدە، ڕێورەسمی ڕوونوێنی لە کتێبی کاک کەماڵ ڕامووز، ١٤٠٣٫٨٫١۷
دانیشتنی ئەنجومەنی ئەدەبیی باران بەشی چیرۆک
ڕێکەوتی ١٤٠٣٫٩٫٢١
بەڕێوبەر: ئەندازیار ئەمیرئابادی

بابەتەکان
بەشی یەک: خوێندنەوە چیرۆکی "ڕەئیس ڕەمەزانەکان"ی د. فەرهاد پیرباڵ

بەشی دوو: خوێندنەوەی بەشێک لە وتاری گێڕانەوەناسی د. هاشم ئەحمەدزادە

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
سەردانی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی باران‌ی نەغەدە بۆ لای هاوڕێی بەڕێزمان کاک ئیدریس ئیبڕاهیم‌نیژاد.

دانیشتنی ئەو حەوتوویەمان تەرخان کرد بە سەردانی بەڕێزیان و ئاواتی لەش ساغیمان بۆ خواست و شوکور ڕوحییەکی زۆر باشی هەبوو...

پیرانشار، ۲۷ی سەرماوەزی ۱٤۰۳ی هەتاوی

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
سەردانی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی باران‌ی نەغەدە بۆ لای هاوڕێی بەڕێزمان کاک ئیدریس ئیبڕاهیم‌نیژاد.

دانیشتنی ئەو حەوتوویەمان تەرخان کرد بە سەردانی بەڕێزیان و ئاواتی لەش ساغیمان بۆ خواست و شوکور ڕوحییەکی زۆر باشی هەبوو...

پیرانشار، ۲۷ی سەرماوەزی ۱٤۰۳ی هەتاوی

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە

مامۆستا فەتاح ئەمیری

بلیمەتەکەی ڕۆمانی کوردی؛ خوڵقێنەری هاوارەبەرە و باوکی میرزای سوارچاک و مەرد و ڕەندەکەی موکریان، ئێمەی لە ناو گێژەڵووکەی دنیای ئەورۆکە و بە کۆڵێک خەم و خەیاڵەوە بەجێ‌هێشت و بۆ هەمیشە ناوی بەڕێزیان وکوو زیندەخەوێک لە ناخی هەموو خوێنەران و بەردەنگانی نەخشێندراوە.
ئەو کەسەی هەر لە سەردەمی سروەوە تا هەنوکەش پێنووسەکەی بە ئەرکەوە گەڕا و تاک بە تاکی وشەکانی، دێڕ بە دێڕی نووسینەکانی هەڵقوڵاو لە ناخێکی تەواو کوردانە و هەستێکی بەرپرسیار لەسەر زمانی دایکی بوو.

ڕوحت شاد، یادت هەرمان، ڕێگات پڕ ڕێبوار بێ.

دەستەی بەڕێوبەرانی ئەنجومەنی ئەدەبی باران‌ی نەغەدە
۲ی بەفرانباری ۲۷۲۴ی کوردی

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
"بیرەوەری"

بەشی یەکەم

لە بیرمە هاوینی ساڵی ۹۸ لە تاران خوێندکار بووم، بەهۆی ڕاهێنانی ڕاستەوخۆ کە ئەبوایە حەتمین ئەو هاوین تەواوم کردبا نەمتوانی ئەو هاوینە بگەڕێمەوە شاری خۆمان -نەغەدە - و لە هاوڕێیانم دابڕیم و مامەوە.
هەموو رۆژێ بە خەواڵوویی بە پاس و مێترۆ دەگەیشتمە زانکۆ و بە هیلاکی دەگەڕامەوە. گەرما، پیسی کەش و هەوا، قەرەباڵغی، دەنگەدەنگی ماشێن و ماتۆڕ و هەراوهوریای شار و تەنیامانەوەم و کوردی قسە نەکردنم تەواو شەکەتی کردبووم.
زۆر جاران "هۆی نارێ نارێ"ی هومەر دزەیی و یان "شەوانە ئەو دەمانەی شەو"ی حەسەن دەرزی دەبوو میوانی مێشک و گوێم.
جاری وابوو بە پیاسەی لە ناو کتێب و کتێبفرۆشەکانی گۆڕەپانی ئینقلاب تێکەڵاوی مارکسیسم و سادقی هیدایەت و سەد ساڵ تەنیایی دەبووم و چاوم پێدەخشاندن و تێپەڕ دەبووم بەڵام هیچکامیان وەڕەزی منی نەدەشکاند. هەندێ جاریش دەچوومە لای بەڕێز تەوەکوولی یەک دوو کتێبی کوردیم دەکڕین و هەندێک بە کوردی دەدواین و مالئاواییمان لێک دەکرد.
لەو بەینە چاپەمەنییەک پێوەندی پێوە گرتم و دوای چاک و چۆنی و پرسی حاڵی یەک، داوای دیزاینی ڕووبەرگێک بۆ ڕۆمانێکی کوردی لێ کردم. لەسەر خوو و پیشەی هەمیشەیی وتم باشە وردەکارییەکانی بنێرن تا هەندێکی بیر لێ بکەمەوە و دەست بە دیزاینی بکەم.

پەیام هات:
ناوی کتێب: زیندەخەو
نووسەر: فەتاح ئەمیری

چەند ڕۆژێک تێپەڕی.
دەنگی زەنگی گوشێکەم هات.
چیت کرد لەگەڵ ڕووبەرگەکە؟
جا چم کردبا؟ نە دەمزانی نووسەر کێیە نە دەمزانی زیندەخەو چ جۆر ڕۆمانێکە نە دەمزانی مژار و تایبەتمەندییەکانی چییە و لەسەر چی نووسراوە.
تەنیا وتبووی باسی دیل و ئەسیر و کورد و شتی وایە. دەی خۆ درێژایی مێژووی کورد هەر ئەوەیە چ شتێکی نوێی بۆ وەبینم.
زۆرم مێشک هەڵکووشی بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتم.
دیسان پەیام هات ئەرێ کاک واحید چیت کرد؟
چیم وڵام داباوە وەڵا ئاوا دیزاین ناکرێ.
ئاخیری داوام کرد ئەگەر بکرێ بیست لاپەڕەی دەسپێکی ڕۆمانەکەم بۆ بنێرن هەندێک وردە کاریم دەست کەون لەسەر چۆنیەتی زیندەخەو.
فایلەکە هات.
تەواوی کتێبی زیندە خەو بوو.
وەکوو ئەمانەتێک کە تەنیا چەند لاپەڕەیەک بخوێنمەوە و دیزاینی بکەم.
کردمەوە ۲۹۰ لاپەڕە.
ئەی خودا لەو شەکەتییە ئەوە چبو هات خۆ مێشکم قفل و قەپاتە. ماندوو، هیلاک هەموو ڕۆژێ زانکۆ هەموو ڕۆژێ هەرا و هوریا وەڵڵاهی بێگاری گەلێک خۆشترە لە دیزاینە دەو بارودۆخەدا.
چەند ڕۆژێک نەموێرا خۆی لێدەم.
زەنگ لەسەر زەنگ پەیام لەدوای پەیام، ئەرێ چبوو؟
پەلە هەلەیان بوو بۆ پێشانگای کتێبی سنە ئامادە بێ و بەرهەمێکی تری فەتاح ئەمیری بخرێتە دەست خوێنەر.
منی نەزانی نەخوێندەواریش نە فەتاح ئەمیریم دەناسی و نە دەمزانی چەندها کەس دوای چەند ساڵێک تامەزرۆی بەرهەمێکی نوێ لە وینە.
هێوارەیەک کاتی گەڕانەوە لە زانکۆ لە ناو مێترۆ بووم هەندێک چۆل بوو. کوتم با فایلەکە وەکەم بزانم چییە؟ "زیندەخەو"
پێشکەش بە: گەلی مەزڵوومی کورد.
ئەوە دەسپێکی زیندەخەو بوو.
وەک هەمیشە دیتنی وشەی مەزڵوومی کورد هەندێک وەخۆی هێنام. نا دیارە کاک فەتاحیش خەمخۆری گەلی کوردە.

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
بەشی دووهەم

هەرچۆنێک بێ چەند لاپەڕەم خوێندەوە.
چەند ڕۆژێک بەو شێوە تێپەڕی، هێواران لە کاتی گەڕانەوە لە زانکۆ فریای خوێندنی دەکەوتم.
ڕۆژ بە ڕۆژ خوشتر و سەرنجراکێشتر دەبوو.
وردەوردە وەڕەزیم پێی دەشکا. هەر کات دەگەیشتمەوە گۆڕەپانی ئینقلاب لە خودام بوو کورسیەکم دەسکەوێ دانیشم و ژیانی ئازاد بەرمە پێشێ.
ڕۆژ بە ڕۆژ خۆشتر و بە تام و چێژ تر. شەوانە پێش خەوتنم بیرم لای ئازاد بوو.
بەیانیان کاتی چونیش هەر دەمخوێندەوە.
کاتی وانەکانیش هەر دەمخوێندەوە. وای لێ هات نیوەی زیاتری کتێبەکەم بە ڕۆژێک و دانێک تەواو کرد.
وای چ خۆش بوو. ئەو قەڵەمە وە کەسێک ناچێ یەکەم نووسینی بێ. بڵەی بەرهەمی تری هەبێ؟
بەڵێ "میرزا" و "هاوارە بەرە".
بەڵام کوا دەرفەت بۆ خوێندنەوەی ئەوانەش.
ئەرێ چبوو هەر تەواو نەبوو ئەو ڕووبەرگە؟
خوایە چ ئەرکێکم کەوتە سەرشانی؟
جا چلۆن دڵم دێت بەرهەمێکی ئاوا ناوازە کارێکی بازاڕی بۆ بکەم؟
چۆن لە ڕووم هەڵدێ بڵێم شتێکی وا لە توانای من دا هەر نییە؟
بڵەی بۆم جێبەجێ بێ؟
زۆرم هێناوبرد بەڕاستی پێویستم بوو لەگەڵ خودی مامۆستا قسە بکەم. بە خۆشحاڵییەوە شانازیی وەم  پێ بەخشرا و چەند جارێک بە یەکەوە لەسەر ئەو کارە دواین و زۆرم شانازی بە خۆمەوە دەکرد لەگەڵ کەسایەتێکی ئاوا قسەم کردووە و وەها ئەرکێکم پێ بەخشراوە.
بیر و هزرم ببو تەرحی زیندەخەو.
لە کۆتایی بەو ئاکامە گەیشتم ئازاد وەکوو هەر کوڕە کوردێک لە سێ شوێن گیرۆدەیە: بەندیخانە، ئەوینی نیشتمان و ئەوینی کیژۆلەیەک. وابوو تەرحی سیمێکی خاردار بە سێ خارەوە وەکوو دڵێکم دەرهێنا و دوای ڕا و بۆچوون و تەکبیر بە پەسەندی هەرسێمان واتە مامۆستا و دەزگای چاپ و خۆم گەیشت.
زیندەخەو چاپ کرا. زۆری پێ گەشامەوە.
دوای تەواو بوونی پێشانگای کتێب، مزگێنی ئەوەم پێ درا کتێبی زیندەخەو پڕفرۆشترین کتێبی پێشانگای ئەوێ ساڵێ بوو...

(جێی ئاماژەیە دواتر بە هەندێک هۆکار تەرحەکە گۆردرا و چیتر دیزاینی من لەسەر زیندە خەو نەما.)

یاد و ناوت هەتاهەتایی مامۆستای خۆشەویست. کۆچی ناوادەت زۆر زوو بوو. زۆر کاراکتێر و زۆر کەسایتی تری کورد پێویستیان بە پێنووسی ئێوە بوو بخوڵقێن و لە دونیای ڕۆمانی کوردی سەربڵیندانە بژین و بە فەخرەوە بڵێن مناڵی فەتاحی ئەمیرین.

۳ی بەفرانباری ۲۷۲۴ی کوردی_نەغەدە
واحید فەتاحی

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
Forwarded from لاولاو (لاولاو)
Media is too big
VIEW IN TELEGRAM
کۆڕی پەردەلادان لەسەر کتێبی "ئەو شێعرانەی ناخوێندرێنەوە"، بەرهەمی شاعیری هاوچاخ، کەماڵ ڕامووز
نەغەدە ۱۷ی خەزەڵوەری ۱۴۰۳
وتاربێژ: لەیلا بەهرام‌بەگی "لاولاو"

https://www.tgoop.com/lawlaw1400

@Baran_naghadeh
دانیشتنی بەشی چیرۆک بە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازیار ئەمیرئابادی ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار بەڕیوەچوو.

سەرەتای دانیشتنی ئەمجارەمان بە یادکردنەوە و بەرزنرخاندنی چەند دەیە حەول و تێکۆشانی کاک فەتاح ئەمیری، نووسەری ناسراوی کورد، دەست پێکرا.

کتێبی لەرزانەی کاک شۆڕش مەحموودی، گۆرانیبێژ و بەیتبێژ، لە لایەن ئەندازیار ئەمیر ئابادی ناسێندرا.

لە دڕێژەدا بەشی یەکەمی چیرۆکی کاک واحید حاجی ئەحمەدی خوێندراوە و کەوتە بەر ڕەخنەو خوێندنەوەی بەشدار بووان.

لە کۆتاییدا بەشێک لە وتاری گێڕانەوە ناسی د.هاشم ئەحمەدزادە لەلایەن ئەندازیار ئەمیرئابادی خوێندرایەوە.


Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
Forwarded from عکس نگار
‍ دانیشتنی بەشی شێعری ئەنجومەنی ئەدەبیی باران‌ی نەغەدە
ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٤ی کوردی، ١٤٠٣٫١٠٫١٢

لەو دانیشتنەدا کە لەسەر کتێبی "ئەو شیعرانەی ناخۆیندرێنەوە" یەکەم بەرهەمی شێعری کاک کەماڵی ڕامووز شاعیری نەغەدەیی بەڕێوە چوو.

دە پێشدا لە لایەن بەڕێز کاک مەسعوود فازلی وتارێک پێشکەشی بەشداربووان کرا.
نووسەری وتار، دوو دەقی شێعری کوردی و فارسی کتێبەکەی بۆ شڕۆڤە و لێکدانەوە هەڵبژاردبوو؛ بە ناوەکانی (پاوانی تەنیایی) و (چە دوزخها که نمی آفریند). شێوەی لێکدانەوە بە پێی بۆچوونەکانی "ڕیفاتێر" و دە کار کردنی کاربەستی ئەو لە سەر شێعر بوو. بە پێی ئەو کاربەستە لە بەرەوە نیشانە شێعرییەکان لە ڕوانگەی خوێنەرەوە دیاری کران، بە پێی دوو چەمکی کەڵەکە (انباشت) و "مەنزوومەی وەسفی". ئەو وشانەی کە لە باری ماناییەوە نیزیکایەتییان هەبوو هەڵبژێردران. لە شێعری (چه دوزخها که نمی آفریند) دە ناو دوو گەورە مەنزوومەدا دەستەبەندی کران کە لە یەکیان دا نیشانەکان لە دەورەی نیشانەی ناوەکی(هستەای) "دۆزخ" کۆ کرانەوە و لە مەنزوومەکەی تردا لە دەورەی نیشانەی ناوەکی "مێهر" کۆ دەکرانەوە. بە ساغ کردنەوەی ئەو دوو گەورە مەنزوومەیە لە شێعردا، لە مانا ڕا بەرەو دەلالەتەکانی شێعری چووین و لە خوێندنەوەی دۆزێنەرانەوە(اکتشافی)، بەرەو خوێندنەوەی چاو لە دوایە(پس نگر) کە خوێندنەوەیەکی قووڵتر و وردتر بوو هەنگاومان هەڵێنا. بە کورتی شاعیر بە ساز کردنی دوو جیهانی تەواو جیاواز  لە شێعری خۆیدا، و بە پێک ڕاگرتنی ئەو دوو جیهانە، بانگ هێشتن بۆ وتووێژی پڕ لە مێهر دەکا...

پاشان بەشداربووان ڕا و بۆچوونی خۆیان ئاڕاستە کرد و هەر کام لە ڕوانگەی خۆی ئاوڕیان وە کۆمەڵەشێعرەکە داوە. کاک کەماڵ چەن خولەکێک لەسەر ئەزموونی شاعیری خۆی دوا و لەسەر داوای دۆستان چەن شێعری خوێندەوە.
 
لە بەشی کۆتایی لەلایان کاک ئیسماعیل مووسازادە و کاک ئارام پوردڵ و کاک ئەردەڵان دێرمینا چەند شێعر خوێندرایەوە.

Baran Literary Society
@Baran_naghadeh
بیرەوەری ئەو ڕۆژەی گەڕامەوە بۆ ئەنجومەنی ئەدەبی نەغەدە
چەند مانگێک دەبوو گەڕابووینەوە نەغەدە، دوور و نیزیک ئاگام لە بارودۆخی دۆستانی ئەدەبی هەبوو کە لە نەغەدە تێکۆشانیان هەبوو، ئەوەندەشم دەزانی ئێستا چەند کەسیان هەر وەکوو خۆم بۆ شارەکانی تر کۆچیان کردبوو و چەند کەسیشیان ئاوارەی وڵاتانی دیکە و هەندەران ببوون،بێ ئەنجومەنی ئەدەبی گوزەرانێکی ناخۆشم هەبوو، نەشمدەکرد بپرسم و بزانم دواین تێکۆشانی ئەدەبی لە شارەکەم بە چ چارەنووسێک گەیشت، هەرچی بوو هەستم دەکرد هیچ جم و جۆڵێک نەماوە و کەوتومەتە وڵاتێکی قاقڕ و بێ شیناوەرد.
ڕۆژێک دانیشتم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم لێک داوە و سەنگ و سووژنم کردن، بە خۆم دەکوت کوڕە خۆ هەروا نابێ، دەبێ شوێنێک هەر هەبێ، دەبێ چەند کەسێک هەر مابن ئەو ئەرکە  قورسەیان لە سەر شان دانابێ، لە پەیجێکدا نێوی ئەنجومەنی ئەدەبی بارانم بۆ یەکەمجار بیست، نووسرابوو کاتی بەڕێوە چوون: ڕۆژانی چوارشەممۆ، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی، کاتژمێر هەشتی ئێوارێ.
ئەگەر لە بیرم مابێ ساعەت هەشت بەرنامەکە دەستی پێدەکرد، خۆشییەکی زۆر لە دەروونم گەڕا، دەی کە وابێ ترووسکەیەکی هیوا دەتوانم بەدی بکەم،  ڕۆژی گۆرین زۆر زوو وەڕێکەوتم بەرەو شوێنی دانیشتنەکە، لە نێوان ماڵی ئێمە و شوێنی ئەنجومەن، چیترم نەدەدی، چرایەکی پڕشەنگدار لە دوور ڕا دەترووسکاوە و چاوی لێ دادەگرتم. چارەگێک زووتر گەیشتمێ، ئێستا پێم سەیرە ئەو وەختە دەرگا بۆ ئاواڵە بوو، چوومە ژووری ئیڕشاد، دەرگای ساڵۆنم کردەوە، وڵاتێکی چۆل و هۆل و تاریک، زۆر چاوم گێڕا، دۆستانی باران بەدی بکەم نەمدیتنەوە، لە کۆتاییدا  تووشی کەسێک بووم کوتی لە مێژە لێرە جەلەسە بەڕێوە نابەن و دەبێ بچییەوە گەڕەکی کوردان، نازانم ئێستا زەنگی دۆستانم چۆن دیتەوە و نێو و نیشانیم لێ وەرگرتن، خۆم دە تاکسییەکی هاویشت و تکام لێ کرد بەپەلە بمبا بۆ شوێنی ئەنجوومەن.
ئێستا دوای ماوەی سێ ساڵان، زۆر جار کاتێک لە ئەنجومەنی ئەدەبی دادەنیشم و هەول و تێکۆشانی دۆستانی ئەنجومەنی ئەدەبی دەبینم، هەست بە خۆشییەکی زۆر دەکەم، هەر چەند ئێمەش بێ ئاوڕدانەوە لە شارەکەمان و لە ئەدەب و فەرهەنگەکەی، بە جێمان هێشت و سەرانسوێمان نەکرد، بەڵام ئەوەتا ئێستا هەر ئەنجومەن و دۆستانی دڵسۆزی کە نەشم دەناسین دەرگای ژووری ئەنجومەن و دەرگای دڵیان بۆ کردووینەوە و وەکوو هاوشارییەک، نەک وەکوو میوان وەریانگرتووینەوە.
ئەمن پێم وایە دەگەڵ ئەو مەشخەڵەی لە سەر "کێوی بابەسەن" و "سوڵتان بایەقووب" و "چۆمی پیرۆز بەراز" و "گڵکۆی هەورازی نەمر" و "یانە وەرزیشییەکان"  و هەموو شوێنە پیرۆزەکانی نەغەدە دەهایسێ، مەشخەڵێکیش هەمووکات لە سەر ئەنجومەنی ئەدەبی نەغەدە گرشەگرشێتی، زستان بێت، تووش و سەخڵەتی و سەهۆڵ بەندان بێت، یان هاوینێکی گەرم و پڕ لە هاڵاوی گەرما بێت، و تەنانەت لە سەردەمی کڕۆناش، بە شێوەی مەجازی، ئەوە دەرگای ئەنجوومەنی ئەدەبی کراوەیە و دۆستانی ماندوویی نەناسی ئەنجومەن ناهێڵن گرشە گرشی ئەو مەشخەڵە لە وەستان کەوێت.
جاران کە گوێم بۆ شێعری "سەڕبازی ون" ی عەبدوڵڵا پەشێو ڕادەگرت، بە قەرا ئێستا لە مانای سەربازی ون تێ نەدەگەیشتم، دەبێ لە شاری نەغەدە و لە نێو دۆستانی ئەنجومەنی ئەدەبی و هەموو ئەو چالاکوانە وەرزشییە و فەرهەنگییانەی ئەو شارە دابنیشی، ئەودەم ماناکەی بە دڵ هەست پێدەکەی، هەست بە سەربەرزی دەکەی لەوەی ئەتۆ لە کۆڕ و کۆبوونەوەیاندا بەشداری، جاری وایە دڵم دەکوشرێ، هەزاران جار شوکر و سوپاسگوزاری دەکەم لەوەی کە  لە ناو شارێکی ئاوادا دەژیم، کاتێک دۆستان دەبینی بە شەو ملی ڕێگایە دەگرن و ئەم شار و ئەو شاری دەکەن بۆ ئەوەی لە بن مەشخەڵی ئەنجومەنی ئەدەبی کۆ ببنەوە و بەرنامە بەڕێوە ببەن، یان کاتێک خاتوونێک بەو پەڕی گەورەییەوە ڕێگای دوو شاران دەبڕێ هەر بۆ ئەوەی بێتەوە ماڵی خۆی و نەهێڵێ ئاوری ئەو مەشخەڵە لە کزی بدات.
گەورەیی و لە خۆبردوویی دۆستان یەکجار زۆرە و ئێستا لەو کورتە بیرەوەرییەدا نامهەوێ بپڕژێمە سەر ئەو باسە، بەڵام پێم خۆش بوو بە بۆنەی سێهەمین ساڵی گەڕانەوەم بۆ ئەنجومەنی ئەدەبی شارەکەم ئەو چەند ڕستەیە بنووسم و دەست خۆشی لەو شۆڕە لاوانە بکەم کە لە شاری نەغەدە دەست لە تێکۆشانی فەرهەنگی و ئەدەبی و وەرزشی هەڵناگرن و دەرگای ماڵەکەیان هەمووکات بەرەوڕووی تامەزرۆیانی فەرهەنگ و زمان و کلتوور و وەرزیش ئاواڵەیە.

🖋 مەسعوود فازلی

@Baran_naghadeh
2025/01/10 01:46:57
Back to Top
HTML Embed Code: