Telegram Web
شەو نەبوو نەشکێ دڵم، نەگریم بە دەرد و ژانەوە
هەر لە ئەستیرەم ڕوانی و یەک‌بەیەک کووژانەوە

من لەگەڵ فرمێسکی گەش هاتم پەژارەم هەڵوەراند
بوو بە ڕێحانەی ڕەش و بۆم هاتە نێو گوڵدانەوە

خوێنی دڵ بۆنی غوباری ڕێی غەریبیی لێ دەهات
چەشنی ئاسک چونکە وێڵ بوو بەو دەر و دەشتانەوە

ڕۆژگارێکە کە من هەر چاوەڕوانی تۆ دەکەم
خۆش نییە بمرم لە ڕێت، بەو چاوی چاوەڕوانەوە

دڵ بەوەش ڕازی دەبوو یەک ئاهی گەرمی تێ گەڕێ
هاتە سەر لێو، گەییە ئاھ و ڕۆی بەدەم زریانەوە

پێی بڵێن بێ، شاری شێعرم پڕ لە شێوەی شیرنە
چی دەکا فەرهاد ئاخر، بەو کەژ و کێوانەوە

🔸ناسر حیسامی

@trupkirezgari
من لە نێو هەست و خەیاڵت دەرکراوم دەی‌بڕۆ
ئاسمانێک شین و مەنگە دابڕاوم دەی‌بڕۆ!

دەی بڕۆ! مافم نییە شینم ببێ بۆ هیجرەکەت
من لە سووچی چاووەکانت داتڪاوم دەی‌بڕۆ!

🔸ڕزگار.ع

@trupkirezgari
چارەی خەمی من مەی نییە، مەیخانە بڵێ چی؟
بەو دەردەوە مەی نامگرێ، پەیمانە بڵێ چی؟

پێم وا نییە لەو غەدرە لە فریام بکەوێ کەس
ئەو دۆست بوو وەفای بۆم نەبوو، بێگانە بڵێ چی؟

بسکت بدە دەس شانە، بەڵام چین مەخە ئەبرۆ
زولفی تۆ شنە تێکی دەدا، شانە بڵێ چی؟

هەر عاشقە سووچیشی نەبێ، دەیخەنە ئەستۆی
شەم ئاگری کردۆتەوە، پەروانە بڵێ چی؟

تاوانی منە دەربەدەری و دەردیسەری من
مەل خۆی سەری خۆی هەڵگرێ، هێلانە بڵێ چی؟

شێتی قەدی تۆ شەرتی لەگەڵ چۆڵ و چیا بوو
زانا بێ بە زنجیرەوە، دێوانە بڵێ چی؟

خاڵی تۆ بە پەرژین و خەیاڵ ناسک و سادە
بێچارە لەناو ئەو هەموو پاوانە بڵێ چی؟

چیرۆکی جوانی تۆ لەناو لاپەڕ و دێڕا
ناگونجێ، ئیتر نووسەری ئەفسانە بڵێ چی؟

تاسەی تۆ کە دامدەگرێ، دەڵێن: ئاخری خێر بێ
«هێدی» لەگەڵ ئەو کۆنە برینانە بڵێ چی؟



🔸هێدی

@trupkirezgari
دێرینە شێعری کوردی
چارەی خەمی من مەی نییە، مەیخانە بڵێ چی؟ بەو دەردەوە مەی نامگرێ، پەیمانە بڵێ چی؟ پێم وا نییە لەو غەدرە لە فریام بکەوێ کەس ئەو دۆست بوو وەفای بۆم نەبوو، بێگانە بڵێ چی؟ بسکت بدە دەس شانە، بەڵام چین مەخە ئەبرۆ زولفی تۆ شنە تێکی دەدا، شانە بڵێ چی؟ هەر عاشقە…
چارەی خەمی من مەی بوو بە پەیمانە کرابوو
خاکم بە سەری ئەو شەوە مەیخانە خرابوو

ڕشتی بە قەتڵ خوێنی دڵی عاشقی شەیدا
ئەو حوکمە بە دەست مەستێ لە شەرعی مە درابوو

بووکی دڵی من بۆ دەمێ نەیدی شەوی شادی
مارەی بە خەم و دەرد و خەفەت تازە بڕابوو

بەندی دڵی من بوو بە خەزەڵ ڕازی نەکوتراو
با بردی لەپڕ تازە دڵم کاری کرابوو

بێ تۆ گوڵەکەم خێوەتی دڵداری لە دڵدا
بۆ ساتێ لە کوێستانی نەزەر هەڵنەدرابوو

بەختم لە گرێوی دڵی دێوانەیە بۆیە
بەو شەرتە کە دۆڕابوو دڵم پێنەدرابوو

نەمدی شەوی مەینەت کەسێ ئاواڵی خەمم بێ
یا کەس نەبوو یا ڕەنگە چرا هەڵنەکرابوو

شاهید بە تەوار ئەو دەمە دڵ مایلی مەی بوو
خاکم بەسەری ئەوشەوە  مەیخانە خرا بوو

🔸نەرمین ئیبڕاهیم ئازەر"تەوار"

@trupkirezgari
شائەوینێ، شەو کەمینی هێڵی جێژوانی دەکرد
دڵ حەزی لەو پێکەنینە و سرتەلێدوانی دەکرد

سات و تاریکی لە قاقای پێکەنینیان دا، کە چووم
پەنجەیەک بوو باسی خۆشی باخی سێوانی دەکرد

دوا پلەی خۆشی وەکوو ئامێزی دوو عاشق دەچێ
ئەو دەمەی لێوێ تەلەسمی ماچی لێوانی دەکرد

ژین دڵۆپێکە لە گۆنای نازەنینێک دێتە خوار
نازی برژانگی لەگەڵ فرمێسکی بێ گیانی دەکرد

دوا ترووسکەی چاوەکانی ڕوون و گەش بوون تێی گەییم
باسی پەنجەی تێک‌پەڕیوی دوێنێ شێوانی دەکرد

🔸لوقمان پیربادینی

@trupkirezgari
ئینتزاری خۆشە بۆ عاشق
بە ئوممێدی ویساڵ

مردم و ئارامی قەلبی
زار و بێ حاسڵ نەهات

🔸زاری

@trupkirezgari
جیهانی ئازاد و جوان مافی سروشتیی هەر منداڵێکە
ئەوەیە دیارییەکی خودایی.
بەس لە منداڵانی نەکەینەوە!


🔸ڕۆژی جیهانی منداڵان لە هەموو منداڵەچاوگەشەکانی وڵاتەکەم بە پیرۆز بێ

❤️🌸❤️🌸❤️🌸


@trupkirezgari
Forwarded from م.ئاران (. 🅰ran)
مەودا نەبوو بنووسمەوە خەون و خەیاڵی خۆم
ڕێگا نەبوو بڕۆمەوە مەڵبەند و ماڵی خۆم
 
حەیفێ هەلێک نەڕەخسی هەتا بێمە دیتنت
هەر داڕژانە کۆشمەوە ئەسرینی ئاڵی خۆم
 
نەمتوانی دەنگ هەڵێنم و جاڕ دەم کە ساڵەها
لایلایی گوێ خەوم بووە هەر ناڵەناڵی خۆم
 
نەکرا لە چارەنووسی دزێو خۆ بدزمەوە
با هەر لە گەردنی کەچی خۆم بێ وەباڵی خۆم
 
ساقی شەرابی نابم ئیتر بۆ چییە من؟
بیخۆمەوە کە نم نمە خوێناوی تاڵی خۆم
 
فکری بەرزفڕین لە سەرمدا بوو سەردەمێک
ئێستاکە بوونە شووڵی ڕکە لێم دوو باڵی خۆم
 
هەرچەندە بێنەوە بە گژمدا فەخرفرۆش
نایگۆڕمەوە بە هیچ شتێ گەندوگژاڵی خۆم

#ئاران

https://www.tgoop.com/M_Aran
درێخیم لێ مەکە ئەی شەو، بە هێزێ جووتە باڵی ڕەش
زەمینی ژینەکەم یەکسەر بخە ناو سێبەری باوەش

بە سەرما شێوە ڕەشماڵی هەڵیبە جوستەکەم بگرێ
هەتا ئەتوانی پرشنگی ژیانی شادی من ببڕێ

مەهێڵە ڕوو بە ڕووی من بێت بەرەو ڕووی زۆر بە دەربەستی
بچۆ تاکوو لەتواناتا هەیە زووبیکە بەربەستی

بڕۆ هەرچی ئەکەی دەربارەمی کە سا بە چالاکی
پەلامارێکی شێرانە بەرە سەر تیشکی ڕووناکی

بە قامچی گازەرای پشتی سەراسەر توێخی داماڵی
بەرەو دوا بێ ئەوەی سڵ کەی نەوەی ڕووناکی ڕاماڵی

لە ئامۆژگاری ئەستیرە و ڕەشی ئەو هەورە تارایە
کە شێرازەی چنینی چۆتەیەک چی کەت لە بارایە؟

بە گیانێکی نەبەز پڕ دەم ئەڵێم تۆی مل کەچی فەوتان
نەمانە پاشەڕوژی هێزی کاروانانی ڕێ چەوتان


🔸کاکەی فەلاح

@trupkirezgari
نێرگسی شەھلا غوڵامی دیدەیی مەخموورتە
گوڵ وەکو بولبول ھەمیشە عاشق و مەجبوورتە

نۆشدارووی لێوی تۆیە ئەی تەبیبی حاڵزان
باعیسی ژین و حەیاتی عاشقی ڕەنجوورتە

ڕۆژ کەوا ڕووزەرد و سەرگەردانە ھەر دێت و دەچێ
شێت و سەرگەشتەی فیراقی ڕوومەتی پڕ نوورتە

بۆ خەرابی و غارەتی مەعموورەیی دڵ چاوەکەم
تیپی موژگانت بەدایم لەشکری مەنسوورتە

پێی وتم ھۆشت ببێ ئەو ڕێگە وا من پیا ئەڕۆم
تۆزی ئەو، دەرمانی چاوی پڕلەخوێنی سوورتە

گەر حەقیقەتبینی عاشق، لابە نەعلەینی حەیات
جێی تەجەللای حوسنی ئەو دڵدارە کێوی توورتە

تۆ کە شیرینی زەمانی، من کە فەرھادی غەریب
حەیفە بۆ تۆ خوسرەوی خووبان، ڕەقیب شاپوورتە

بۆچی عاشق شێتی تۆ وا، مەیلی فیردەوست ھەیە؟
بەزمی ئەمشەو جەننەتولئەعلایە، دڵبەر حوورتە

گەر نیگاھێکت لەگەڵ مندا ببێ عەیبی چییە؟
تۆ سولەیمانی زەمانی عاشقیشت موورتە

مەنعی تۆ ناکەم کە بێباکانە خوێنڕێژی ئەکەی
موقتەزای ئەحواڵ و تەبعی سەرکەش و مەغروورتە

ئەم قەسیدە وەختێ ھاتە خزمەتت بیخوێنەوە
عەرزوحاڵی بەندەیێکی بێنەوای مەھجوورتە

ئەی دڵە بەسیە ھەتا کەی تۆ خەریکی ھاتوچۆی
موشکیلە وەسڵی، تەمەننای مەتڵەبێکی دوورتە

بەسیەتی تاکەی لە حەق ئەم بەندە بێ لوتفی ئەکەی
ئەحمەدی بێچارە تەنها عاشقی مەغدوورتە

🔸ئەحمەد موختار جاف


@trupkirezgari
Forwarded from اتچ بات
#چوارپارە پاییز

سۆزەناز و  فێنکەوازی پاییزان
دڵ لە هەستی زەردەباوی تێ دەگا
هەلهەلەی زریان و هەمبازی تەزوو
سوور لە سەردی کۆتەیە وا پێ دەگا


ڕۆژی نمداری چەتوون و چەتری سەر
هەڵدەچۆڕێ  چاوەکانی هەورەتاڵ
من دڵێک ژوانی ژیانم گرتە بەر
وەک خەزانێ وا خزیبێتە خەیاڵ

پێ لە پەرگاری گەڕیدەی سەرسەری
دادەنێم، سووتان و سووڕان ساختەچین
سازی سۆدرەی ساڵ و مانگی سەرگوزەشت
دێت و دەڕوا دەرکەیه و پێیدا دەچین

داوی ژین دابی لەسەر سوێندی ئەوین
عاقڵە هەر دەستبەتاڵ و دەستبەسەر
کێ هەوای ئەوگاری جوانی پێ کەوت
ناژێ  ژین هەر دوو دەراوی دەربەدەر

ئەو دەمی دونیا دەواری داکوتا
هێڵی دوو چاوی بەغیلان زارە زار
چاوچنۆکن چەند بڵێی بۆ شاییی دڵ
بل لەوی وا خۆی کەوێتە دارەدار

چاو زرینگا زڕشەوی زامی بەزاند
زۆرەبانی نێت و تایپ و قامکەکان
حەزفڕین و هەڵبڕین و ئەبتەری
وا دەکەن واجب ببن وا وادەکان



شەیدا مەحموودی شنۆ

@hanasyaven
ئەى فلس وەڵڵا لە دایک و باب و باپیر چاتری
تۆ لە دووسەد خزم و خوێش و شێخ و دەسگیر چاتری

هەی بە قوربانی زەڕت بم ڕۆژی سەوداو مامەڵە
تۆ لە شیر و خەنجەر و بڕنەو گەلێ ئازاتری

وابزانم بێ ئەدەب نابم ئەگەر ئەمڕۆ بڵێم
تۆ لە لوقمان و ئەرەستوو، عالم و داناتری

من بەچاوی خۆم ئەبینم کەمتیارت کرد بە شێر
بەینی بەینەڵڵا لە خواجە و فەیلەسوف وریاتری

چەن زەبەلاح و قوڕمساخ و تەڕاحەت کرد بەپیاو
جا، کەوابوو تۆ لە خوێندن چاتر و باڵاتری

کلکی کەر بەرز کەیتەوە، ئەیکەی بە پێشەنگی قەتار
ئافەرین بۆ تۆ فلس، بێشک لە من داناتری

🔸قانع


@trupkirezgari
🔸مامۆستا هەژاری نەمر دە چێشتی مجێوردا ئاوا باسی ژن هێنانی خۆی دەکا


حافزم کردە دەڵاڵ و بۆی ساز دام و خۆم و کەسێکی تریش چووینە خوازبێنی لای باوکی.باوکی کچ گوتی:

بە منداڵی لەسەر بێشکە لە کەسێکم مارە کردووە کە نایەوێ مێردی پێ بکا. بە کێ قایل بێ بەوی دەدەم؛ با پرسی پێ بکەم.

دیار بوو پرسی بە قازانجم بوو.ئەو جار پرسی:
دەوڵەمەندی؟ دێمە ماڵت بزانم چت هەیە.

گوتم: باشە دوای دوو ڕۆژ وەرە؛ من هەموو فەڕش و نوێنی ئاوایی دەخوازمەوە؛ مەڕ و مانگایەکی زۆریش دەخەمە حەوشەوە؛ ئەوسا دەڵێم دەوڵەمەندم.

مامی خۆم! تۆ ئەگەر کچ بە دەوڵەت دەدەی، ئەگەر لە ئێستا فەقیرتر بووم دەبێ لێک جیا بینەوە.
من شەریکی عومرم دەوێ کە سواڵیشم دەگەڵ بکات.


کابرا پێ کەنی و گوتی ڕاستە. تەڵاقی کیژم بە سەد تمەن کڕییەوە و مارەم کرد.
وا بوومە خاوەن ژن.

بەڵام هەر ژن نەبوو، ڕەحمەتی خودا بوو.

@trupkirezgari
چونکە من کوردم بە کوردی پێم بڵێ یاری عەزیز
مەتڵەب و عوزرت چییە گشتیان بە جارێ بێنە ڕیز

من هەتا کەی لێت قبووڵ کەم بێوەفایی تا بەکەی
مەعزەرەت مەقبوول نییە ئێمڕۆ لەلا ئەهلی تەمیز

بەینی ئەمن و تۆ وەها بوو لێم نەپرسی دەفعەیە
چل شەوە کەوتووم نەخۆش و مات و دڵمەحزوون و زیز

سەروەتی خۆتم بە جارێ بۆ بنێری نامەوێ
چونکە دنیا هیچە لای من، بێبەهایە وەک پەشیز

تا زووە بۆ مەحکەمەی کوبرا ئەتۆ حازر ببە
چونکە دەعوا دوایی نایەت تاکوو ڕۆژی ڕەستەخیز

ئەی «ویساڵی» بەسیە بۆی دانێ جەزا تا حەز ئەکەی
چایی سندووقێکی گەورە، شەکری لەندەن نۆ قەفیز

🔸ویساڵی

@trupkirezgari
خۆشەویستم
کاتێ من مردم، قەد مەپرسە
چۆن بەبێ تۆ ژینم تێپەڕ کرد
ژین نەبوو، هەر ساتەمەرگێ بوو
قەد هەواڵی شوێنی مەرگ و گۆڕەکەم
لە کەس مەپرسە بەس
من بەڵێنم بردە سەر
پەیمانەکەم نەشکاند
کاتی مەرگیش دواهەناسەم
هەر بە یادی تۆوە هەڵکێشا
دوایین وشەم هەر ناوی تۆ بوو
هەر ناوەکەی تۆ بوو


🔸جەلال مەلەکشا


@trupkirezgari
وەفایی دەفەرمێ:

ئەمن هەر تۆم دەوێ...
من چم لە ڕۆح و چم لە دین داوە؟!



@trupkirezgari
‍ ‍ ‍ فیدای مەستی دووچاوت بم لەمەستیم بۆ ئەسەر ‌ناکەی
بەچاوی تیژی دڵداری بەلای مندا نەزەر ناکەی

پەری گوفتار و کەوڕەفتار و شاژن بیر و ئەندێشەی
ئەوەندە نوور ڕەوەشتی قەت لەئاهی شەو حەزەر ناکەی

عەجایب‌ خولق و خووت سەیرە،دەمێ ئاوی دەمێ ئاور
بەڵام دیارە فریشتەی تۆ، بەپێی یاسای بەشەر ناکەی

بەلێوی سوورەوە سەوزایی شێعرم قەت قەبووڵ ناکەی
بەڵێ سەودای عەقیقی خۆت لەگەڵ خوێنی جگەر ناکەی

ئەتۆ حەقتە پەری قەت قەت بەباران باڵی تەڕ نابێ
ئەگەر شێعرم شڵێوەش بێ،دڵۆپێکی لەبەر ناکەی

ئەمن وابوومە خاشاکی دەری مزگەوتی بەرماڵت
ئەتۆ شیبای شەماڵیش بی،بەلای مندا گوزەر ناکەی

دەزانی بووکی نێو شێعری ئەوین بێ دەردی سەر نابێ
لەترسی چاوی بەد حەقتە ئەمن تووشی خەتەر ناکەی

ئەرێ ئەی چاوی جوان بینم چەلان وا لێڵ نەبووی بۆچی
لەشەوقی ڕووی پەری تاکوو بەری پێشم هەتەر ناکەی

فریویش بێ لەبۆم فەخرە کە جارجار پێم بڵێی ئاســۆ"
دەزانم بەو خەتابەت قەت کڵاویشم لەسەر ناکەی


🔸محەممەد سەعید نەججاڕی
"ئاسۆ"


@trupkirezgari
« کچانی کۆبانی »

کتێبی کچانی کۆبانی گێڕانەوەی چیرۆکی ئازایەتی و تێکۆشانی ئەم مرۆڤانەن کە خەبات دەکەن. ژیانی ئەم کچانەن لە لایەکەوە داب و نەریتی کۆن بەرۆکی پێگرتوون و لە لایەی دیکەوە ئایدۆلۆژیایەکی بەرتەسکی ئایینی وەک « داعیش » دەرفەتی پێشکەوتن و ژیانێکی ئاساییان لێدەستێنێ.
لە سەدەی بیست و یەکدا کچانی وەک "ڕۆژدا" پێشی تۆپێنی لێدەگرن. " نەورۆز" چارەنووسی دایکی خۆی لەبەرچاوە ، دەیان ساڵە ماندوویە، کەچی لانیکەم ژیانێکی ئاسای بۆ دابین نەکراوە. "زنارین " بنەماڵەکەی پێشی چوونە قوتابخانەی لێدەگرن و بە پێی داب و نەریتی کۆنەپەرستانە ناهێڵن مێرد بەو کەسە بکات خۆشی دەوێت.
ئەوانە و زۆر کچ و ژنی سەر کوت کراوی دیکە ش ، وەشوێن "عەزیمە" دەکەون کە دەیانهەوێ، دژی دواکەوتوویی و دوژمنێکی نگریسی وەک « داعیش» شەڕ بکەن.
ئازایەتی و خەباتی ئەم کچە قارەمانانە بۆ ڕزگاری دەبێتە هۆی سەر سووڕمانی دونیا !
ئەوان دەیسەلمێنن ، کچان و ژنان ، نایانهەوێ دیلی چاوبڕکێ، کەلتووری پیاو سالار بن. ئەوان بە ناوچە و دونیایان ڕاگەیاند ، تاکوو کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بە تایبەت دژی دیلی ژن و نەزانین خەبات نەکەن، " مرۆڤایەتی" و " ڕزگاری" خەون و خەیاڵە....
جادە چۆڵ و سێبەر بوو، کات بەیانی،
ئەڕۆییشتم خەیاڵاوی ئەمڕوانی:

بۆ سەوزایی دەوروپشتم، بۆ ئاسمان
بۆ شاخی بەرز، خانووی تازە، دنیای جوان

ئەڕۆییشتم بە ئەسپایی، کش و مات،
لاشە سست و دڵ کەیلی تاسە و ئاوات!

لەپڕ، نازانم چۆن سەرم هەڵبڕی
بەرامبەرم بەژنێ دەرکەوت وەک پەری!

لەگەڵ ئەوەی لە عاباوە ئاڵا بوو،
لە دیمەنی شیرینی ئاشکرا بوو،

باڵابەرز و بچکۆلەپێ و ئیسکارپین
گۆرەوی و پووز: سفت و سپی و ئاوریشمین!

ئەڕۆییم و دزەی نیگام جارجارێک،
لە ژێر عابای ڕەشا ئەیدی نازدارێک:

بە ڕەوتی کەو، لەنجەی تاوس و قومری
گورج گورج، جوان جوان ئەهات و جادەی ئەبڕی

مابووی بگاتە عاستم چەن هەنگاوێ،
درزێ کەوتە پەچە و دیم نیگای چاوێ،

دەست و پەنجە و مەچەکێک و نیگایەک
چی بنووسم؟ خوایە هێزی ئینشایەک!

قۆڵ و مەچەک ساف و سپی وەک شووشە،
سەرپەنجەکان یاقووتێک بوون بە ورشە،

بێینە سەر چاو: چاوێک، بڵێم چ چاوێک؟
کانیی سیحر، دەریای عیشوە، گێژداوێک،

کە وا کەوتە بەر شەپۆلی هەستی من،
لەو ڕۆژەوە هەر نوقم ئەبێ بەرەو بن!

🔸گۆران


@trupkirezgari
منم دڵچاکی سەر مەودای بژانگی خەنجەرت یا ئەو
منم زامداری شمشێری برۆی دڵ پەیکەرت یا ئەو

لە بەیدای عیشقە وا عومرێکە عارەقڕێژ و حەیرانم
بەڵێ ئەی نەونەهاڵم چاکە بۆ من سێبەرت یا ئەو

منم زەردی بەڵا و دەردی فیراق و تایەرەی حیرمان
بە دەستی من سزایە جووتەلیمۆی نەوبەرت یا ئەو

دڵی من ماوە زیندانی لەبن چاهی زەنەخدانت
لە ئەستۆی من بئاڵێ زوڵفەکەی وەک چەنبەرت یا ئەو

منم سووتاوی تاوی ئاگری دۆزەخ سەرای هیجران
لەبۆ من چاکە جورعەی ئاوی چەشمەی کەوسەرت یا ئەو

منم کوشتەی مەسافی ڕەنجی عیشق و داخی بێ حاسڵ
بەسەر مندا بلەرزێ قامەتی وەک عەرعەرت یا ئەو

بەتاڵیم ها بەتاڵە، هەوڵ و پێشەی تالیعم نێشە
منم موحتاجی ماچی لەعلی نۆشی شەککەرت یا ئەو

نوقوشی لەوحی خاتر مووبەموو داغ و سوەیدایە
لە زوڵمی من بناڵم خاڵەکەی بۆ عەنبەرت یا ئەو

جنوون و شێت و مەفتوون، والە و مەسحوور و بێ سامان
ئەمن ماوم لە عیشوەی چاوەکەی جادووگەرت یا ئەو

عەتارود هاتە سەر تەوسیفی مانگی زوهرە ئەنوارم
ئەتۆ جێی دەرد و داخی یارە تاهیر دەفتەرت یا ئەو


🔸سەید تاهیر هاشمی

@trupkirezgari
2024/12/03 19:44:55
Back to Top
HTML Embed Code: