tgoop.com/Aso_Najjari/5236
Last Update:
🔶هەڵوێست🔶
ئەودەمەی شاعیر لە شیعرا وەسفی چاوی کاڵ نەکا
بەسیەتی چیتر نەنووسێ باشە خۆی خوێنتاڵ نەکا
ئەمن و عەوداڵ ساڵەهایە دەشت و کێومان مەسکەنە
چۆن دەبێ شیعرم بەپیریش مەدحی مام عەوداڵ نەکا
شیعر ئەگەر سووک بوو و بەجێی مووچڕکی لەش کینەی بزاوت
شاعیری ئەوشیعرە با ویژدانی خۆی پاماڵ نەکا
ڕاستە زاڵم هەربە بەتیغی تەنزی شاعیر سست دەبێ
حەقیە بۆ زاڵم بەڵام! با زەمبی خزم و خاڵ نەکا
کاکە لەم وەرزی نەخۆشی و دەوری دەرد و سەخڵەتە
پیاو دەبێ تاکێو هەبێ مەنزڵ لەنزمی و چاڵ نەکا
ئەو کەسەی هەم شاخ و شاری خۆش دەوێ دۆڕاو نیە
چۆن لەتەختەی سینگی کوێستان، ئارەزووی خاڵ خاڵ نەکا؟
لۆکەیە سینگی گوڵێ و زریانی دڕ گاڵەی دەکا
دیارە وەرزێر تا پەمووی بێ، خۆی بەهیوای گاڵ نەکا
پیاوی کوێر دەڕوا بەرەو لێواری چاڵێ پڕ لەقوڕ
تۆخودا بەو پیاوە چاوساغەی بڵێن، خۆی لاڵ نەکا
تالە غەزنەو قەندەهار ڕەش دەوری پارچەی سوور بدات
کێ هەیە ئاڵای حەیای زل هێزەکان شیتاڵ نەکا
پێی بڵێ ئاسۆ بە ئەوکابرا حەسوودەی دڵڕەشە
تاکوو باغی دۆست هەبێ لای کێوی دوژمن ماڵ نەکا
#ئاسۆ
#بۆکان ۱۳ ٦ ٤۰۰
BY مامۆستا ئاسۆ
Share with your friend now:
tgoop.com/Aso_Najjari/5236