Telegram Web
دڵم ماتی غەمی هیجرانی تۆیە
نەخۆشی دەردی بێ دەرمانی تۆیە

ئەوا عومرێکە چاوم چاوەکانم
خەریکی شیوەن و گریانی تۆیە

برینم کارییە جەرگم بڕاوە
ئەویش کاری برۆ و موژگانی تۆیە

دڵی بردم نیگای چاوی خومارت
یەکە و گیراوی دوو مەستانی تۆیە

بە قانون حورمەتی میوانی فەڕزە
مەڕەنجێنە دڵم میوانی تۆیە

تەوافی خاڵی تۆ بۆ من حەڵاڵە
دڵم فیدیە و سەرم قوربانی تۆیە

قیامی قامەتت قامی قیامەت
تەرازووی چاوەکەم میزانی تۆیە

هەواڵی ڕۆژی مەحشەر گەر دەپرسی
خەبەر دەستی من و دامانی تۆیە

ئەگەر پەیمانەکەی دەستت شکاندم
دڵم مەشکێنە هاوپەیمانی تۆیە

ئەتۆ سووچت نەبوو چاوت منی کوشت
مەفەرموو چاوەکەم تاوانی تۆیە

بە ئیمانم هەتا مردن حەقیقی
بەهیوای دینی چاوی جوانی تۆیە

@Honrave
#حه‌قیقی
ناوی تۆ نابەم بەدەم بمبێ لە دڵدا گەر تەڵەب
ناسکی تۆ خوا نەخواستە نەک لە ئاهم بگری تەب

ڕووی نییە ئەسڵەن لە ڕووتا چاوی هەڵبێ خۆر ئەگەر
چاوی هەڵبێ گێژ ئەبێ وەک بەنگی ئاوێنەی حەلەب

غەیری غوفران قەت لە دەرگاهی خواشت شت نەوێ
قەت لە بازاڕی تەڵەبدا چونکە نەمدیوە ئەدەب

ئیفتیخاری پێشوانە گەر لەگەڵ فەزڵا کرا
وەرنە تەحقیرە کە بەدخویان بکەن باسی نەسەب

ئیختیساسێکە سەری فەخرم گەیشتە ئاسمان
من لە عالەم دەر دەکا دەیکا لەگەڵ عالەم تەرەب

هەردوو هەمدەردین لەگەڵ گەوهەر بە یادی لێوی تۆ
مەوج لە دڵمانا دەدا بەحرێکی خوێن و توشنە لەب

خۆم دەزانم عاقیبەت حەمدی دەخەیتە باخەڵت
چونکە ڕەنگ زەردی دەوێ مەعلوومە جۆیایی زەهەب

@Honrave
#حه‌مدی
خەت و خاڵت بە خودا فیتنەیی هیند و حەبەشە
ئافەتی دین و دڵە ڕەونەقی ئەو کوڵمە گەشە

خەلەلی چین و چەگول شۆڕشی ڕۆم و عەجەمی
لە سەر ئاشووبیی زولفت لە هەمووی کەشمەکەشە

چاوت ئەر نێرگسی شەهلا نییە بۆ هێندە خومار
پەرچەمت گەر شەوی یەڵدا نییە بۆ هیندە ڕەشە

زینەتی کوڵمەتە لەرزینی گوڵینگی شەدەکەت
گەرچی ئەگریجەکە تەزیینی ئەویش و ئەوەشە

شەشدەری خاڵی سەری کوڵمەتە دڵ نایەتە دەر
سەری سەودا زەدە بێخود بە تەمای پێنج و شەشە

بەو دوو سێ شێعرە حەقیقی کە لە مەیدان دەرچوو
تەنگە جەولانی قسە و تەوسەنی تەبعی هەڵەشە

@Honrave
#حه‌قیقی
کڵاولار! گورجی کەوڕەفتار! نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟
لە تیری ئاهی ناکامیم حەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

بە دووتا ئەشکی حەسرەت خوێن ئەبارێنێ بەسەر دەشتا
تەماشای لالەزاری ڕاگوزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

لە لای خەڵقی گەدایە گەردی ژێر پێی موڵکی دڵداری
بە سایەت وەک هوما تاجم لەسەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

بە لەرزە و زەلزەلەی ئەو پڵپڵانەی دەوری پووشینت
بینای هەستیم هەموو زێر و زەبەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

ئەوا واعیز ئەڵێ لادە لە قیبلەی عەشق و جوانیی ڕوو
سەماعی وەعزی سەرتاپا زەرەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

فریشتەی یا پەری یا حۆری ئەی شۆخی مەلەک شێوە؟
بە عیشوە و خوو لە هاوجینسی بەشەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

بە تای دوڕڕی غەزەل ئەچنم لە حەسرەت ڕشتەیی گێسووت،
مەتای عومری درێژکردووم لەبەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

ئەڕۆی ئۆغر؟ ئەڕۆی ئۆغر؟ نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟
حەیام، عەقڵم، دڵ و دینم هەدەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر؟

@Honrave
#گۆران
وەره ئەمشەو وەكوو هەرشەو وەره ساقی دڵم خوێنه
هەتاكوو دێته چاوم خەو حەرامە شەربەتان بێنه

دڵم زووخاوی لێ دەڕژێ دەسا هەسته بكه مەستم
شەرابی كۆن له جامی نوێ بەخوڕ تێكه، بده دەستم

@Honrave
#شەریف
خۆ تۆ خوا نەبووی سوجدەم بۆ بردی
وەک بت و سەنەم لە ملم کردی

تاقی ئەبرۆتم کردە قیبلەگاهـ
بەردرگاکەتم کردە خەڵوەتگاهـ

ناوی تۆم کردە ویردی زمانم
لە جێی تەهلیلەی ڕۆژ و شەوانم

جگە لەمانەش ئەرکی دڵداری
لە گریە و ڕۆڕۆ شیوەن و زاری

ئەمانە هەموو تەمەنی جوانی
پێشکەشم کردی زۆر بەئاسانی

کە چی نەمزانی چی وای لێ کردی
ئەو دڵە ڕەقەی نەرم نەکردی

بەڵام ئەزانم ڕۆژێ لە ڕۆژان
لەم دڵڕەقییەت ئەکا پەشیمان

لە پەشیمانیش هیچ سوود نابینی
ئاسن بە ئەژنۆت ئەبێ بشکێنی

بۆ منی کڵۆڵ وا پەتیارەت کرد
بۆ خۆیشت کە خۆت، خۆت بەم دەردە برد

@Honrave
#ئەخۆل
داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ
پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە

@Honrave
#حاجی_قادری_کۆیی
ئەم هەموو زوڵمەی ڕەقیب کردی لە ئاخر، دڵبەرم
ماڵی ئاوا بێ بە ماچی لێوی تۆڵەی کردەوە

داستانی هیجری من شەرحی بە نووسین ناکرێ
پێت دەڵێم چۆنە ئەگەر چاوم بە چاوت کەوتەوە

ئاهی من سوورە، چیا وەک لۆکە هەللاجی دەکا
عوقدەیی زولفی گرێی موویینە با نەیکردەوە

هەر کە بیستم پێم دەڵێ: حاجی سەگی دەرگانەمە
من لە ترسی گورگی بەدکارم کەری خۆم بەستەوە

@Honrave
#حاجی_قادر_کۆیی
خه‌م کەی بێ وچانێکی بدا تا بخەوم؟
با ئەو خەمەشم لاچێ لەسەر جا بخەوم

نا! با بخەوم دەرد و خەمم کەم کەمەوە
هەر وەک دڵەکەی خۆمە دە گوێی گا بخەوم

بێ جێ و مکان وامە لەسەر خاکی خودا
"گا"ش ڕەنگە نەهێڵێ کە دە گوێی دا بخەوم

جار جارە خەمیش پێم دەڵێ"گوێ باخنە لێم...
تا بادەیەوە سەر خەتێ میش با بخەوم"

نازانێ کە تێی مردوە دە گیانم خەم و دەرد
سەد خەونێ بە خەم دەبینم ئێستا بخەوم

سەودایەکی سەیرە کەبە خەم ژینم ئەدەم
زۆر هه‌ستەمە من بێ خەم و سەودا بخەوم

@Honrave
#ئیسماعیل_موختاری
دڵبەرم مامزییە، بازی بە ڕەفتاری کەوە
ئەی دڵی خەستە وەکوو گوربە بە شوێنی مەکەوە

داغداری ڕوخییە لالەیی حەمرا لە چەمەن
نەرگسە چاولەبەری غەمزەیی غەممازی ئەوە

چی لە من داوە ئەجەل حەققی نییە بێتە سەرم
خۆم ئەسیرم، دڵە نەزرە، ئەوە جانیش گرەوە

حەز دەکەی سوبحی قیامەت لە شەوا دەربکەوێ
پێی بڵێ: دوگمەیی ئاوێنەیی سینەت بکەوە

سەفەری زولفی مەکە حاجی شەوت لێ دەگەڕێ
با وجوود ڕۆژە لە لات وایە کە تاریکەشەوە

@Honrave
#حاجی_قادر_کۆیی
ڕوومەتت بەدری مونیرە، پەرچەمت وەک مشکی ناب
لەو: خەجەڵ ما ئافتاب و لەم: شکا، قەدری گوڵاب

عیشقی تۆ، دەمسازە بۆمە؛ گەر فیراقە، گەر ویساڵ
نوتقی تۆ، جان بەخشە بۆمە، گەر خیتابە، گەر عیتاب

گەر حیجابی عیسمەمەتە، یا حەسرەتە بۆ منی هەژار
مەعجەرت لادە لە ڕوو تۆ، وەختە هەڵگیرێ حیجاب

با غەریقی بەحری هیجرت بم، وەکو نیلوفەڕیش
دوور بەدوور خۆ هەم بەرابەر: بەو جەمالی ئافتاب

@Honrave

#عەبدوڵڵا_بەگی_میسباح_دیوان
کاتێ لەگەڵ
خەیاڵە ناسکەکانتدا
دەژیم
شاژنێکم
لەم جیهانە پان و بەرینە
کاتێ گزنگ
خەیاڵەکانم ئەزڕێنێ
جەستەیەکم
کە هەناسەم
هاواری سەدان برینە...

@Honrave
#شیوا_ئەمینی
مەڵێن یا شێتە یا مەستی شەڕاب و ئارەق و بەنگە
خەیاڵاتم پەرێشانە دڵم تاریکە هەم تەنگە

@Honrave
#مه‌لا_مارف_کۆکەیی
ئەی دڵ وەرە هۆشیار ببە هذا طريق العاشقين
مەحوی جەماڵی یار ببە هذا طريق العاشقين

لەم لاوە گریەی نای و نەی، لەولاوە خەندەی جامی مەی
ئاگر لە عالەم بەربدەی، هذا طريق العاشقين

جارێ لە چاوان بگرە خەو، بگری بە ناڵەی نیوەشەو
تا بێتەدەر خورشیدی نەو، هذا طريق العاشقين

شۆری دڵ و سۆزی دەروون، زووخاوی جەرگ و مەوجی خوون
خوێنی گەش و فرمێسکی ڕوون، هذا طريق العاشقين

تا دڵ نەسووتێ دەم بەدەم، فانی نەبێ سەر تا قەدەم
پەروانە قەت ناگاتە شەم، هذا طريق العاشقين

تا چاو و دڵ خوێن بار نەکەی، قەتعی هەموو ئەغیار نەکەی
فکری ویساڵی یار نەکەی، هذا طريق العاشقين

عاشق دەبێ مەستانە بێ، خاکی دەری مەیخانە بێ
ساقی لە کن پەیمانە بێ، هذا طريق العاشقين

گەر دڵگوشا بادی سەبا، شەرحی دڵم بۆ گوڵ نەبا
عومری عەزیزم چوو بە با، هذا طريق العاشقين

سووتا دەروونم سەربەسەر، خوێنین دڵە جان و جگەر
جیسمێکە بێئیسم و ئەسەر، هذا طريق العاشقين

دیسان لەسەر عەهدی ئەلەست، جامێ لە جانان بگرە دەست
هەر تا ئەبەد مەخموور و مەست، هذا طريق العاشقين

دێوانە و سەوداسەرم، کوژراوی غەمزەی دڵبەرم
دڵ پڕ لە ئێشی نەشتەرم، هذا طريق العاشقين


چاوم بە سۆزی دڵ تەڕە، دەریایی ئاو و ئاورە
موتریب بڵێ ساقی وەرە، هذا طريق العاشقين

پەروانە خۆی ئاویتە بەست، فەرمووی چرا مەخموور و مەست
وەسڵم بە سووتان دێتە دەست، هذا طريق العاشقين

بولبول دەناڵێنێ حەزین، گوڵ دێتە عیشوە و پێکەنین
بگری بە سۆزی ئاتەشین، هذا طريق العاشقين

چی وەک وەفایی بەندەیە؟ لەو باغی دڵ گوڵ خەندەیە؟
بەو جامە خزری زیندەیە؟ هذا طريق العاشقين

@Honrave
#وەفایی
ئەگەر گوڵ ئابڕووی مابێ ئەبێ ھەر سەربەزانوو بێ
ئەگەر عیرفانی بێ بولبول بە ڕووی گوڵدا نەوا ناکا

ئەگەر قومری درۆ ناکا لە دەردی ھیجرە ناڵینی
لە دەوری گوڵ لە گوڵشەندا بەجوز نەعرەی بەبا ناکا

@Honrave
#ناری
لێوەکانت ، تامی چای زستان لە سەر کورسی دەدەن،
دڵ گەرم ئەکەن،
ماندوویەتی لەش دەر دەکەن...

باوەشت ... حاااااح باوەشی تۆ... 
دەستەنۆنی گەرم و نەرمی دیوە کۆنی ساڵەهای دوورن لە دوای میوان بەڕێ کردن عەزیزم
هەر دەترسی گەورەکەی ماڵ بێتەوە،
جیات کاتەوە لەو خۆشیە...

تۆ گوڵی ئەو سەردەمەی،
بۆنی قوماری کاتی منداڵی دەدەی،
بۆنی لێفەی گەرمی نەنکم،
بۆنی دڵداری دەدەی...

@Honrave
شێعر: #ئیسماعیل_موختاری
وێنەگر: #ئیسماعیل_موختاری
لاوێک پیرێکی پشت کۆماوەی دی
ورد ورد ئەگەڕا لاوەکە پرسی:

چیت لێ ون بووە توخوا مامە گیان!؟
جوابی دایەوە پیری قسەزان:

وتی چاوەکەم بۆ چی نازانی
وونم کردووە تەمەنی جوانی!؟

@Honrave
#که‌مالی
لە شەودا ماهی ڕووی دەرکەوت و زوو هەڵهات و نەمزانی
لە بێ میهری ڕوخی وەک ماهی تابانی، خوا چی بکەم؟

ئەگەرچی شێوەیی شیرینی جەزبی دڵ دەکا هەردەم
لە حەرفی تاڵی لێوی شەککەر ئەفشانی، خوا چی بکەم؟

@Honrave
#ناری
2025/02/21 20:10:40
Back to Top
HTML Embed Code: