tgoop.com/Key_Terms_in_Linguistics/204
Last Update:
هەبوونی چەمکانێکی وەک «زمانی پێوەر»، «زمانی ستانداردStandard language» ، «زمانی هاوبەشCommon language» ، «زمانی نەتەوەییNational language» ، «زمانی فەرمیOfficial language» لە بنەڕەتدا لە هەموو ئاستەکانی زانستی زمانناسیدا نەتەنیا زانستی نیین بەڵکوو وشەڕۆنانی ئەم چەمکانە لەسەر بنەمای وەهم و ئەفسانە داتاشراون. تواندنەوە و یەکاندنی زمانەکان لە ژێر ناوی ئەم جۆرە چەمکانەدا بە واتای پەراوێزخستنی جۆراوجۆریی زمانییە و زمانەکانی دیکە لە تایبەتمەندییە کەلتوورییەکانی خۆیان پووچەڵ دەکاتەوە کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تێکدان و ڕووخاندنی گەنجینە و خەزێنەی کەلتووریی وڵاتێک. ئاماژەکردنی ئەم جۆرە ناوانە خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی نرخپێدان و بەهادارکردنی زمانە باڵادەستەکان و زمانەکانی دیکە لە بەها و بایەخ و پرێستیژی خۆیان دەسڕێتەوە.
بە وتەیەکی تر، ئەم جۆرە بیرۆکەیە خەسار و زیانێکی زۆری کۆمەڵایەتی و کەلتووری بە دوای خۆیدا دەهێنێت و ئەگەر هەستی نەتەوایەتیی ئاخێوەران لە ئاستی ئەو نیشتمانەی کە تێیدا دەژین داببەزێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ئەفسانە و چیرۆکانەی کە لە ژێر ناوی «یەک زمانـیەک نەتەوە»دا پەرەیان پێ دەدرێت؛ چونکە ئەم دیاردەیە هەستیاریی ئاخێوەرانی زمانە کەمینەکان دەورووژێنێت و دەبێتە هۆی پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگا و لە هەمووی گرینگتر «لێبوردەیی کۆمەڵایەتی social tolerance» ی ئاخێوەران تێک دەدات و هەستی نەتەوایەتییان دادەبەزێنێت.
@Key_Terms_in_Linguistics
BY وشەنامەی زمانناسی
Share with your friend now:
tgoop.com/Key_Terms_in_Linguistics/204