tgoop.com/KhalidAzizi/1109
Last Update:
🔹خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئوسترالیا:
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو ماوەی دەسەڵاتدارەتییدا دژی ڕەوتی ئاشتیی و بەها و بایەخە جیهانی و نێودەوڵەتییەکان جووڵاوەتەوە. لە نێوخۆی وڵاتدا هەرچەشنە دەنگێکی مافخوازی و ناڕەزایەتییەکی مەدەنیی بەتوندی سەرکوت کردوە و بە گرتن و ئەشکەنجەدان و ئێعدام کەشێکی تەواو پۆلیسی و پڕ ترس و ئەمنیەتیی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ کردوە. لە دەرەوەی وڵاتیش دەیان چالاکی سیاسیی دژبەری
خۆی تێرۆر کرد کە پێوەندیدار بە کورد دەتوانین ئاماژە بە تێرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن، پێتەختی ئۆتریش و هەروەها تێرۆری د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری دواتری حیزبی دێموکرات لە ساڵی ١٩٩٢ لە بێرلین، پێتەختی ئاڵمان بکەین. بێگومان سیاسەتی هەڵکردن و موماشاتی وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی فاکتەرێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئێران بتوانن لە هەر جێیەکی بیانەوێ دەست لە نەیارەکانیان بوەشێنن و لە کردەوە تێرۆریستییەکانیان بەردەوام بن. وەک چۆن ئێمە پێمانوایە ئەگەر وڵاتی ئۆتریش لە پەروەندەی تێرۆری د. قاسملوودا شێلگیری و بەرپرسایەتیی سیاسی و یاسایی خۆی بەجێ هێنابا و لەبری ناردنەوەی تێرۆریستەکان بۆ تاران، ئەوانی لە دادگایەکی یاساییدا بە ئاکامی کردەوە تێرۆریستییەکانیان گەیاندبا؛ لەوانەبوو بەدوای ئەودا تێرۆری میکونووس ڕووی نەدابا".