tgoop.com/Sor99/2982
Last Update:
🔴 زمانی دایکی، تەنیا ئاخاوتنی نێوان دایک و منداڵ و باوک نییە !
✍فەرەیدوون ئەرشەدی
بەرتەسک کردنەوەی زمانی دایکی، کە دەروازەی ناسینی خود و شرۆڤەی جیهانە و لە هەمان کاتا ئامرازی پێوەندی مرۆڤە لە گەڵ مرۆڤانی دیکە، لە بازنەی ئاخاڤتنی دایک و باوک و فەرزەندا، کەم کردنەوەیە لە بایەخی پەروەردەی سیستماتیک و بە بەرنامە، کە دەتوانێ هەر مرۆڤێک بۆ هەرچی باشتر بەکار هینانی زمانی دایکیی خۆی، ڕابهینێت .
ئەگەر ئاخاوتنی هەر مرۆڤێک، نەگاتە ئاستی نووسین و بەرهەم هێنانی فکری و پێوەندی گرتنی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی زمانەوە، (چ لە بواری ئەدەبیات و زانست و ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی حکومەتی و بوارەکانی دیکە دا)، قسە کردنی بە زمانی دایک، لە بازنەیەکی داخراوی بنەماڵەیی و گرووپی و گەڕەکی زیاتر، سنوور و مەودایەکی دیکە نابەزینێ .ئەگەرچی لە ژێر سەیتەرەی دگیرکەران و بەرنامەیان بۆ لەخشتە بردنی بنەڕەتی نەتەوەکەمان، هەر ئەم تاکتیکەش جێی شانازییە و یەکێ لە هۆکارەکانی مانەوەی زمانەکەمانە بەڵام، ئەوە سیستەمی کارامە و ڕێکو پێک و ئیدارە و مودیریەتی درووستی پەروەردەییە کە زمانی هەر مرۆڤ و نەتەوەیەیک، دەکاتە زمانێکی شیاوی مانەوە لە رێزی زمانە کاریگەرەکانی سەردەمدا، ئەگینا مانەوەی زمان لە بازنەی بنەماڵە و خێڵ و شار و عەشیرە و ناوچەدا، بایەخیکی ئەوتۆی لە دونیای پڕ لە ئاڵۆگۆریی ئەمڕۆماندا نییە.
ڕەنگە یەکێ لە هۆکارە گرینگەکانی لە پەراوێز مانەوەی زمانی کوردی، لە ئاست زمانەکانی دیکەی فارسی و عارەبی و تورکی دراوسێماندا، هەر ئەو شێوازە بێت کە لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا.
هیچ شاراوە نییە کە دەسەڵات و کیانی سیاسی و بەرنامە و پلانی ئەو کیانە لەسەر بەفەرمی کردنی زمانێکی ستاندار، هەم لە ناوخۆ و هەم ڕوو بە دەرەوەی خۆی، کاریگەرترین هۆکارە لەسەر پەرەسەندن و بەڕەسمی و فەرمی ناسندن و مانەوەی کارای هەر زمانێک بۆ چوونە ناو کایەی ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی و پێوەندی لەتەک نەتەوەکانی دیکە.
تا کورد، بە شێوەیەکی ڕاستەقینە و ناسراو لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە،خاوەنی دەسەڵات و کیانی سیاسی و ئابووری و بەرنامەی تایبەتی فەرهەنگی خۆی نەبێت، مەسەلەی زمانی دایکی و زمانی ستانداردی، هەر لە ئاستی هەست و سۆزو پرژ و بڵاویدا دەمێنێتەوە .
چالاکی ئەنجومەن و ناوەند و بنەماڵەکان، بۆ فێر کردنی زمانی کوردی بە منداڵان و مێرمداڵان و چاپ و بڵاو کردنەوە حەفتەنامە و گۆڤار و کتێب، بۆ هۆگرانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی، جێی شانازی و بایەخی تایبەتە، بەڵام لە کۆتایی دا، ئەوە دەسەڵات و مۆدیریەتی زانستییانەی کیانی سیاسییە کە هۆکاری زیندوو هێشتنەوەی زمانی کوردی و تەنیا ئامرازێکی مۆدێڕنی یەکلاکەرەوەی مەسەلەی زمانی نەتەوەکەمانە( بەتایبەت و زۆر زۆر بەتایبەتتر، لە نێو نەتەوەکانی فرە زاراوەی وەک کورد دا) .
بە هیوای پێکهاتنی دەسەڵاتێکی دانپێدانراوی کورد، کە بتوانێ زمانی دایکیمان بکاتە زمانێکی فەرمی و ناسراو لە نێو زمانەکانی دیکەی دونیادا.
#کاناڵی_وشەی_یەکگرتوو
@Sor99
BY کاناڵی وشەی یەکگرتوو
Share with your friend now:
tgoop.com/Sor99/2982