Telegram Web
. وەرە گیانە...

گەر پێت خۆشە دەرد و خەم
فرزەی لە شادی من نەبڕێ
لە نێو دەفتەری ژیان دا
ناوم گوم نەبێ و نەکرێ
بەڵگەی حەز و بەرزەفریم لێرە بە جارێکی نەدڕی،
تیخی زۆردار...
زمانی هۆنراوەم نەبڕێ؛
وشەی شێعرم سڕ نەبێ و ئارەقی روی ماندوو بسرێ،
لێو تەر کەم بە ئۆخەی و وەحەسێم
وەرە... لێرەش ببە هەوڕێم:
دەس لە ملم کە پێبکەنە
ئاشنا کەوە زەردە خەنە
لەگەڵ لێوی سیس و ژاکاوم
سارێژ کەوە ئەم برینەی پڕ لە قینەی خوێن تێزاوم.
ئاخ...! دە وەرە وەرە گیانە
با لەسەر داوا رەواکەم پتر سوور بم
لە تەنگانە و تێشکان دا پێت
پشت ئەستوور بم.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ
خدراوێ - ۱۳٦۱
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر: خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
کوردستانم برینێکە،،شێرکۆ بێکەس
@gerilame
کوردستانم برینێکە
شاعیر:شێرکۆ بێکەس
@Xaled_Avyndar
وێنە:خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
تروسکە

لە تاریکی شەوی رەش دا، تروسکەی ئاگرێ دەگرێ
بە جارێکی دڵی شێت بووم چ بەرگەی ناگرێ دەفرێ:

بەرەو لووتکە وبڵێسە ودەستەچیلە وغاری تەم گرتوو؛
بەرەو ئەودەنگە پرسۆزەی نەترسەلاوکی سووردەچرێ.

گەلێ بێ باکە، ناترسێ: لە باپێچ وکرێوە و تۆف،
نەلوورەی گورگی پێ هیچە، نە قیرەی ئەوقەلەی دەقرێ

منیش، هۆ رازەوانی خۆم: بەرەو ئەو مەشخەڵەی نەخوشم
دەهۆی زۆرن شەوی شەیتان و ریشەی ئەم دڵەم دەبڕێ؛

چیاییم لێرە هەڵناکەم، دە رابە چینەوە کوێستان...
جیاییم لا گەلێ نەنگە و دزێوە؛
ناوی پێ دەزرێ.

ـــــــــــــــــــــــــــــ

شاعیر: خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
. خەو و خەیاڵ

ژیانی من پەژارەیە و...
کەلە رێژە لی ژان و وەی
ئاواتمە هەر نەبێ جارێک
پر بە دڵم بڵێم ئۆ خەی

خەمەکانم گەلێک بە سۆن
کەس نەیدیون لە وانەی من
دەمێک ناسرەون دراوسێم
لە بەر شینی شەوانەی من

ئەوا ئەمشۆش لە دوو چاوم
تـۆراوە خـەو، بـە تـەنـیـایـی
وەک تارمایی، بە کــۆمە کۆم
دەخوشم بۆ دەر، بە ئەسپایی

نە خــشپەیە، نە چــرپەیە
دنیایەکی مات و بێ دەنگ
خامۆشە شار، داوەستاوە
بێ دەنگی چەشنی گۆمی مەنگ

مانگ لە سوێ را هێدی هێدی
دەکشێ بەرەو سینگی ئاسمان
رێبوارێکە و زۆری دیون...
لە وانەی وا سینگیان سمان

ئەستێرە وەک ئەڵماسی روت
پێ دەکەنن رو بە روی مانگ
لەگەڵیان بێدارم، هەتا
مەلای خەواڵوو دەدا بانگ؛

لە ژێر تریفەی مانگە شەو
لە بەر بێڵایە، کاس و وڕ
دێمو دەچم،، بە پێدزە
شەکەت، هەناسە سوار، دڵ پر

بیرم شاشە و مێشکم ئاڵۆز
دژ و پەشۆکاو و پەستم
دوای چەند هەنگاو، جار نا جارێک
چاو بە ئەسرین؛ رادەوەستم:

را دەمێنم دادەمێنم، ئۆقرە ناگرم
گری گرتووە دەروونی من
ئاسۆی هومێدم تاریکەو...
قەڵای هیوام بووە سەرەو بن

پەناو پەسیوی سانەوەم
ئامێزو باوەشی تۆیە
رێگام نادەن دووراودووریش...؛
چاوم لێی بێ ،... ئیتر بۆیە؛

خەوم نایەو خەیاڵ دەمبا...
دەمبا، بەرەو مەڵبەندی دوور
لە زۆر ئاسۆ سەرنج دەدەم
نابینم تارای بووکی سوور

وێڵم بە دوای نادیارێک....
وەکو شێتان دەکەومە دووت
کرنۆش دەبەم بۆئەوشوێنەی
خونچەی دەمی تۆی لێپشکووت

دەرۆم، دەگـرێـم، دەلـەرزم؛
دەترسم لە دەهۆی بەد کار
دڵم تەنگە و دۆش داماوم
لە داخی مەینەتی رۆژگار

دێم هەتا بەر دەرکی ماڵێ
چاوەرێمە چاو کاڵەکەم:
بە گرمەی تۆپێکی لە پر
دەپسێ هەودای خەیاڵەکەم

ئارەقـــەیکــی ساردو سر
دەنیشێتە سەر لەشی من
بە خۆم نیە هەڵدەرژێن ئەمجار
فرمێسکی ئاڵ و گەشی من

ئای... لە چەنگ ئەم هەموو خەمە!!!
وای ...لە دەس بەدکاری بێ خێر
نایەڵن گەر بە خەیاڵیش...!
لە باوەشت گرم: تێر تێر

نێوانمان زۆرە، دوورین لێک!؛
من ئا لێرەم و تۆ لەوێ
دەروەست نیم گەر دڵنیا بم
ناوم لە دڵتا دەسرەوێ.

زۆر لەمێژە کە پێم وتووی؛
ژینم دەگەڵ بزەت جووتە
وەبەسرێ با؛ "گیانی یاخیم":
مەبرەلێم ئەو تاکە قووتە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱۳٦٤ ی هەتاوی

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر: خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
ئاواتی دوور

شەوان تەم بوو
دەورەم خەم بوو
بزەم کەم بوو
ئاخ... سووتان، فرمێسک
بۆ من و شەم بوو
کەچی ئەمشۆ لە سایەی تۆ نەگریام
ئەوین و پەسنی ژینت هاتنە فریام

زۆر لە مێژە
دەڵێم: بێژە
خەم بنێژە
ژار مەچێژە
شۆڤاری شر
گێژ و وێژ
گوڵاڵەی سووری داوێنی کەژ و کۆ
گەلێک رونە کە من ناژیم بە بێ تۆ.

گیانە: ئەمشۆ
لای من وەک تۆ
جێژنەیە، خۆ...
شینە نامۆ
چەشنی دڵت
رونە ئاسۆ
کەچی: ئیلهامی شێعری ناسک و تەر
نەیاری گەر، دژی کرداری بێ فەر

کوا وەرەزم؟
من نابەزم
بۆ ناحەزم
قەت ناتەزم
هیوام دەڵێ؛
بڵێم ئەزم:
زاوای بووکی نێو پەردووی سوور
بۆم دێنە دی ئاواتی دوور.
خەمی کێتە
گیان لە رێتە
دڵم جێتە
چاوم لێتە،
بۆ تەنگانان
هیوام پێتە؛
کە هاورێم بی لە ژیان و شین و شایی
هەتا مردن نەبی: ناوی جیایی.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
۲۰ی بانەمەری ۱۳٦٥

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر: خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
گەڕی گۆبەند


کچۆڵەی جوانی شۆخ و شەنگ،بەژن رێکەی لەباری من
پەری نازداری چاو بەنگی، کەمەر تەنگ،خاسە یاری من

پەژارە دەوری لێ داوم ، کزم ، بێ هێز و داماوم
برا سۆمای دوو چاوم، تەنیویە خەم کەناری من

ئەوەندە بێ سەڵا و ئە نوام گەلێکی وەک "برایمۆک"ی
دەبێ بێن ببنە شاگردم؛ ئا وایە ژینی تاری من

لە مێژە ژاری ئازارێ دەچێژم، من لە دووری تۆ
وەرە هانام، بەزەت دابێ بە حاڵی سەخت و زاری من

گری ئاورگی ئیشقی من، گەری گۆبەند دەسوتێنێ
گەمە نیە، هەرئەمەگ پووچەڵ دەکا گەف لە نەیاری من

مەلەی ناکەم لە دەریای مەند وبێ بن بێ گور تینم*
دەترسم، نیمە نەترەی وا، لە تەنکاوانە؛ کاری من

شۆڤاری دوو زمانی قین لە زگ زۆر گێلە، تێناگا
گراوی خۆم دەزانێ نرخی ئەشک و ئاسەواری من

گوڵم پێ نەگە وەیگۆرێ بە گەوهەر دانە فرمێسکم
وە یان شێعرێکی کەم پایە، بەڵام تا داری زاری من

بە تیری تیژی چاوی تۆیە ئەنگواوە دڵەی شێتم
وەرە بەرکۆژە بترازێنە خونچەی نۆبەهاری من

کە پێمەردی خودام بێنە سەرێ، دەمرم بە ناکامی
دەترسم بتگرێ ئاە و هەناسەی سەرد و سواری من

لە دوای مەرگم کە وەک 'مەم' دیلی دەستی 'بەکر'ە شەیتانم
بە چەشنی 'زین' بناڵێنە و دەبەر خۆ کە؛ دەواری من

وەکو بارێزە برژێنە و لە بانگێ دە لە سەر تەرمم
لە چاو ئەسرین، بڵێ؛ وەی رۆ... "ئەویندار"ی هەژاری من

ـــــــــــ
* ئاماژەیە بۆ ئەو شێعرە بە پێزەی مامۆستا هێمنی مەزنە کە فەرمووی:
ئاو نەبوو ئەو دەمی "هێمن" مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر : خالید ئەویندار

@Xaled_Avyndar
وێنە: خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
گرتوومەتە بەر، رێگە بەرەو مەنزڵی نوێ
لە بەزەو بەخششی خوا، گوڵ لە رێبازم دەروێ


خۆشەویستی گەلەکەم ببووە هەوێنی ژیانم
بۆیە روسوورم و ناوم سەرلە ئاسمانێ دەسوێ

******

بە ناکامی دەرۆم مەنزڵ بە مەنزڵ
هەموو داخم لەگەڵ خۆ بردنە بن گڵ

نە کوردستانەکەم بینی بەئازاد
نە بۆشم دەستەمۆ بوو ئاسکی سڵ

ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر: خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
خۆشم دەوێی


نازدارەکەم؛ گەورە کچی دێ...
سوورە گوڵی باخی هەژاری
هۆی رەنگینی کوردەواری،
فریشتەی ئاوات و تاسەم،
کۆلکەزێرینەی هیوام
نەبزی دڵ، سروەی هەناسەم؛
پەیکەری پاکی ئەوینم
تاو و تینم، نازەنینم
مایەی ژینم:
باجاڕ بدرێ
هەر چوار قورنەی دنیا بگرێ
هەموو کەسیش با بزانن
شەیتان لە داخانا بمرێ:
خۆشم دەوێی روگەی من تۆی
لە گەڵ هەست و ویستم دا کۆی
چونکە جوانی، بێ فێڵی
لە تەنگانان جێم ناهێڵی...
جێم ناهێڵی.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

شاعیر: خالید ئەویندار

@Xaled_Avyndar
گیانی یاخی


ئەی کچی شۆخ، کچی نازدار،
جوانکیلەی بێزار لە ئازار
منی هەژار،
دەمگوت ئەمجار؛
رازەکانم نادرکێنم.
پوورە هەنگی هەستی بزۆز
بە چیلکەی دین ناروژێنم.
پێناکەنم...
ناروشێنم:
باری وشکی لێوەکانم بۆ ماچی کەس
ئەسرینەکەم نارەنجێنم
بە خور با بێ، تاوەکو بەس
رەقیبی ناکەسی تەرەس
شاد بێ بەروی زەردی منی هەناسە سوار.
دەمگوت ئەمجار؛
هەناسەکەم بسکی جوانێ ناهەژێنێ
گفتی شۆخێک...
تینوێتی تاسەم ناشکێنێ
لە جێژوانێ:
بە ئەسپایی، هێدی هێدی
بە گوێچکەمدا ناچرپێنێ؛
شەویی پیرۆزی دڵداری.
بە سرتە کەس هەر نامدوێنێ،
چونکە تازە..تازە دوێنێ
بەم دەستانەی خۆم ناشتووە
کۆرپەی بێ نازی ئەوینم
فرە فرمێسکم رشتوونە
لە سەر مەرگی هیوای ژینم.
ڤینووسەکەم:
خوای جوانی؛
من پێم وا بوو، وام ئەزانی
دەشێم؛ دەرگای دڵم داخەم
خەمو ئازار لە خۆ دوور کەم،
پێگەی تێچوونی ئافرەتی
تێدا وێران و خاپور کەم.
مڵەی بێزاری راو نێم و.....
رو لە دنیای بەرەوژووری رو سوور کەم،
نوقمی نوور کەم
تاریکانی،
پر لە ژانی
نێو زیندانی
پەژارەو ئەوینی جوانی.
دەمگوت ئەمجار:
خۆ لە خەفەت دەشارمەوە
دەبمە ئاشنای گوڵ و بەهار و دارستان،
دەچمە کوێستان....
لاق دە کانیاوێ دەکێشم
هەڵدەمژم شنەی بەیانی.
رادەکشێم لە سەر چیمەن و چاو دەبرمە سووچی ئاسمان،
شەو تا بەیان؛
پێدەکەنم لەگەڵ مانگ و ئەستێرانی.
تەمای وەم بوو:
خۆ رزگار کەم،
لە زیندانی سامی ژین
زەردەخەنە بقۆزمەوە لە بری ئەسرین،
ئاگر بەر دەم:
لە تاپۆ و پەیکەری ئەوین.
بەڵام گیانە: گیانی یاخیم
بێ کوت و زنجیر ناسرەوێ
بمبەستەوە جارێکی دیش
من ئەم کۆیلەتیەم خۆش دەوێ.

ــــــــــــــــــــــ
پایزی ساڵی ۱۳٦۳ی هەتاوی

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر: خالید ئەویندار

@Xaled_Avyndar
2025/02/16 07:53:01
Back to Top
HTML Embed Code: