tgoop.com/baran_naghadeh/1137
Last Update:
بیرەوەری ئەو ڕۆژەی گەڕامەوە بۆ ئەنجومەنی ئەدەبی نەغەدە
چەند مانگێک دەبوو گەڕابووینەوە نەغەدە، دوور و نیزیک ئاگام لە بارودۆخی دۆستانی ئەدەبی هەبوو کە لە نەغەدە تێکۆشانیان هەبوو، ئەوەندەشم دەزانی ئێستا چەند کەسیان هەر وەکوو خۆم بۆ شارەکانی تر کۆچیان کردبوو و چەند کەسیشیان ئاوارەی وڵاتانی دیکە و هەندەران ببوون،بێ ئەنجومەنی ئەدەبی گوزەرانێکی ناخۆشم هەبوو، نەشمدەکرد بپرسم و بزانم دواین تێکۆشانی ئەدەبی لە شارەکەم بە چ چارەنووسێک گەیشت، هەرچی بوو هەستم دەکرد هیچ جم و جۆڵێک نەماوە و کەوتومەتە وڵاتێکی قاقڕ و بێ شیناوەرد.
ڕۆژێک دانیشتم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم لێک داوە و سەنگ و سووژنم کردن، بە خۆم دەکوت کوڕە خۆ هەروا نابێ، دەبێ شوێنێک هەر هەبێ، دەبێ چەند کەسێک هەر مابن ئەو ئەرکە قورسەیان لە سەر شان دانابێ، لە پەیجێکدا نێوی ئەنجومەنی ئەدەبی بارانم بۆ یەکەمجار بیست، نووسرابوو کاتی بەڕێوە چوون: ڕۆژانی چوارشەممۆ، ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی، کاتژمێر هەشتی ئێوارێ.
ئەگەر لە بیرم مابێ ساعەت هەشت بەرنامەکە دەستی پێدەکرد، خۆشییەکی زۆر لە دەروونم گەڕا، دەی کە وابێ ترووسکەیەکی هیوا دەتوانم بەدی بکەم، ڕۆژی گۆرین زۆر زوو وەڕێکەوتم بەرەو شوێنی دانیشتنەکە، لە نێوان ماڵی ئێمە و شوێنی ئەنجومەن، چیترم نەدەدی، چرایەکی پڕشەنگدار لە دوور ڕا دەترووسکاوە و چاوی لێ دادەگرتم. چارەگێک زووتر گەیشتمێ، ئێستا پێم سەیرە ئەو وەختە دەرگا بۆ ئاواڵە بوو، چوومە ژووری ئیڕشاد، دەرگای ساڵۆنم کردەوە، وڵاتێکی چۆل و هۆل و تاریک، زۆر چاوم گێڕا، دۆستانی باران بەدی بکەم نەمدیتنەوە، لە کۆتاییدا تووشی کەسێک بووم کوتی لە مێژە لێرە جەلەسە بەڕێوە نابەن و دەبێ بچییەوە گەڕەکی کوردان، نازانم ئێستا زەنگی دۆستانم چۆن دیتەوە و نێو و نیشانیم لێ وەرگرتن، خۆم دە تاکسییەکی هاویشت و تکام لێ کرد بەپەلە بمبا بۆ شوێنی ئەنجوومەن.
ئێستا دوای ماوەی سێ ساڵان، زۆر جار کاتێک لە ئەنجومەنی ئەدەبی دادەنیشم و هەول و تێکۆشانی دۆستانی ئەنجومەنی ئەدەبی دەبینم، هەست بە خۆشییەکی زۆر دەکەم، هەر چەند ئێمەش بێ ئاوڕدانەوە لە شارەکەمان و لە ئەدەب و فەرهەنگەکەی، بە جێمان هێشت و سەرانسوێمان نەکرد، بەڵام ئەوەتا ئێستا هەر ئەنجومەن و دۆستانی دڵسۆزی کە نەشم دەناسین دەرگای ژووری ئەنجومەن و دەرگای دڵیان بۆ کردووینەوە و وەکوو هاوشارییەک، نەک وەکوو میوان وەریانگرتووینەوە.
ئەمن پێم وایە دەگەڵ ئەو مەشخەڵەی لە سەر "کێوی بابەسەن" و "سوڵتان بایەقووب" و "چۆمی پیرۆز بەراز" و "گڵکۆی هەورازی نەمر" و "یانە وەرزیشییەکان" و هەموو شوێنە پیرۆزەکانی نەغەدە دەهایسێ، مەشخەڵێکیش هەمووکات لە سەر ئەنجومەنی ئەدەبی نەغەدە گرشەگرشێتی، زستان بێت، تووش و سەخڵەتی و سەهۆڵ بەندان بێت، یان هاوینێکی گەرم و پڕ لە هاڵاوی گەرما بێت، و تەنانەت لە سەردەمی کڕۆناش، بە شێوەی مەجازی، ئەوە دەرگای ئەنجوومەنی ئەدەبی کراوەیە و دۆستانی ماندوویی نەناسی ئەنجومەن ناهێڵن گرشە گرشی ئەو مەشخەڵە لە وەستان کەوێت.
جاران کە گوێم بۆ شێعری "سەڕبازی ون" ی عەبدوڵڵا پەشێو ڕادەگرت، بە قەرا ئێستا لە مانای سەربازی ون تێ نەدەگەیشتم، دەبێ لە شاری نەغەدە و لە نێو دۆستانی ئەنجومەنی ئەدەبی و هەموو ئەو چالاکوانە وەرزشییە و فەرهەنگییانەی ئەو شارە دابنیشی، ئەودەم ماناکەی بە دڵ هەست پێدەکەی، هەست بە سەربەرزی دەکەی لەوەی ئەتۆ لە کۆڕ و کۆبوونەوەیاندا بەشداری، جاری وایە دڵم دەکوشرێ، هەزاران جار شوکر و سوپاسگوزاری دەکەم لەوەی کە لە ناو شارێکی ئاوادا دەژیم، کاتێک دۆستان دەبینی بە شەو ملی ڕێگایە دەگرن و ئەم شار و ئەو شاری دەکەن بۆ ئەوەی لە بن مەشخەڵی ئەنجومەنی ئەدەبی کۆ ببنەوە و بەرنامە بەڕێوە ببەن، یان کاتێک خاتوونێک بەو پەڕی گەورەییەوە ڕێگای دوو شاران دەبڕێ هەر بۆ ئەوەی بێتەوە ماڵی خۆی و نەهێڵێ ئاوری ئەو مەشخەڵە لە کزی بدات.
گەورەیی و لە خۆبردوویی دۆستان یەکجار زۆرە و ئێستا لەو کورتە بیرەوەرییەدا نامهەوێ بپڕژێمە سەر ئەو باسە، بەڵام پێم خۆش بوو بە بۆنەی سێهەمین ساڵی گەڕانەوەم بۆ ئەنجومەنی ئەدەبی شارەکەم ئەو چەند ڕستەیە بنووسم و دەست خۆشی لەو شۆڕە لاوانە بکەم کە لە شاری نەغەدە دەست لە تێکۆشانی فەرهەنگی و ئەدەبی و وەرزشی هەڵناگرن و دەرگای ماڵەکەیان هەمووکات بەرەوڕووی تامەزرۆیانی فەرهەنگ و زمان و کلتوور و وەرزیش ئاواڵەیە.
🖋 مەسعوود فازلی
@Baran_naghadeh
BY ئەنجومەنی ئەدەبیی بارانی نەغەدە
Share with your friend now:
tgoop.com/baran_naghadeh/1137