tgoop.com/kurdishbookhouse/1059
Last Update:
📘ڕه‌وایه‌تی سێبه‌ره‌کان له وێنه‌کانی جه‌مشید فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا؛ به بۆنەی بڵاوبوونه‌وه‌ی کتێبی شه‌به‌نگی کوردستان
✍️ دوکتۆر #مه‌سعوود_بینه‌نده
▫️ ڕابێرت کاپا(١٣٩٧) له ڕسته‌یه‌کی به‌ناوبانگیدا هۆشداری ده‌داته وێنه‌گر که " ئه‌گه‌ر وێنه‌کانت ئه‌وه‌نده‌ی پێویست چاک ده‌رنه‌هاتوون، بزانه که به ڕاده‌ی پێویست خۆت له بابه‌تی وێنه‌که‌ت نیزیک نه‌کردوه‌ته‌وه"( له زاری مقیم‌نژاد، ل ١١٠). جه‌مشید فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا به باشی ئه‌م ئامۆژگارییه‌ی کاپای به‌کارهێناوه و وه‌کوو ته‌کنیکێکی تایبه‌تی، خۆماڵی کردووه‌ته‌وه. ڕه‌نگه یه‌کێ له هۆکاره‌کانی ئه‌م بابه‌ته، به‌رچاوبوونی ئه‌م نیزیکییه بێت له ژانری پۆرتێره‌یتی جه‌مشیددا، به‌ڵام نیزیکی به ئۆبژه چ له ڕوانگه‌ی فه‌زایی و چ له سۆنگه‌ی ده‌روونییه‌وه(هاودڵیی وێنه‌گرانه) وه‌کوو یه‌کێ له ته‌کنیکه تایبه‌تییه‌کانی وێنه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده دێته ئه‌ژمار. ئه‌گه‌رچی کاراکتێره‌کانی وێنه‌کانی جه‌مشید کاراکتێرگه‌لێکی ماندوو و ده‌رده‌دار د‌ه‌نوێنن به‌ڵام هاوکات به‌شێوه‌یه‌کی ئایرۆنی، شادمان و هیوادارن.
▫️وێنه‌کانی فه‌رجو‌ه‌ندی‌فه‌ردا وێنه‌گه‌لێکی هونه‌ری سه‌ر به ژانری داکیۆمێنتارین که هه‌وڵ ده‌ده‌ن له ڕێگای جۆرێک ڕیالیزمی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌نگ و ڕه‌نگی خه‌ڵک بنوێننه‌وه. خه‌ڵک له‌م وێنانه‌دا خه‌ڵکانێکی ئاسایین له به‌ستێنی ژیانی ڕۆژانه‌ی خۆیاندا، و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ێ گیرۆده‌ی کێشه و گرفته‌کانی خۆیانن به‌ڵام هیوادارانه ده‌ژین و ڕه‌نج و شادمانی پێکه‌وه له ئامێز ده‌گرن. هه‌ر بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌م جۆره وێنانه به ئاڕاسته‌یه‌کی مرۆڤدۆستانه‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن ده‌نگی بێ‌ده‌نگکراوه‌کان و پرسی په‌راوێزکه‌وته‌کان به‌رز بکه‌نه‌وه و که‌ناڵێکی دیمۆکراتیک بۆ ده‌رکه‌وتن و ڕوخسارنواندنی ئه‌وانه‌ی بێ‌ڕوخسار کراون چێ بکه‌ن.
▫️پۆرتێره‌یته‌کان و ڕه‌نگه تۆخ و کێو‌ییه‌کانی وێنه‌کانی فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا جۆرێک داکیۆمێنتاریی کۆمه‌ڵایه‌تین که شه‌به‌نگێ له خه‌ڵکانی نیشتمانی کوردستان له به‌ستێنی ژیانی ڕۆژانه و هه‌روه‌تر له ئاسۆی خه‌ونه‌کانیاندا ده‌کێشێته‌وه. ئایرۆنی و پلاری ئه‌م وێنانه له هه‌مبه‌ر کارکردی پڕۆپاگاندا ده‌وه‌ستێنه‌وه و وێنه‌ی بانگه‌وازی کاندیداتۆره‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر دیواره گڵینه‌کانی کۆخه‌چۆڵه فه‌رامۆشکراو و په‌راوێزخراوه‌کان ده‌گۆڕێت بۆ چه‌شنێک "پڕۆپاگاندا به‌رهه‌ڵستی پڕۆپاگاندا".
▫️فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا له ڕێگای به‌کارهێنانی ئاوێنه و قاپ له هه‌ندێ له وێنه‌کانیدا، ژێستێکی چالاک له کاراکتێره‌کانی به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له‌م چه‌شنه هونه‌رنواندن(photogenia)ه‌دا به وته‌ی رۆلان بارت، په‌یامی ده‌روونی له‌سه‌ر په‌یامی بێ‌ڕه‌مزی کرده‌وه‌ی سه‌ره‌تاییی وێنه، تۆمار ده‌کات(سونسون، ل٤١). ئه‌م چه‌شنه به‌کارهێنانی “قاپ”ه، به شێوازێکی داهێنه‌رانه ڕه‌وایه‌تێک له قووڵایی وێنه‌کاندا ده‌هێنێته زار، گێڕانه‌وه‌یه‌ک که به‌پێی فره‌چه‌ندیی کادربه‌ندیی و له ئاسۆی پێرێسپێکتیوی “کادر له کادر”دا، ئیماژه‌کان له قووڵایی وێنه‌له‌پاش‌وێنه‌دا ڕۆ ده‌بات.
▫️ ئه‌و پۆرتێرانه‌ی هه‌موو ژیانی خۆیان له جه‌نگه‌ی ڕه‌نج، ته‌نیایی و په‌راوێزکه‌وتندا تێپه‌ڕ کردووه و به‌رده‌وام له تارمایی سێبه‌ردا ژیاون، له ژێر قورسایی سێبه‌ری "سێبه‌ر"دا تووشی دڵه‌ڕاوکێیه‌کی مه‌نگ و مه‌رگئاسا هاتوون. له وینه‌کانی فه‌ره‌جوه‌ندی‌فه‌ردا هه‌موو شتێ به‌پێی باوی هه‌میشه‌یی ده‌ڕواته پێش و ئه‌مه له بۆچوونی بێنیامین‌دا ڕێک خودی کاره‌ساته. کاره‌سات له ئه‌گه‌ری ڕوودان و هاتونه‌هاتدا نییه به‌ڵکوو هه‌مان سرووشتی وشکه‌ڕۆ و بێ‌گیانی سێبه‌ره‌کان و به‌تارمایی‌بوونه‌کانه که شه‌به‌نگی سێبه‌ره‌کانی له کۆبه‌رگی "شه‌به‌نگی کوردستان"دا به زار و په‌یڤی وێنه‌کان ڕه‌وایه‌ت کردووه.
🔻درێژەی بابەت... (Zêdetir Bixwîne)
🌐 http://kurdishbookhouse.com/ku/100-948/
📎داگرتنی PDF
#اختصاصی_خانه_کتاب_کردی
■ببنە ئەندامی "ماڵی کتێبی کوردی":
▪️ @kurdishbookhouse
🌎 پایگاه خبری خانهٔ کتاب كُردی
BY Kurdish Book House
Share with your friend now:
tgoop.com/kurdishbookhouse/1059