tgoop.com/meleksha/2041
Last Update:
ئەوانەی من دەناسن و منیان دیوە و بە وەزعی ژیان و ژیوارم دەزانن بێگۆمان لەو ڕاستییە دەگەن کە هەرگیز بەدوای ئەوە نەبوومە پارە کۆ بکەمەوە و هەرگیز نەمویستووە قەڵەمی خۆم بە پارە بگۆڕمەوە.
بەو هیوام کە کەس ئەم بابەتە کە دەمەوێ باسی بکەم بە هەڵە وەری نەگرێ و لای کەس وانەبێ کە جەلالی مەلەکشا بە مەبەستی بەرژەوەندی تاکی خۆی سەرەنجی خستووەتە سەر ئەم باسە.
بە داخەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا ڕووبەڕووی دیاردەیەکی زۆر ناشیرین و ناحەز بووینەتەوە کە کەس هیچ حیسابێ بۆ مافی کۆپی ڕایت/مافی لەبەرگرتنەوە ناکات و ئەم حاڵەتە تەنانەت لە نێوان هونەرمەندانی وڵاتدا بە زۆری دەبینرێ!
لە کاتێکدا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان شکاندنی یاساکانی مافی کۆپی ڕایت/مافی لەبەرگرتنەوە و بە کارهێنانی بەرهەمەکانی خاوەن بەرهەم بە بێ مۆڵەت بە تاوان دەژمێردرێت دەبێ ئێمەی کوردیش بەرەو شارستانیەتی نوێ هەنگاو هەڵگرین و هەر تاکێ لە ئێمە وەکوو خۆی هەوڵ بدات بۆ پاراستنی مافی خاوەن بەرهەم.
بێگۆمان هەر هونەرمەندێ وەکوو هەموو تاکەکانی دیکەی کۆمەڵگا پێویستی بە بژێوی ژیانە و بژێوی ژیانی هەر هونەرمەندێ دەبێ لە ڕێگای هونەرەکەیەوە دابین بکرێ!
کەواتە نابێ هونەرمەندێکمان هەبێ کە شۆفێری بکات و لە هەمانکاتدا ڕۆمانێ بنووسێ کە دنیا بخاتە لەرزەوە،ناکرێ هونەرمەندێکمان هەبێ کە بە هۆی سەرقاڵ بوون بە کاری بازاڕەوە تەنانەت کاتی نەبێ بۆ وە بەرهەم هێنانی کاری تازە! ناکرێ گۆرانیبێژمان لە ماڵی خۆیدا دەیان ئەلبۆمی نەفرۆشراوی لەسەریەک دانابێ و پارەی ئەوەی نەبێ کە بەرهەمە نوێییەکەی لە ستوودێو تۆمار بکات تەنیا
لەبەر خاتری ئەوەی کە ئەلبۆمەکەی بۆ داگترتنی بە بێ بەرامبەر و بە خۆڕایی لە هەموو ماڵپەڕەکاندا بڵاو بووتەوە....!
ئێمەی کورد گەلێکین کە لە ئاستی دنیادا بەس بە تراژدیاکانی ئەنفال و هەڵەبچە و کۆبانی و شەنگال ناسراوین!
تەنیا ناوی پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانانمان هەیە کە ڕەنگە کومەڵە خەڵکانێ لە بەرخاتری ئەو بەرگریە قارەمانەیان لە بەرامبەری داعش بیستبتیان و ئیتر هیچ!
یەک لەو هۆکارە گرینگەکانی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هونەری گەلەکەمان بەدنیا بناسێنین و هونەرمەندانێکمان هەبێ کە لە دنیا بە ناوبانگ بن..
ڕەنگە نەبوونی دەوڵەتی کوردی گرینگترین هۆکار بێت بەڵام لای من هۆکاری زۆر گرینگی دیکەش ئەوەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگا بائەوەی کە هونەرمەندانی خۆیان زۆر خۆش ویستووە و لە بەرهەمەکانیان چێژیان وەرگرتووە بەڵام بەداخەوە هەرگیز پشتی هونەرمەندانی خۆیان بەو شێوەیە کە پێویست بووە نەگرتووە!
🔸جەلال مەلەکشا
@meleksha
BY هۆنراوەکانی مامۆستا جەلال مەلەکشا
Share with your friend now:
tgoop.com/meleksha/2041