Telegram Web
Forwarded from کوردستان بات
🔳 کاریگەری پیگمالیۆن

#سێخورمە

کاریگەری پیگمالیۆن، دیاردەیەکی دەروونناسییە، مەبەستی ئەم بابەتە ئەوەیە ڕەفتارەکانی تاک لەژێر کاریگەری چاوەڕوانییەکانی ئەوانی ترەوە بیچم وەردەگرن. ئەگەر ئاستی چاوەڕوانی لە تاکێک کەم بێت ڕەفتاری ئەو بەرەو باشی ناڕوات، کەچی ئەگەر ئاستی چاوەڕوانی لە کەسێک لە سەرترەوە بێت ڕەفتاری ئەویش بەرەو باشی و گەشەکردن دەڕوات. بۆ نمونە ئەگەر مامۆستایەک باوەڕی ئەوە بێت قوتابییەکی زەینکوێرە، قوتابیەکەش وردە وردە بەوە باوەڕ دەکات کە ئەو بەڕاستی زەینکوێرە. بەڵام بە پێچەوانە ئەگەر باوەڕ وابێت قوتابییەکە زیرەکە، ئەویش هەوڵدەدات خۆی بەو ئاستە بگەیەنێت کە لێی چاوەڕوانی دەکرێت. و...

بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە تاقیکردنەوەی IQ لەسەر قوتابیان ئەنجام درا. ئەوانەی نەیانتوانی لەم تاقیکردنەوە سەرکەون بە شێوەی نهێنی وەک سەرکەوتوو بە مامۆستاکانیان ناسێندران، ئەوانەیش سەرکەوتووی ڕاستەقینە بوون بە ناسەرکەوتوو درانە قەڵەم. پاش ئەوەی وەک قوتابی زیرەک لەگەڵ سەرکەوتووە بەدەڵەکان لە لایان مامۆستاکانەوە ڕەفتار کرا لە تاقیکردنەوەکاندا ئەم گرووپە دەستکەوتی باشیان بەدەست هێنا و ئەنجامەکە زۆر ئەرێنی بوو و ئەوان گەشەیان کرد. کەچی سەرکەوتووە ڕاستەقینەکان هیچ پێشوەچوونێکیان نەبوو.

هەروەها ئەو بەڕێوبەرانەی (مدیران) لە کارگێڕەکانیان (کارکنان) چاوەڕوانی (انتظار) زۆرتریان هەیە دەتوانن ئەوان بەرەو دەستکەوتی زیاتر هان بدەن. چاوەڕوانییەکانی بەڕێوبەر لەسەر خۆ پێگەیاندن و تەقەلا و کرداری باشتر و زیاتری کارگێڕەکان زۆر کاریگەرە.
بۆ ئەوەی پیگمالیۆن کاری خۆی بکات پێویسته بەڕێوبەر هەتا دەتوانێت شوێنی کارەکەی سەمیمی و دۆستانە بکاتەوە، پێوێستە شوێنی کارکردن ئارام و بەبێ ئێسترس و تەژی بێت لە ڕێزگرتن. پێویستە بەڕیوبەر بە یارمەتی و بە ڕاوێژ (مشورت) لەگەڵ کارگێڕەکان هەندێ ئامانج دیاری بکەن و بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە هەوڵ بدەن. دەبێ کاری کارگێڕەکان چاودێری بکرێت و بەردەوام هەوڵ و کۆششەکانیان تەشوێق بکرێت و کارەکانیان ببینرێت.

ئەم بابەتە یەکەم جار لە لەلایەن ڕۆبێرت  ڕۆزێنتاڵ (2024 ــ 1933) مامۆستای زانکۆی کالیفۆرنیا لە ساڵی 1968 دۆزراوەتەوە. ئەو ئەم ناوەشی لە ئوستوورەیەکی یونانییەوە وەرگرتووە. کورتەی ئەم ئوستوورەش ئەوەیە:

پیگمالیۆن لە ئووستوورەکانی یۆنان پەیکەرتاشێکی کارامە بوو. ئەو ڕقی لە ژنان بوو، پێی وابوو هیچ ژنێک شایستەی ئەو نییە، بۆیە بڕیاری دابوو هاوسەرگیری نەکات. بۆ ئەوەی سووکایەتی بە ژن بکات بڕیاری دا پەیکەرێک لە ژن دروست بکات، هەموو هێز و هونەریشی لەسەر ئەو کارە و ئەو پیکەرە دانا. هەر ڕۆژ لەسەر پەیکەرەکە کاری دەکرد بەڵام لە کارەکەی خۆی ڕازی نەبوو. وەلێکان وازواز لەسەر تێ کۆشانەکەی مکووڕ بوو تاکوو توانی جوانترین پەیکەر بەرهەم بهێنێت. پەیکەرەکە ئەوەندە جوان و خاڵخاس بوو، دەلالی هیچ ئافرەتێک شیاوی بەراوەردکردن لەگەڵ شەنگی بەرهەمەکەی پیگمالیۆن نەبوو. لە ئەنجامدا پیگمالیۆن عاشق و گیرودەی جوانی پەیکەرە تاقانە دروستکراوەکەی خۆی بوو. بەردەوام پەیکەرەکەی ڕادەمووسی و لە ئامێزی دەگرت و جلوبەرگی بەبەردا دەکرد. پێشی وابوو پەیکەرەکە حەزی لەم کار و لەم شتانەیە. سەرەنجام ئافرۆدیت خواوەندی ئەوین بەم سۆز و خۆشەویستییە زانی و گیانی بە پەیکەرەکە بەخشی. پیگمالیۆن هەمیشە باوەڕی ئەوە بوو پەیگەرەکە حەتمەن گیان دەگرێت، بۆیە باوەشی پێ کرد، بینی پەیکەرەکە هەموو لەشی گەرم بوو، مەچەکی گرت، پەیکەرەکەش بزیەکی کرد و لەشەرما ڕوومەتی سوور هەڵگەڕا... پیگمالیۆن ناوی پەیکەرەکەی نا "گالاتئا" ئینجا گالاتئا و پیگمالیۆن پێکەوە زەماوەندیان کرد و ساڵان پێکەوە ئەویندارنە ژیان.

🔻کاناڵی پەرانتێز 👇
🆔 @parantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾
Please open Telegram to view this post
VIEW IN TELEGRAM
🔳 بەشێک لە وتاری ویژدانی نەتەوەیی و هەست بە تاوان

#کەیهان_عەزیزی

نەتەوەیەکی داگیرکراو، ئەگەر لە داگیرکراوبوونی وەڕەز نەبێت و نەکۆشێت بەرەو خۆیەتی خۆی بگەڕێتەوە و لە هێژمۆنی ئەویدی خۆی قوتار بکات، هەرگیز ناتوانێ داهێنەرانە بوونی خۆی دابهێنێت و بە ئازادی بگات. نەتەوەیەک داگیرکراوبوونی فەرامۆش بکات و هێزی داهێنان بدۆڕێنێت، ناتوانێ ئیدعای "هەبوون" بکات. بەبێ هەبوون داهێنان مومکێن نییە، بۆیە پێویستە سەرەتا هەبوونێک هەبێت هەتا بتوانیت دابهێنیت. چون بوون بنەڕەتی هەموو شتێکە، هەموو شتێک لەسەر بوون ڕادەوەستێ، بوون، مانابەخشی هەموو دیاردەکانە. ئەگەر بوونت نەبوو یا بوونت داگیر کرا، ئیتر هیچ جوڵەیەکت ناکەوێتە خزمەتی بوونی خۆتەوە. دیارە مێژوو، ئەدەبیات، هونەر و وڵاتیشت نابێ. کورد وەک نەتەوەیەک لە هونەر و ئەدەبیات و زانست و تەنانەت لە هەر کایەیەکدا هەرچی دەکات بۆ ئەویترە، لە خزمەت بوونی خۆیدا نییە. تەنانەت جاران سەرکەوتنەکانی کوردێک لەچاو خەڵکانێکەوە چوون لە چوارچێوەی هەبوونی کورد نین بە سەرشۆڕی شرۆڤە دەکرێن. هایدیگێر لە تەفسیری شیعرێکی هۆدرێرلین کێشەی بێوڵاتی یان دوورە وڵاتی بە مانای پارچە خاکێکی دیاریکراو نازانێ، بەڵکوو دەڵێ: "بێوڵاتی فەرامۆشکردنی بوونە" (محەمەد کەمال،1401: 156) تۆ بوونت نەبوو خاوەنی هیچ شتێ تەنانەت خاکیش نیت. نەتەوەیەک ئەو کاتەی بێوڵاتە بوونی لە لایان ئەویترەوە داگیر کرابێت، یان خۆی نەناسێ و هێزی داهێنانی دۆڕاندبێت. چون بەبێ داهێنان، ئیدعای مێژووش ئەفسانەیە. بۆیە ناسینی "هەبوون" دەتوانێ ئێمە بۆ بوونی نەتەوایەتیمان بگەڕێنێتەوە. ئەمەش گەڕانەوەیە بۆ وڵات، گەڕانەوەیە بۆ ناو جەرگەی مێژوو.

ئێمەی کورد هەتا ئێستەش هەڵەیەکی گەورە دەکەین. بەرلەوەی بوون و کوردبوونمان، بسەلمێنێن و "هەنایەتیمان" * بۆ خۆمان و بۆ ئەویدی ڕوون کردبێتەوە لەسەر "ناوەڕۆک" مشتومڕمانە. واتە لە نێوان کێشەی کۆنی ناوەڕۆک (ماهیت) و بوون (وجود)، بەبێ ئەوەی بیرمان لێ کردبێتەوە ناوەڕۆک و چییەتیمان خستوەتە پێشەوە. کەچی ڕوونمان نەکردوەتەوە ئەم ناوەڕۆکە بۆچی دەگەڕێتەوە و لەسەر چی ڕاوەستاوە؟ کاتێ تەنیا باسی ناوەڕۆکی کورد بکەین ئەوەی فەرامۆش دەکرێت "بوونی کورد"ە، بوون کراوە بە هیچ. وەک ئەفلاتوون کە دەڵێ بوون لێرە نییە و لە شوێنێکی ترە، ئەوەی ئاوری لێ دەداتەوە ناوەڕۆکە و ئەمیش بە ڕاستەقینە نازانێ و دەڵێ سێبەرە. ئەمە وەک ئەوە وایە بەرلەوەی باسی بوونی درەخت بکەین و بوون بە بنەڕەت دابنێین، هاتووین بوونی درەختمان لەبیر کردوە و لەسەر ناوەڕۆکی درەخت یان چییەتی درەخت مشتومڕمانە. کەچی ئەگەر درختێک بوو ئەوا خسڵەتەکانی درختیش هەن. بە جارانیش ناوەڕۆکی ئەوان و ئێمە تێکەڵک کراون. ئەوەی نەبینراوە بوونی ئێمە بووە، یان بوونی ئەوان هەبوونی ئێمەی داپۆشیوە. ئێمە، ناچار لە ئاست هاوبەشیەکانی خۆمان و ئەواندا، سازشمان کردووە. وردە وردە لە ڕێی ئەم سازشەوە ئەوان ئێمەیان داگیر کردوە و بوونی ئێمەیان سڕیوەتەوە. دواجار ئێمە بووینەتە ئەوان. ئەگەریش لە ئاست ئەوان ناڕەزایەتی دەرببڕین بە چەندین ناتۆرەی سەمەرە تاوانبار دەبین. ئەمەش لەبەر ئەوەیە ڕەسەنایەتی دەراوەتە ناوەڕۆک و بوون کراوەتە لاوەکی. کەچی کاتێ بوونێک هەبێت ناوەڕۆکیش خۆی دەردەخات، چون چییەتی لەسەر بوون ڕادەوەستێ. تەنیا بەم جیاوازیەوە کە دازاین ناوەڕۆکی کاتییە و لە زەمەندا بە پێی ژیانێکی ڕەسەن و "هونەرمەندانە" خۆی دەردەخات و لە یەک ئاستدا نامێنێتەوە. بەگشتی "کات، شوێنی کردەوەی مرۆڤە." ئەگەر تۆ گشتیەتێک یان هەبوونێک وێنا نەکەی ئەی چییەتیت لەسەر چی خۆی ڕادەگرێ؟ بە زمانێکی ئاسانتر کاتێ یەکگرتوویەک نەبێ جیاوازیەکان یەکتر ناناسنەوە و هاوبەشییەک وێنا ناکەن. دەکرێ بپرسین بەڕاستی ئەگەر گشتیەتێک نەبێ جیاوازیەکان بۆ چی و بۆ کام نیاز یەکتر بناسنەوە؟ ئایا ئەگەر گشتییەتێک نەبێ پێویست بە ناسینەوە دەکات؟ بۆیە هەتا کاتێک کورد، هەبوون و یەکگرتوویی و گشتییەتێک وێنا نەکات ناتوانێ خۆی بناسێتەوە. بەڵکوو دواجار لە گێرە و کێشەی جیاوازیەکان ئەوەی ون دەبێ و ناناسرێتەوە بوونیەتی وەک نەتەوە، بوونیەتی وەک کورد.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
* "هەن" به واتای هەبوون، شتێ کە هەیە.

🤝لێرەین 👇
🆔
@perantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾
Please open Telegram to view this post
VIEW IN TELEGRAM
🔅 کەسانێک لە بەرامبەر زوڵم یەکنەگرنەوە، لە زیندانەکانی زاڵم یەکتر دەبینەوە.

برتۆڵت برێشت


🤝پەرانتێز 👋
🆔
@perantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾
🔳 فەلسەفەی هونەری هێگل بە زوانی سادە (1)

#کەیهان_عەزیزی

دەزانن ئاسەوارە هونەریەکان لەبەر ئەوەی بەرهەمی خەیاڵکردن هیچ زانستێک ناتوانێ پێناسەیان بکات، واتە بەرهەمی هونەری بەرناسی هیچ زانستێک نییە و هیچ زانستێک لەسەر بەرهەمێکی هونەری بڕیار نادات. بۆیە یەکەم پرسیار لە باسی هونەردا لە فەلسەفەی هێگل ئەوەیە ئایا ناسینی درووست و جێگای متمانە لە بواری هونەردا ئیمکانی هەیە؟ ئایا لە بەرهەمە هونەریەکان دەتوانین هەقێقەت ببینینەوە؟ ئایا شیکاری و لێکۆڵینەوە لە پێناوی هونەر شتێکی شیاوە؟ جوابی هێگل لەم بارەوە پۆزەتیڤە، ئەو پێی وایە ناسینی ڕاستەقینە لە هونەر و لە بەرهەمە هونەریەکاندا شتێکی گونجاوە و دەکرێ. ئەم وڵامە و ئەم ڕوانگە دیارە پەیوەندی بە کۆی فەلسەفەکەی هێگلەوە هەیە؛ چون ئەو سیستمێکی فەلسەفیی سەرجەمگیری هەیە، هەموو شتێ لەسێبەری ئەو سیستمە فەلسەفییەدا شی دەکاتەوە.

سیستمی فەلسەفی هێگل لەسەر بنەمای بوونی  ئاگامەندی و بەرجەستەبوونی ئەو ئاگامەندییە دادەمەزرێت. بە پێی فەلسەفەی هێگل ئاگامەندی (ڕۆح) بوونێکی ڕەهای هەیە، ئەو خۆی دەردەخات، خۆ دەرخستنەکەی ئاگامەندی دەبێت بە جیهان و بە مێژوو. جیهان، نوێنەرایەتی سروشت و مێژووش نوێنەرایەتی چالاکییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵ دەکات. (محەمەد کەمال، 2017: 65) ئاگامەندی کاتێک خۆی دەردەخات پرۆسەیەکی سێکوچکەیی واتە تێز و ئانتیتز و سەنتێز دێنێتە ئاراوە. ئاگامەندی پاش ئەوەی خۆی دەرخست ئەویدییەک لە شێوەی سروشت بۆ خۆی دروست دەکات، دیارە سروشت لە ئاگامەندی جیا دەبێتەوە، بەڵام وەک ئەو ڕەها نییە، بۆیە دەبێتە دژەتێز. پاشان ئاگامەندی تێدەگات سروشت لە ئەو دوور کەوتوەتەوە و تووشی "نامۆبوون" هاتووە، بۆیە ئاگامەندی تێ دەکۆشێ جارێکی تر دەست بەسەر سروشتدا بگرێتەوە و کۆتایی بە نامۆ بوونەکە بهێنێت. ئینجا ئاگامەندی تێزە، سروشت دژەتێزە، تێهەڵکێشراوی (سەنتز)  ئەم دوانە ژیان یا مێژووی لێ دەکەوێتەوە. کەوابوو سروشت، مێژوو، بیرۆکە، شارەستانیەت و ئەدەب و هونەر، [هەموویان] بەشێکن لە ڕۆحی ڕەها کە لە واقیعدا و لە دەرەوەی ئاگامەندیدا نوێنەرایەتی ئەو دەکەن. (محەمەد کەمال، 2017: 66) کەوابوو هونەریش دەبێتە بەستێنێک ئاگامەندی دەتوانێت خۆی لەناویدا دەربخات و خۆی بەرجەستە بکاتەوە. بۆیە ناوەڕۆکی (ماهیت) هونەر شتێکی جیاواز لە ڕۆحی ڕەها نییە. بەڵکوو شوێنی خۆدەرخستنی ڕۆحی ڕەهایە.

بەرهەمە هونەریەکان لە هەر چەشنێک هەبن لە لایەکەوە دەرکەوتنی ڕۆحی ڕەهان لە چوارچێوەی مادە، لە لایەکی تریشەوە خۆ دەربازکردنی ڕۆحە لە دەستی مادە. کەوابوو هونەر، شوێنی نواندنەوەی ناسازگاری و بەرامبەریەتی ڕۆح و قاڵبە. هەروەها شوێنی پەیوەندی گرتنی ئەم دوانەشە، لە شوێنێک ئەگەر ڕۆح بتوانێ بەسەر ماتەریاڵدا زاڵ ببێت بەرهەمی هونەری دەسڕێتەوە. واتە کاتێک هونەرێک دەگاتە پلەی کامڵبوون کەسایەتی خۆی لە دەست دەدات و بە تەواوی دەبێتە شتێکی نامادی و نابەرهەست و لە قاڵب دادەبڕێت. "مەبەست لەو وتانەی سەرەوە ئەوەیە لە بەرهەمی هونەری ڕۆح یان ئاگامەندی ناچارە لە قاڵبێکی مادی دەرکەوێت، بەڵام مادە بەربەستە هەتا ئاگامەندی یا ڕۆح بتوانێت بە تەواوی خۆی بەرجەستە بکاتەوە. لە لایەکی ترەوە ئەگەر ڕۆح بەسەر مادە زاڵ ببێت ئەوا قاڵبی بەرهەمی هونەری دەسڕدرێتەوە. (کەریم موجتەهدی، 1376: 123) بۆیە بەرهەمی هونەری شوێنی ململانێ و پێکدادانی مادە و ڕۆحە. لە لایەکەوە ڕۆح بۆ بەرهەمی هونەری پێویستی بە مادەیە، لەلایەکی ترەوە مادە بەربەستە و ناهێڵێت ڕۆح ئازادانە دەرکەوێت. بەمبۆنەوە لە هەر قۆناخێکی مێژوویی ڕۆح و مادە چۆن بکەونە بەرامبەر یەکترەوە هونەریش لەو سەردەمەدا دەکەوێتە ژێر کاریگەری و تایبەتمەندی ململانێی ڕۆح و مادەوە. "کەوابوو کاتێک ئێمە لە بەرامبەریی بەرهەمێکی هونەری قەرار دەگرین، لە ڕاستیدا لە بەرامبەر ئاستێکی دەرکەوتنی ئاگامەندیدا ڕاوەستاوین کە لە کاتێکی تایبەت و دیاریکراودا لە دنیای دەرەوە بەرجەستە بووەتەوە." (موجتەهدی، 1376: 124)

🤝 لێرەین ↙️
🆔
@parantez_net

درێژەی لە... 👇
... درێژەی لە ☝️

🔳 فەلسەفەی هونەری هێگل بە زوانی سادە (2)

#کەیهان_عەزیزی

ئەگەر بەرهەمی هونەری شوێنی ململانێی ڕۆح و مادە بێت، ئەوا بە گوێرەی زاڵیەتی ڕۆح یان مادە، چۆنیەتی بەرهەمەکەش دەگۆڕدرێت. "هەندێک جار ماتەریاڵ بەسەر ڕۆح یان ناوەڕۆکدا زاڵە و بە ئاسانی ناوەڕۆک ناناسرێتەوە. هەندێک بەرهەمی هونەری هاوتەرازبوونێکی تەواو لە نێوان ڕۆح و ماتەریاڵدا دروست دەکەن و هەردوو لایەنەکان بە یەکسانی تیایاندا دەردەکەون. بەرهەمی هونەریش هەیە ناوەڕۆک لە جیاتی ماتریاڵ بەسەریدا زاڵە." (محمەد کەمال،2017: 68) لە ڕووی پەیوەندی نێوان ناوەڕۆک و ماتریاڵ لە ڕوانگەی هێگلەوە سێ جۆر هونەرمان هەیە:

1ــ هونەری هێمایی
2ــ هونەری کلاسیکیی
3ــ هونەری ڕۆمانتیکیی

هەرکام لەم سێ قۆناغە، پێشاندەری زۆری یانژی کەمی حزووری ڕۆحە لە مادە. هەر کام لەوانەش لە ڕێی هونەرێکی تایبەتەوە دەناسرێتەوە: تەلارسازی زیاتر لەگەڵ قۆناغی هێمایی، پەیکرتراشی زیاتر لەگەڵ قۆناغی کلاسیک و شیعریش زیاتر لەگەڵ قۆناخی ڕۆمانتیک دەردەکەون. هەڵبەت مەبەست ئەوە نییە ئەوانە هەر کام تەنیا لە پاوانی هەمان قۆناغ و هەمان ڕێچکەن، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی هەر کام لەم سێ هونەرە لەگەڵ یەکێک لەو سێ قۆناغە هونەریە زیاتر هاوئاهەنگیی هەیە. لەبەر ئەوەی لە تەلارسازیدا ماتەریاڵ بە سەر ڕۆح زاڵە و ڕۆح ناتوانێت ئازادانە لەم قاڵبەدا خۆی بەرجەستە بکاتەوە، هەر ئەمەش دەبێتە هۆی دەرکەوتنی هونەری سیمبۆلیک و هێمایی. لە هونەری پەیکەرتراشی لە نێوان ڕۆح و مادە هاوسەنگییەک دێتە ئاراوە. بۆیە هەردووکیان بە یەک ڕادە دەبنە هۆی لە دایکبوونی هونەری کلاسیک. بەڵام لە شیعردا ڕۆح بە تەواوی بە سەر مادە زاڵ دەبێت و هونەری ڕۆمانتیکیی لێ دەبێتەوە. هێگل دەڵێ هونەری هێمایی بەشوێن ئەوپەڕی ویستراودا (کمال مطلوب) دەگەڕێ، کەچی هونەری کلاسیک وەدەستی هێناوە، بەڵام هونەری ڕۆمانتیک تێپەڕی کردووە. بەمبۆنەوە هونەری هێمایی نەبڕاوە و بێسنوور (نامتناهی) بەرجەستە دەکاوتەوە، هونەری کلاسیک یەکیەتی و هاوئاهەنگی، هونەری ڕۆمانتیکیش بۆ ناو خۆیەتی (زات) خۆی دەگەڕێتەوە.( موجتەهێدی 1376: 125)

🤝لێرەین ↙️
🆔
@parantez_net

درێژەی لە... 👇
... درێژەی لە ☝️

🔳 فەلسەفەی هونەری هێگل بە زوانی سادە (3)

#کەیهان_عەزیزی

"ئەگەر دیالێکتیکیانە بڕوانیەنە ئەم پرۆسەی گەشەکردن و پێشکەوتنەی هونەر، هەرکام لەم جۆرانە [کە باسمان کردن] ناکۆکی و کەموکورتی هەڵگرتووە. لە هونەری هێماییدا ناوەڕۆک نەیتوانی بە گوێرەی پێویست خۆی دەربخات. بەڵام خۆدرخستنەکە لە هونەری کلاسیکدا ڕووی دا و لەگەڵ ماتەریاڵدا هاوتەراز وەستا. کەچی ناوەڕۆک لە هونەری کلاسیکدا هێندە لە خۆدەرخستنەکەیدا سەربەست نییە و ناتوانێت واز لە پەیوەندییەکەی بە ماتەریاڵەوە بهێنێت، ماتەریاڵ مەرجداری دەکات؛ بۆیە بە ناوەڕۆکێکی سنووردار دادەنرێت. [ناوەڕۆک] بۆ تێپەڕکردنی سنووردارێتییەکەی پەیوەندییەکەی هەڵوەشاندەوە و سەربەستانە خۆی دەرخست. لەم خۆدرخستنەدا کە هونەری ڕۆمانسی دەهێنێتە کایەوە [هێشتا] بە تەواوی سەربەست نییە و پەیوەندی بە ماتەریاڵەوە هەیە." (محمەد کەمال، 2017: 70)

هێگل لە پۆلێنبەندییەکی تر چەشنە جۆراوجۆرەکانی هونەر بە هۆی پەیوەندییان کە لەگەڵ ڕۆح و خۆیەتی دەروونییەوە (درون زات) هەیانە دەکاتە دوو بەشەوە: یەکەم ئەو هونەرانەی کە بە تەواوی گرێدراوی مادەن، وەک تەلارسازی و پەیکەرتراشی. دووهەم هونەرە ڕۆمانتیکەکانن کە بە شێوازێکی تر جوانی بەرهەم دێنن؛ وەک نیگارکێشی و موسیقا و شیعر. بە باوەڕی هێگل شیعر، لە بەرزترین هونەرەکانە. (کەریم موجتەهێدی، 1476: 128)

هێگل پاش دابەشکردنی هونەرەکان بە سێ قۆناغی گشتی، (هێمایی، کلاسیک، ڕۆمانتیک) بە پێی دەرکەوتنی ڕۆح لە مادەش هونەرەکان بە پێنج هونەری هەندەکی و تایبەت جیا دەکاتەوە کە هەرکام بە شێوازێک جوانی مانا دەکەنەوە. بەمبۆنەوە تایبەتمەندی و هەڤیازی هەریەک لەو پێنج هونەرە بەم شێوازەیە:

1ــ هونەری تەلارسازی ناتوانێ بە تەواوی ناوەڕۆک لە مادە بەرجەستە بکاتەوە. ئیتر لە هونەرەکانی تر ناتەواوی و کەموکورتی زیاتری هەیە.
2ــ لە پەیکەرتراشیش زۆر بە دەگمەن دەکرێ بە مانایەکی پەتی بگەین. ئەم هونەرە زیاتر هاوئاهەنگی و هاوتەرازی پاژەکان پێشان دەدات. هێگل پێی وایە پەیکەرتراشی دەتوانێ پێشەکییەک بێت بۆ هونەری ڕۆمانتیک بە تایبەت نیگارکێشی.
3ــ خاڵی ناوازەی نیگارکێشی وەک پەیکەرتراشی ئامادەبوونی جەستەی کەسێکە. (هێگل زیاتر چاوی لە نیگارکێشانی دەموچاوە) بەڵام لە نیگارکێشیدا بە پێچەوانەی تەلارسازی و پەیکەرتراشی یەکێ لە سێ ڕەهەندەکە دەسڕێتەوە، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ئەم هونەرە، هەرچەند هێشتا گرێدراوی ئەو دوو ڕەهەندەکەیە.
4ــ موسیقا زیاتر لە نیگارکێشان دەچێتە پێشەوە.  چون لەم هونەرە هەر سێ ڕەهەندەکە نامێنن. بە پێی بەراوەرد لەگەڵ ئەو هونەرەکان، هونەرێکە زێهنی و ئابستراکت. لەم هونەرە خۆیەتی زاڵە و زیاتر گەڕاوەتەوە بۆ نێو خۆ، بۆیە موسیقا بە زووترین کات هەناو و دەروونی ئێمە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. کەچی پەیکەرێک یان تابلۆیەکی نەقاشی شتێکە لە دەرەوەی ئێمەیە. هەروەها هێگل موسیقی و تەلارسازی پێکەوە بەراوەرد دەکا. دەڵێ ئەمانە هەرچەند جیاوازیش بن، هێشتا خاڵی هاوبەشیان هەیە، چون هەردوو لەگەڵ نموونە سروشتییەکەیان سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە. خاڵی جیاوازیشیان ئەوەیە تەلارسازی بۆ هەمیشە وابەستەی شوێنە و لەبەرامبەر بینەرەوە ڕاوەستاوە، کەچی موسیقا لە زێهن دەگوزەرێ و لە بێدەنگیدا ون دەبێ. لەبەر ئەوەی موسیقا گرێدراوی شوێن نییە خۆی بە هەرەباشترین هونەرەکان واتە شیعر نزیک دەکاتەوە.
5ــ بە باوەڕی هێگل شیعر خۆی لە هەموو شتە مادیەکان دادەماڵێ، بۆیە بە پێی بەراوەرد لەگەڵ هەموو هونەرەکانی تر باشتر ڕۆح دەتوانێ خۆی لەناویدا بەرجەستە بکاتەوە. لە شیعردا ڕۆح دەتوانێ خۆی بنوێنێتەوە. شیعر، نە پێویستی بە کەرەسەیەکی بەرهەست و عەینی هەیە، نە پێویستیشی بە دیاردەی سروشتیی و ئامرازە درووستکراوەکانی مرۆڤ هەیە. بۆیە لە شیعردا ئیدی نیشانەیەک لە مادە، ڕەنگ، جووڵە و هتد نامێنێ. شیعر بۆ دەرخستنی هەست و سۆز و دەربڕینی ویستەکانی دڵ، تەنیا پێویستی بە وشەکان و جەختکردنەوە و دەربڕینی دەلال هەیە. نەسر زیاتر سەرقاڵی بابەتی دەرهەست و گشتییە، کەچی شیعر سەرنجی بابەتی پاژەکی و بەرهەست دەدات، تێدەکۆشێ ئەم بابەتانە گوێڕایەڵی ئاگامەندی بکات. (موجتەهێدی، 1376: 129 تا 131)


🤝لێرەین ↙️
🆔
@parantez_net

درێژەی لە... 👇
... درێژەی لە ☝️

🔳 فەلسەفەی هونەری هێگل بە زوانی سادە (4)

#کەیهان_عەزیزی

باسەکانی هێگل زیاتر لەسەر شیعری ئاڵمانە وەک ئەوەی لە شیعری گوتە هەیە. ئەو پێی وایە بۆ نمونە شیعری فەرانسە نەیتوانێوە بە شێوەیەکی دڵخواز خۆی بەرز بکاتەوە. هێگل باوەڕی هەیە شیعریش وەک هەر هونەرێکی تر لە مێژووی گەشەکردنی خۆیدا لە سێ قۆناغی هێمایی و کلاسیک و ڕۆمانتیکدا خۆی بینیوەتەوە، بەڵام تەنیا لە قۆناغی ڕۆمانتیکدا شیعر دەگاتە پلەی کامڵبوون و ڕۆح دەتوانێ ئازادانە بەسەر ماتەریاڵدا سەرکەوێ و خۆی بەرجەستە بکاتەوە. (کەریم موجتەهێدی، 1376: 129 تا 131)

بە باوەڕی هێگل مانا یان ناوەڕۆک کە خۆدەرخستنی ئاگامەندییە لە ڕاستیدا سەربەستی تەواوی نییە، هەمیشە گرێدراوی ماتەریاڵە، ناتوانێت ئازادانە و بەبێ ماتەریال خۆی بەرجەستە بکاتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی خۆی لە دەستی مادە ڕزگار بکات پێویستە خۆی بە قۆناخێک لەودیوی هونەر بگەیەنێت و کۆتایی بە هونەر بهێنێت. (محمەد کەمال، 2017: 70 و 71)

"وەک هەموو ساتێکی دیالێکتیکی لە فەلسەفەی هێگلدا هونەر سەرەتا و کۆتایی هەیە، پەیدا دەبێت و لەناو دەچێت. بەڵام لەناوچوونەکەی نەمانێکی ڕەها نییە و لەنێو تێهەڵکێشراوەکەدا دەمێنێتەوە. هەموو تێهەڵکێشراوێک لە تێز و دەژەتێز پێک دێت... بانگەشەی "کۆتایی هونەر" پەیوەندی بەم جووڵانەوە دیالێکتیکەوە هەیە. بۆ هێگل هیچ هونەرێک ناگاتە ئاستی هونەری کلاسیک و مرۆڤی سەردەمیش هێندەی یۆنانییەکان چێژ لە هونەر وەرناگرێت. مرۆڤی سەردەم هونەر بە دوو جۆر دەبینێت؛ یان لە بەستێنی مێژووەوە تەماشای دەکات و واتاکەی لێک دەداتەوە، یان وەکوو دیکۆر و بۆ خۆشگوزەری دەیبێنێت نەک پێویستییەکی سۆز و هۆش. هەندێک کەس بەرهەمی هونەری تەنیا بۆ ڕازاندنەوەی ماڵەکەیان بەکار دەهێنن نە بۆ چێژوەرگرتن لە خودی بەرهەمەکە. کەوابوو مەبەست لە کۆتایی هونەر بەمانای نەمانی هونەر نییە. هەڵبەت هێگل نکۆڵی لە هونەر لەسەردەمی تازەدا ناکات، بەڵام چون لە دەرخستنی ناوەڕۆک ناتەوانە پێویستە ڕەد بکرێت. (سەرچاوەی پێشوو، 72 و 73) ڕەدکردنیش وەک پێویستیەکی دیالێکتیکییە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت بۆ دەرخستنی خۆیەتی ناوەندێکی تر بدۆزێتەوە. "هەروەها مادام ڕۆمانتیسیزم دوا قۆناغی سێکوچکە هونەرییەکەیە، کۆتایی هونەریش گوزارش لە کۆتایی ڕۆمانتیسیزم دەکات. (سەرچاوەی پێشوو، 74)

ئاگامەندی ڕۆحێکی ڕەهایە، دەتوانێ خۆیەتی ڕۆحی ڕەها بناسێت. لە ڕاستیدا ئەرکی ڕۆحی ڕەها فامکردنی بێسنوورداریەتییە. ناسینی ڕۆحی ڕەها لە ڕێی سێ شێوازەوە مسۆگەر دەبێت: هونەر و دین و دواجار فەلسەفە. (ئێستیس، 1381: 615) لەبەر ئەوەی تەنیا ڕۆحی ڕەها بە تەواوی سەربەست و بێسنوورە، دەبێ ئەو سێ قۆناغە ــ هونەر و دین و فەلسەفە ــ بە ئاستی سەربەستی پلە بە پلەی ڕۆح بزانین لە هەر جۆرە سنوورداریەتییەک. لە جوغرافیای هونەر و دیندا هێشتا ڕۆح لە نیشانەکانی سنوورداریەتی پاک نەبووەتەوە. تەنیا لە قەڵەمڕەوی فەلسەفە ڕۆح بە تەواوێ دەگاتە پلەی ئازادی و بێسنووری.
بەنسبەت پەیوەندی هونەر و دین و فەلسەفە لە ڕوانگەی هێگلەوە هەر سێ لە جەوهەردا وەک یەکن، بەڵام لە بیچمدا جۆراوجۆرن. جەوهەر یان ناوەڕۆکی هەر سێ یەک شتە، ئەویش ئەو جەوهەرە هەتایی و بێسنوورەیە لەیەک وتەدا ڕەهایە. ئامانجی هەرسێشیان وەرگرتنی ڕاستی ڕەهایە. بەڵام جیاوازیان ئەوەیە بە دەستهێنانی ڕاستی ڕەها بە لای ئاوەزەوە لای هەریەک لەوانە دیمەنێکی جیا و جیاوازی هەیە. بەگشتی چون هونەر وارگەی یەکەمە ناتەواترین فۆرمی فامکردنی خۆیەتی (زاتی) نەبڕاوە و بێسنوورە (نامتناهی). پاش هونەر، دینە کە پلەیەک لەسەرتر قەرار دەگرێ. بەڵام فەلسەفە تەنیا فۆرمێکی تەواوە دەتوانێ خۆیەتی ئاگامەندی یان ڕۆحی ڕەها فام بکات. (ئێستیس، 1381: 616) بۆیە شرۆڤەکارانی فەلسەفەی هێگل ئامانجی دیالێکتیکی هێگل، ئازادی دەزانن، دواجار ئەم دیالێکتیکە دەبێ بە ئازادی و سەربەستی بگات.

ــــــــــــــــــ
ژێدەرەکان:
-- کریم مجتهدی، دربارەی فلسفەی هگل، امیرکبیر، چاپ دوم 1376
-- محمەد کەمال، فەلسەفەی هونەر، چاپەمەنی سەردەم، سلێمانی، چاپی یەکەم 2017

-- والتر ترێس ئێستیس، فلسفەی هگل، ترجمەی حمید عنایت، جلد دوم علمی فرهنگی، تهران، چاپ ششم 1381


🤝لێرەین ↙️
🆔
@parantez_net
🔳 ئازادی ئەندێشە

#سێخورمە

🔹ئیسپینۆزا باوەڕی وابوو دوو گرووپ دژایەتی ئازادی ئەندێشە و ئازادی بیروڕا دەکەن: سیاسەتوانان و مامۆستایانی ئایینی. ئەمانە باوەڕیان وایە ئازادی بابەتێکی مەترسیدارە. سیاسەتوانان پێیان وایە چون ئازادی، ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە و بشێوە و ئانارشیسم لە کۆمەڵگا دێنێتە کایەوە شیاو نییە. مامۆستاکانیش وادەزانن ئازادی ئەندێشە خەوش دەخاتە ناو باوەڕی خەڵکەوە و بەرپرسیاریەتی دینی کاڵ دەکاتەوە.

🔹ئێسپینۆزا دەڵێ هەردوو گرووپی سیاسەتوانان و مامۆستایان هەڵەن و دەبێ دەستبەجێ ئەم ڕەواڵە بەربدەن. لەبەر ئەوەی ئازادی ئەندێشە نابێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی نەتەوەیی کاتێ دەکەوێتە مەترسیەوە خەڵک وابزانن بڕێک خەریکن مافەکانی ئەوان پێشل دەکەن. یەکێ لەو مافانە ئازادی ئەندێشەیە. هەروەها ئەگەر لە کۆمەڵگایەک ئازادی ئەندێشە و ئازادی بیروباوەڕ هەبوو، هەرکەس بۆچوونەکانی خۆی دەربڕی و ئەوانی تریش هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکاریان بۆ کرد، ئیتر باوەڕە کەم نرخ و چرووکەکان خۆبەخۆ ئاشکرا دەبن. بەڵام ئەگەر ئازادی نەبوو هەندێ فەشەل دەبنە پاڵەوان و ئیدی مەجالێک نامێنێ و ئەم پاڵەوان پەمووانەش ڕسوا نابن.

🔹لەبارەی باوەڕداریشەوە ئێسپینۆزا دەڵێ ئازادی هۆی درزبردنی بڕوامەندی و بەرپرسیاریەتی ئایینی نییە. بەڵکوو ئەوەی دەبێتە هۆی درزبردنی بڕوامەندی بۆ دوو تایبەتمەندی مامۆستاکان دەگەڕێتەوە:
سەرەتا مامۆستاکان پابەندی بیروباوەڕگەلێکن کە بە شێوەیەکی لۆژیکی شیاوی بەرگریکردن نین، کەچی ئەوان هەمیشە دەمارکرژانە و تووڕە داکۆکی لەسەر باوەڕەکانیان دەکەن. پاشان هیچ ترسێکیشیان لە دژوازوێژی نییە. جارێکیان دەڵێن ئەم دنیا هیچ نییە و باسی خۆشی و نێعمەتەکانی دنیایەکی تر دەکەن، بەڵام لەم دنیایە لەسەر خۆشیکردن خەڵک دەدەنە بەر تانە و تەشەر. دەڵێن خۆشیەکانی ئەم دنیا هیچ نین، کەچی لە میمبەرێکی ترەوە هەراوزەنایان دەگاتە تەشقی ئاسمان و مزگێنی هەزاران خۆشی ئەفسانەیی بۆ ئەو دنیا دەدەن. ئەوەندەش نابات بە زمانێکی تر باسی بایەخ و گرنگی دنیا دەکەنەوە کە دنیا کێڵگەی ئاخیرەتە و دەبێ دنیامان ئاوەدان بکەینەوە...

ئەم چەشنە وتانە درز درووست دەکەن نە ئازادی ئەندێشە و ئازادی ڕا دەربڕین.


🤝 لێرەین↙️
🆔 
@parantez_net
🔳 هەڵەیەکی کوردناسیی

#کەیهان_عەزیزی

... ئەگەر تۆ وەک نەتەوە هەبوونی خۆتت ناسییەوە، ئینجا نەخشەکێشان و پلان دانان لەسەر هێزی بوونت خۆبەخۆ دێتە ئاراوە کە ناوی دەبێتە "ئێرادە". ئیرادەش ئازادانە مەبەستەکان و پرۆژەکان دادەهێنێت. بۆیە ئەگزیستانسیالیستەکان وەک سارتر دەڵێن "ئێمە مەحکوومین بە ئازادی." واتە ئێمه ناتوانین ئازاد نەبین، ئازادی خۆیەتی (زاتی) مرۆڤە. کەوایە دەتوانین کۆژیتۆکەی دێکارت: "من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم" ڕێک پێچەوانە بکەینەوە بەوەی "من هەم، کەواتە بیر دەکەمەوە." ڕوانگەی یەکەم ڕوانگەیەکی ئێپستمۆلوژیانەیه، بەڵام ڕوانگەی دووهەم ئۆنتۆلۆژیستییە. ئەوەی دەبێتە بناخەی زانین بوونناسییە نە پێچەوانەکەی، واتە زانین یا ئێپیستمۆلۆژی نابێتە بناخەی ئۆنتۆلۆژی. کەچی سووژەی دێکارتی لەسەر ئەوە دامەزراوە.

لە کوردناسیدا بەجاران لێکۆڵەران تووشی دژوازی دەبن، چون لە زانینەوە واتە ئێپستمۆلۆژییەوە دەست پێ دەکەن و بوونیان فەرامۆش کردووە. هەندێ باس دەورووژێنن دواتر بە ئاشکرا خودی لێکۆڵەر دەکەوێتە دژوازییەوە و ناتوانێت دژوازیەکان چارەسەر بکات. بۆیە پێویسته بەبێ دوودڵی بڵێین ئێمە هەین، پاش ئەوەی باوەڕت بە بوونی خۆتت کرد ئیتر مەجبوور نیت وڵامی زۆر ناتۆرە کە تۆ جنیت یان تورکی شاخاوی یان جوداییخواز بدەیتەوە. ناچار نیت بۆ بوونت بەدووری هەندێ زانیاریەوە بیت. چون کاتێک بوونت بوو، هەبوونی تۆ ناوەڕۆکی تۆ دیاری دەکات. وەک ئاو، کە بوونی دەرکەوت ناوەڕۆکیشی لەگەڵ خۆیەتی. هەمووی ئەم گێرە و کێشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کورد وەک "بوون" هەم لە لایان خۆیەوە هەمیش بەلای ئەویترەوە فەرامۆش کراوە و دیار نییە باسی چی دەکرێت و ئەم "چییە" لە مێژوودا کێیە؟ بۆیە کوردناسی پێویستە و چارەیەکی نییە هەتا بۆ "کوردبوون" و بۆ هەبوونی کورد بگەڕێتەوە و لەو پارچە پارچە کراویە کە ئێستا سەرپاکی کوردناسیی داگیرکردوە خۆی و ئەم نەتەوەش قوتار بکات. و...

بەشێک بوو لە وتارێک

🤝لێرەین 👇
🆔
@parantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾
🔳 ئەندێشەی فیلسوفانە

#کاناڵی_پەرانتێز

ئایا فیلسوف تەنیا ئەوانەن فەلسەفەیان خوێندووە؟ یانی ئەم نازناوە تەنیا بۆ ئەوانەیە شارەزای مێژووی فەلسەفە و بیروباوەڕی فیلسوفەکانن؟ من پێم وایە نا. لەوانەیە کەسێک فەلسەفەی خوێندبێت و فیلسوفانە بیر نەکاتەوە. بەڵام بە پێچەوانە دەکرێ کەسێک مێژووی خوێندبێت و فیلسوفانە بیر بکاتەوە. دەکرێ کەسێک وێژەوان و سیاسەتوان و ئەستێرەناس بێت هەروەتر فیلسوفانە تێفکرێت. کەچی زۆربەی جار خەڵک وادەزانن فیلسوف تەنیا ئەوانەن فەلسەفەیان خوێندووە. واش دەزانن هەرکەس فەلسەفەی خوێندبێت حەتمەن وڵامی پرسیارەکانیشی لایە. ئەم ڕوانگە وادەزانێ فەلسەفە هەنبانەیەکە لێبڕاونە وڵامی هەموو پرسیارەکان دەداتەوە. خەڵکی ئاسایی کاتێک تووشی کەسێک ببن هەکە بزانن فەلسەفەی خوێندووە یەکەم پرسیاریان ئەوەیە: ئایا خوا هەیە؟! چون وادەزانن فەلسەفە هەگبەیەکە پڕە لە وڵامی ئامادەی جۆراوجۆر. هەمیشە چاوەڕوانن وڵامەکانیش یەکلاکەرەوە بن، بەتەمان فەلسەفە بەبارێکدا ئەوان دڵنیا بکاتەوە. خەڵک حەوسەڵەی بگرە و بەردەیان نییە. کەچی فەلسەفە لە ڕاستیدا پێشانمان دەدات لە یەک وڵامدا نەمێنینەوە، لێمان دەخوازێ لە نێوان وڵامەکان بەردەوام لە هاتوچۆدا بین. زیاد لە دەرگایەکمان بۆ ڕوانینی جیاواز بەرەوڕوو دەکاتەوە. فەلسەفە بیرکردنەوەیەکی چەند ڕەهەندە لە بوون و لە هەبووش. چۆن ڕوانینە بۆ دیاردەکان و ڕووداوەکان. فەلسەفە بەرلەوەی وڵامێک بە پرسیارەکان بداتەوە، پرسیارەکان فرەتر و هەمەلایەنەتر دەکا. واتە کاری فەلسەفە هەراوترکردن و قوڵترکردنەوەی پرسەکانە. فەلسەفە لە جیاتی ئەوەی تەنیا وڵام بداتەوە، تێ دەکۆشێ شوێن پێی وڵامەکان لەق بکات. فەلسەفە کاری ئەوەیە نیشانمان بدات هەتا سەرلەنوێ لە وڵامە باوەکان بیر بکەینەوە بۆ ئەوەی مانا سەرلەنوێ لە سووچە جیاجیاکانەوە عەیارانە سەربکێشێتە دەرەوە و زیتەڵە خۆی بنوێنێتەوە. هەر ئەمە ڕۆچنەیەکە بۆ ڕزگاری مرۆڤ. هەر ئەو ساتەی مرۆڤ جەسارەت بکات و لە وڵامێک دڕدۆنگ ببێت، لەو ساتەوە وەرەقەی ئازادی خۆی دەگرێ بەدەستەوە، دەتوانێ بەرەو ئاگاهیی، بەرەو ئایندە هەنگاو بنێت. کەوابوو ئاکامی بیرکردنەوەی فیلسوفانە، سەربەستی تاک و مانابەخشینە بە بوونی خۆی، فیلسوفانە بیرکردنەوە خەلاسییە لە دەست کۆنەپەرەستی و خورافەپەرەستی و دەمارگرژی. ئەندێشەی فیلسوفانە مرۆڤ ناچار دەکات لەگەڵ خۆی بکەوێتە وتووێژێکی قووڵەوە. لێرە و لەم خەڵوەتە فکریەدا مرۆڤ لەگەڵ وشەکان دەبێتە هاوڕێ و وەشەکانیش شلشل به پیریەوە دێن. وشەکان لەم خەڵوەتدا ئیتر وەک ڕابردوویان نامێننەوە، ئەوان لە هەناوی خۆیان چەندین دیمەنی ڕەنگاڵەییان حەشار داوە. ئەندیشەی فیلسوفانە ڕێک ئەو بیرەیە دەتوانێ ئەو دیمەنە سیحراویانە بدۆزێتەوە، ئەندێشەی فیلسوفانە دەبێ یارمەتی ئەو دیمەنانە بدات هەتا تەشەنە بکەن. ئەندیشە دەبێ خاکەڕایانە خۆی بسپێرێتە وشەکان، ئەوان دەستی تۆ دەگرن بۆ ئەوەی بیر بکەیتەوە، بۆ ئەوەی ئەویتر بخوێنیتەوە و فامی بکەیت، هەر ئەوانن دەرگای مانایەکی تازەترت بۆ دەکەنەوە، وڵاتێکی تازەترت پێ پێشان دەدەن. تۆ لە ماڵی ئەوان دەخەوێت و ڕۆژ دەکەیتەوە و دووبارە دەحەسیتەوە.

بەستەری ژیان و ئەزموونەکانی ژیان باشترین و هەراوترین خوێندنگان بۆ فەلسەفاندن. لەم خوێندنگایە فیلسوف فێری تێفکرین و فەلسەفەکاری دەبێ. ئەندێشەی فیلسوفانە ئاکامی کرداریشی بە شوێنەوەیە. لەبەر ئەوەی لەو کاتانەی تاکێک لەگەڵ کێشە و پرسەکان دەکەوێتە وتووێژێکی ئاڵۆز و پێچەڵپێچ، پێویسته لەسەرخۆ، هێور هێور لەگەڵ هەموو ئەگەرەکان هەڵسوکەوت بکات، دەبێ بۆ هەموو بیروڕایەک گوێ شل بکات، دەبێت مەجال بۆ هەموو وشەیەک بکاتەوە، چون وشەکان موڵکی کەس نین ئەوان ئازادن لە هەر شوێنێ دەرکەون. نابێ پێشوەخت هیچ شتێ ڕەد بکرێتەوە، چون ئەوە دەبێتە هۆی خنکانی وشەکان. کوشتنی تاکە وشەیەک کارەساتە. بۆیە ئەندیشەی فیلسوفانە ناچارە مەجال بۆ هەندێ بیرۆڕا کە کەمتر ئاوڕیان لێ دراوەتەوە بڕەخسێنێ، چون هەندێ وشە لەوێ قەتیسماون، چاوەڕێی ژیانن دەبێ دەرکەون، دەبێ قەڵافەت بنوێنن. فیلسوف دەبێ جاران هەر خۆی لایەنگرییان لێ بکات، هەر خۆیشی پێویستە ڕاستگۆیانە گوزارشیان لێ بکات هەتا لە ئاست ئەویتردا بتوانن بەربەرەکانێ بکەن. هەر ئەم ئەخلاق و هەڵسوکەوتەیە، فیلسوف ئامادە دەکات هەتا لە کۆمەڵگەشدا بتوانێ لەگەڵ هەموو ئەگەر و لەگەڵ هەموو دیاردەیەک بکەوێتە وتووێژێکی هەمیشەیی و فرە سووچەوە. چون تەنیا ئەو کاتانەیە توانای هێزەکیی کۆمەڵگایەک دەتوانێ خۆی بنوێنێت. پێویستە ڕوانگەکانی هەناوی کۆمەڵگا هەمیشە لەگەڵ یەکدی لە وتووێژێکی نەبڕاوەدا بن بۆ ئەوەی لە پرۆسەیەکدا هەمووان بە ئاگاهییەکی ورد و ناسک بگەن. 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
💥
تکایە بابەتەکانی کاناڵ بە لینکی کاناڵەکەوە بگوازنەوە. زۆربەی بابەتەکانی کاناڵی پەرانتێز بۆ یەکەمجار لێرە بڵاو دەبنەوە.


🤝هاوڕێمان بن ↙️
🆔
@parantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾
Please open Telegram to view this post
VIEW IN TELEGRAM
🔳 جیاوازی و تازەگەری لە شیعردا

#کەیهان_عەزیزی

    لە پانتای بەرینی ھونەردا ناتوانین باس لە گەشەکردن بکەین. گەشەکردن ئەو چەمک و ڕەوتەیە زیاتر لە دونیای تەکنۆلۆژیا و زانستدا مانای ھەیە. تراکتۆر لە بەستێنی وەرزێڕیدا لە گاوئاسن گەشەسەندووترە، کەوابوو، تراکتۆر لە گاوئاسن باشتریشە. بەڵام گەشەسەندووتر و باشتربوون، قۆناغ قۆناغ و لۆژێکی بەرەوپێشەوە دەڕۆن و بەردەوام لە بوونابوون(صیرورت) دان. زانست دەکرێ لە بەرامبەری وارگەکانی ڕابردووی خۆی ھەڵویستێکی نەبێت؛ کەچی شێعر وەک بەشێکی گرنگ لە جۆغرافیای ھونەر، ناتوانێت لە ئاست مێژووی خۆی بێلایەن بمێنێتەوە و ھەڵویستی نەبێت. لە دونیای شێعر، لە جیاتی گەشەسەندن و باشتربوون دەبێ باس لە «جیاوازی» و لەیەکنەچوون بکەین. چوون شێعر و شاعێر لە سەریان فەرزە، بەردەوام ھەوڵی خۆ جیا کردنەوە بدەن. شێعر پێویستە بەنیسبەت مێژووی خۆی خوێندنەوە و پلانی ھەبێت، ئەڵبەت ئەم ھەڵویستگرتنە بۆ ئێنکارکردن و گالتەپێکردن نییە؛ بەڵکوو، بۆ خۆ جیاکردنەوە و بۆ دووبارە نەکردنەوەیە. چوون یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی شاعێر ئەوەیە ھەوڵبدات لە جیهانەکانی‌تر نەچێت. بە دڵنیاییەوە جیاوازبوون جەوھەری شێعر پێکدێنێت. شاعێران ھەمیشە لەو ھەوڵەدان شتێک بنووسن کە پێشتر کەس نەینووسیوە. ھەموو شێعرێک بە سەرکەوتوو و ناسەرکەوتووشەوە لە ڕاستیدا ئەم ھەوڵەی بۆ دراوە.
ھەر بەو تەرزەی کە پێشتر گوتم جیاوازی زاتی شێعرە. یەکەم شاعێر لە پێناوی جیاوازیدا شێعری نووسیوە، بە دڵنیایی دواھەمین شاعێریش ھەر بەو خۆزگە و ئاواتەوە شێعر بەرھەم دێنێت. ئەگەر جیاوازی جەوھەری شێعر بێت، دەکرێ وەک یەکەم وارگە و یەکەم ھەنگاو لە ھونەری شێعردا لێی بڕوانین. بەڵام پاش ئەم یەکەم وارگە نۆبەتی دووھەم وارگەیە کە لە بۆچوونی مندا ناوی «تازەگەریی»ە. تازەگەری پلەیەکی ترە لە پرۆسەی بە شێعرکردن، شاعێر بە پێچەوانەی جیاوازییەوە پێویستە بەسەر پلەی تازەگەریدا بەئاگا و وریا بێت. لەوانەیە شاعێرێک بە شێوەی خۆڕسک یان لە ڕووی بەھرەی شاعێرانەوە بتوانێت خۆی جیاکار بنوێنێت، بەڵام تازەگەری زانیاری و خوێندنەوە و خۆماندووکردن و ھەنبانەیەکی زەنگینی پێویستە.
    شتێک کە من ھیچ لێی دوودڕنگ نیم ئەوەیە درەختی تازەگەری لە کانیاوی جیاوازییەوە ئاوی پێ دەگات و دواتر پەلوپۆ دەردەکات و ئینجا لەق و چڵێکی‌تری لێ دەبنەوە. کەوابوو جیاوازی مەرجە بۆ تازەگەری، بەڵام بەس نییە. شێعری سەرکەوتوو نابێ تەنیا بە جیاوازبوون ڕازی بێت. چوون ھیچ جیاوازیەک ناتوانێ بە تاق و تەنیا نوێخوازی مسۆگەر بکات. تازەگەری ھەندێ کەرەستە و ھەندێ شتی‌تری جگە لە جیاوازی گەرەکە کە شاعێر پێویستە وەچنگیان بخات.

لە ھەوڵەکانی جیاکاریدا شاعێر دەکرێ، ڕابردوو بە لەونێکی‌تر و بە شێوەیەکی جیاوازتر بەڵام وەک خۆی هەمتر بکاتەوە و پێداگریش بکات و بڵێ من شاعێرێکی جیاکارم. کەچی لە بەستێنی تازەگەریدا ئێمە بۆمان نییە سوننەت و ڕابردوو هەمتر بکەینەوە. ئەڵبەت ئەمە بە مانای ئێنکارکردنی سوننەت و مێژوو نییە. بەڵکوو وەک لیۆتار دەڵێ: سۆننەت نەبۆ ئێنکار دەبێت نەبۆ تێکرار. بۆیە شاعێری نوێخواز نابێ ترادسیۆن جارێکی‌تر دووبارە بکاتەوە. بۆ نموونە بە باوەڕی من بێسارانی ھەم شاعێرێکی جیاوازە ھەمیش شاعێرێکی نوێخواز؛ بەڵام مەولەوی زیاتر شاعێرێکی جیاوازە تا شاعێرێکی نوێخواز. (دیارە ئەمە باسێکە زۆر ھەڵدەگرێ، با بمێنێ...)

 یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی مۆدێرنیتە بەگشتی و سوننەت بۆ ئەم باسە دەگەڕیتەوە کە لە جیهانی سوننەتدا دەبێ ترادسیۆنەکان ھاوشێوەی یەکتر بن و وەکوو یەک دووبارە ببنەوە؛ کەچی لە مۆدێرنەدا ترادسیۆنەکان دەتوانن لە گەڵ یەکتر جیاکار بن. مۆدێرنە خوازیارە، ھەموو ترادسیۆنەکان وەک نەریت بە ھەموو جۆراوجۆرەکانیانەوە لە خۆیدا تۆمار بکات، ئەویش نە بۆ سەرسپاردن، بەڵکوو بۆ تەجاوەزکردن و تێ شکاندن و تێ پەڕاندن. کەوابوو بە زمانێکی سادە تازەگەری بریتییە لەوەی ئەگەر ھاتوو تازەگەریەکانی دوێنێ گەڕانەوە نابێ ھەرگیز دووبارە ببنەوە. ئەمەش مسۆگەر نابێ، مەگەر سیستمی کۆنە بۆ سیستمی تازە بگۆڕین. و....

▫️درێژەی ئەم بابەتە بە ناوی "هەوڵێکی ڕەوا لەپێناو جیاوازی" لە کتێبی "ڕاڤەی پێدەشتەکانی شاخ" بخوێننەوە.


🤝لێرەین ↙️
🆔 @perantez_net
Please open Telegram to view this post
VIEW IN TELEGRAM
Forwarded from سمایل عەزەمی
دیداری گەرم و خۆماڵیانەی هاوڕێیانی پاوە و سنە لەگەڵ چاوپێکەوتن و رێزگرتنێک لە نووسەر و بیرمەندی بەڕێز کەیهان عەزیزی
.
.

١٠ی خەزەڵوەر ٢٧٢٤ی کوردی


@smail74
🔅 ئەمڕۆ لە پەنای مەچەکی برینداری نیشتمانەوە، لە دۆستانێک لە ڕەگەزی باران، نامەیەکم تەژی بە هەناسەکانی کوێستان و به بۆنی "کاڵەبەی" و بە سۆزی "کەمەرە شل" وەرگرت. دەستی بارانیان گرتبوو، پڕاوپڕی باخەڵیان نێشتمانیان بۆ هێنا بووم، هەنگاوەکانیان پڕ بوون لە نیگا، نیگاکانیان پڕ بوون لە وەفا. بەڵێنمان دا لە جۆگەی پرسیارەوە گزنگ هەڵکەین بۆ تاڤگەی ئەندێشە تا ئاوەز چیتر لە قۆڵبەستی یەقیندا نەمێنێتەوە، هەتا گەردەلوول بخوێنینەوە و دەست بکەینەوە ملی بەڵێن. بەتەماین تاریکی لەت بکەین، جامانەیەک بخەینە ملی هەڵمەت، شاڵێک بخەینە ناقی دووبەرەکییەوە، لە ڕێگەی ئامانجەوە بڕۆین، لەسەر ڕێگا، لە هەر کانیەئاوێک لابدەین و هەناسە بارکەین لە ورە و نەسیمێکی کاڵ بدوورین بە یەخەی ئازادیەوە. بەڵێن بێ لە ئاست کەند و لەندەکان پێکەوە شانبەشان ئایەتی کۆڵنەدان بخوێنینەوە.


براتان کەیهان عەزیزی ــ پاوە
10ی خەزڵوەر، 2724ی کوردی



🆔 @parantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾
🔳   شــــەڕ

د. محەمەد ئیبراهیم باستانی پاریزی

🔃 وەرگێڕ: #پەرانتێز

ویل دۆرانت دەڵێ: "شەڕ یەکێک لە توخمە ڕاوەستاوە هەمیشەییەکانی مێژووە، لە کۆی 3421 ساڵ مێژووی نووسراو کە لە شارەستانیەتی مرۆڤایەتیدا تۆمار کراوە، تەنیا 268 ساڵ بەبێ شەڕ تێپەڕیوە."
بە وتەیەکی تر، هەرگیز ئاشتییەک لە ئارادا نەبووە. ئاشتی شتێک نییە جگە مەودای نێوان دوو شەڕ. بە وتەی "نوویکو" کۆمەڵناسی ڕوس: دووپاتبوونەوەی شەڕەکان پێشان دەدات کە شەڕ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، کێشە ئەوەیە کۆتایی 8000 [پەیمانی] ئاشتی (لە 1700 ساڵ پێش لە زایینەوە تا ئێستا 8000 پەیمانی ئاشتی بەستراوە) سەرلەنوێ تووشی شەڕ بوەتەوە، کەوابوو دەکرێ بڵێین ئاشتیش هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات. ئەگەر مرۆڤایەتی ڕووبه گەشەکردن چووە و ئەگەر بناخەی مێژووی جیهان بەرەو گەشەکردنە، لەبەر ئەوەیە مێژووی ئێمە تژییە لە شەڕ، کەوابوو شەڕ دەبێ یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەسەندن و گوورانی شارەستانیەتەکان حەسێب بکرێت.! بە دەربڕینێکی تر خاڵی دەسپێکی گەشەسەندنی هەر شارەستانیەتێک بەرەو شارەستانیەتێکی سەرتر لەسەر سەکۆی شەڕ وەستاوە. واتە شەڕ هەرچەند شارەستانیەتێک دەباتە ژێر خاکەوە، بەڵام وادیارە لەسەر وێرانەکانیدا بنچینەی شارەستانیەتێکی مەزنتر چێ دەکات، هۆکەشی ئەوەیە دۆخی جیهان، پاش هەر شەڕێکی گەورە، لە دۆخی پێش لە شەڕ باشتر بووە.
بەڵام ڕاستییەکی تریش هەیە، ئەویش ئەوەیە زۆربەی ئاڵوگۆڕی ژیار و فەرهەنگی مرۆڤایەتی، ڕووبە گووران (تکامل)، لە ڕێگەی ئەم شەڕەوە وەدەست هاتووە.
کۆمەڵناسەکان لەمەڕ ئەم دیاردەی کۆمەڵگای مرۆڤەوە باوەڕی دژبەیەکیان هەیە، بەڵام شتێک بۆیان سەلمێنراوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی گوورانی مرۆڤایەتی شەڕ دەزانن. چون نزیک بە گشتی داهێنانە گەورەکانی جیهان لە گەرمەی شەڕە گەورەکان سەریان هەڵداوە، لە کەڵکوەرگرتن لە ئاگرەوە بگرە تا دۆزینەوەی باروت، لە دروستکردنی مەنجەنیقەوە تا دۆزینەوەی پنیسیلین و ئەتۆم و موشەک و باڵگرتنەوە لە ئاسمانەکان و گەیشتن بە مەریخ...!
نەڵێن باستانی پارێزی بە لایەنگریکردن لە شەڕ هەڵساوە. ڕاستیەکە ئەوە سنوورەکانی ئەمڕۆکانەی ژیاری جیهان شەڕەکانی سەدەکان و ساڵەکان هێڵ کەشیان کردووە.
ڕاستە "شەڕ کێشەی شەڕ چارەسەر ناکات"، بەڵام هەر ئەم شەڕە بووە زۆربەی "کێشەکانی ئاشتی" چارەسەر کردوە.


🤝 لێرەین ↙️
🆔
@parantez_net
بزافی رومانتیک وپیره میرد .pdf
1.8 MB
فایل #pdf

📗 بزافی ڕۆمانتیسم و پیرەمێرد

#کەیهان_عەزیزی


لێرەین ↙️
🆔
@perantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾
🔳 ئایدۆلۆژی

#سێخورمە


ئایدۆلۆژی Ideology لەو چەمکانەیە نزیک بە یەک سەدەیە لە دنیای سیاسەت و ئەندێشە مشتومڕی زۆری لەسەر کراوە و ماناگەلی جۆراوجۆری لێ کراوەتەوە. سەرەتای ئەم وشە بۆ سەردەمی ڕۆشنگەری دەگەڕێتەوە. لە ڕووی وشەوە مانای بیرناسی دەدات، بەڵام بەم مانایە لەکار نەکراوە. لە دنیای سیاسەت زیاتر ڕوانگەیەکی نەرێنی بۆ ئایدۆلۆژی لە ئارادا بووە، تەنانەت وەک جنێو یان وەک دەلالەتێک بۆ دوگمبوونی لایەنی بەرامبەر، وەک نموونەی بیر تەسکی و ئێستبداد لە قەڵەم دراوە. جاران وا باوە کە گوایا کەسی ئایدۆلۆژیک ڕاستییەکان لێڵ و واتاکان دەشێوێنێ و هەقێقەتەکان دەشارێتەوە. بەمبۆنەوە ئەو بۆچوونە زاڵە کە ئایدۆلۆژی، خەڵک تووشی چەواشەکاری و خەڵەتاندن و گەوجاندن دەکا.

یەکێ لە باسهەڵگرترین کەسەکان کە لە مەڕ ئایدۆلۆژیەوە دواوە و زۆر لەسەر ئەم بابەتە کاریگەر بووە، #کارل_مارکسە. ئەم چەمکە زیاتر لە سێ واتادا بەکار براوە: سەرەتا وەک ئاگایی درۆینە و لادەر. پاشان وەک چوارچێوەی ئەندێشە و بیرکردنەوەی باوەڕەکانی چینێک. دواجار چوارچێوەیەکی فکری ئاگاهانە، بە واتای پێکهاتەیەکی دنیاداگر و یۆنێویرساڵی گشتی کە باوەڕ و تێگەیشتن و زانیاریەکانی کۆمەڵگایەکی تایبەت بەرهەم دەهێنێت.

بەڵام ئەوەی لە بەستێنێ ئەدەبیاتی مارکسیستیدا ڕەنگی داوەتەوە، ئایدۆلۆژی بە واتای یەکەم بووە، واتە ئاگایی درۆینە و لاڕێ. بۆیە ئایدۆلۆژی، لە فەرهەنگیی سیاسیی مارکسیدا وەک جنێو سوودی لێ وەرگیراوە.

ڕاشکاوانە دیارە ئەم ڕوانگە نەرێنییە بۆ ئایدۆلۆژی، ناتوانێ گشتی قسەکە و گشتی مەبەستەکە بدرکێنێ. وتویانە گونجاوترین و باشترین پێناسە، ئەوەیە دەڵێ: ئایدۆلۆژی بێژمانێکە لەگەڵ کردەوەی سیاسی و بیری سیاسی پەیوەندی هەیە. بەگشتی لە پێکهاتەی هەموو باوەڕ و بۆچوونەکاندا بەدڵنیایی ئاراستەیەکی ئایدۆلۆژی ئاشکرا یان شاراوە تەیارە. واتە بیچم و پێکهاتەی هیچ باوەڕێک، کردەوە و دژکردەوەی هیچکەسێک ناتوانێ هەڵگری ئایدۆلۆژی نەبێت. هەمووان لە هەناوی ئایدۆلۆژیەکاندا دەژین. دیارە وەک تێئۆری لەوانەیە کەس لەگەڵ ئەم وتە دژایەتی نەکا، کەچی لەوانەیە ڕۆژانە و لە کردەوەدا لایەنی بەرانبەرمان بەوە تاوانبار بکەین کە تۆ کەسێکی دوگم و ئایدۆلۆژیکی! لەملاشەوە خۆمان لەو تاوانە دوور بکەینەوە! بەڵام ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە هەرگیز واقیعی نین و زیاتر خۆ گێلاندنن. ئەگینا چۆن دەکرێ باوەڕ و بۆچوونەکانمان هیچ ئایدۆلۆژیایەک لەخۆ نەگرن؟! ئەوەش گەورەترین کارەساتە ئەگەر لەم واقیعە تێنەگەین؛ چۆنچۆنی دەکرێ کاریگەری سیاسیی کردار و وتن و نووسینەکانمان نەزانین و لە کاردانەوەیان ئاگادار نەبین؟ بۆ ئەوەی بزانین وتەکانی کەسێک هەڵگری کام ئایدۆلۆژین، دەبێ ڕاشکاوانە وتە و کردار و دەربڕینەکانی وردبینانە ڕەخنەکاری سیاسیی بکەین تا بۆمان دەرکەوێ ئەو کەسە ئاگا یان نائاگا لەکوێ و چۆن دەکەوێتە خزمەتی باوەڕ و ئامانجە سیاسیەکان و چۆن بە قازانجی ئایدئاکانی دیکە هەڵویست دەنوێنێ و چۆن دەجوڵێتەوە؟

"بەکورتی ئایدۆلۆژیکبوونی کردەوە یان دەقێک خۆبەخۆ بابەتێکی بایخدارانە نییە. لانیکەم هەموو کردەوەیەکی مرۆڤایەتی لە گۆڕەپانێکی پڕ لە ململانێدا دەستەبەر دەبێ و دواجار سیاسەت و ئایدۆلۆژی تایبەت بەخۆی هەیه، تەنانەت ئەگەر کەسەکانیش ددانی پێدا نەنێن. گرنگ ئەوەیە چالاک، نووسەر، ڕۆشنبیر... سەرەتا بۆ ئاراستەی ئایدۆلۆژیکی خۆی ئەخلاقێک ڕەچاو بکا و ئاراستەکان بناسێ. پاشان پێویستە بزانێ وتە و نوسین و کردەوەکانی، ئاو بە ئاشی کام ئایدۆلۆژی دەکەن؟ دەکەونە خزمەتی کێوە؟ دەبێ بزانین پەرە بە کام گوتار دەدەین. نابێ فێڵ لە بەردەنگ و خوێنەر بکەین، پێویستە ئایدۆلۆژی خۆمان ڕاشکاوانە باس بکەین و ڕوانگە و ئاواتی فکریی خۆمان نەشارینەوە.

🔅 کۆمەڵگای ئێمە بەردەوام دوو هەڵە دەکات: لەلایەکەوە #ئایدۆلۆژی و #دەمارکرژی تێکەڵ دەکا. دەمارکرژی، کە تەژییە لە نائاگایی، جێگای ئایدۆلۆژی- بەمانای چێوارچێوەیەک بۆ بیرکردنەوە - دەگرێتەوە. بۆیە ئەم دۆخە دنیابینی ئێمە تێکدەدات. ناشزانین بیری خۆمان چۆن دەرببڕین، گوزارەکان بۆمان دەروونی نابنەوە. ئەمە لە بواری ئەندێشە و تێئۆریکەوە کۆمەڵگای ئێمە گەلێ هەژار و هەڵۆڵ دەکا.

ئەو هەڵە مەجال بۆ هەڵەیەکی تر دەکاتەوە: واتە کاتێ گوتارەکەی خۆمان نەناسیەوە، زۆرجار نەخوزراو یان لە ڕووی دڵسۆزییەوە لەجیاتی خزمەت بە گوتارەکەی خۆمان دەکەوینە خزمەتی گوتار و ئایدۆلۆژی ئەویترەوە. بەمبۆنەوە زۆرجار لە کۆمەڵگای ئێمە بێسەروبەرییەکی سەیروسەمەرە دێتە بەرچاو، دەمارکرژی بێجێگە، لەگەڵ نەناسینی ئایدۆلۆژی و نەدۆزینەوەی گوتارێک بۆ چۆن بیرکردنەوە و چۆن قسەکردن و چۆن هەڵسوکەوتکردن، کۆمەڵگای ئێمەی تووشی پاشاگەردانی و سەرلەشێواوی کردوە.



🤝ئێمە لێرەین ↙️
🆔 
@parantez_net
🌾🌾🌾🌾🌾🌾🌾
2024/11/19 23:09:03
Back to Top
HTML Embed Code: