tgoop.com/salahaddinahmad/3932
Last Update:
دەربارەی کتێبەکەی مەریوان وریا قانع (تێڕوانینێکی جیاواز)
کاک مەریوان یەکێکە لەو نووسەرانەی زۆرترین قسە دەربارەی دین و ئیسلام و کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵناسی دینی و کاریگەری ئیسلام لەسەر کورد و بکەر و کارەکتەر و تایپ و فۆڕمی دینی و .... دەکات، ڕەخنەشم زۆر لێی هەیە، چونکە پێموایە:
۱. مامەڵەیەکی وشک لەگەڵ دین و دینداران و تەوژمە دینیەکاندا دەکات.
۲. قسە دەربارەی هەندێ شت دەکات کە ئازادی بەرامبەرە و ناکرێ ئەو خۆی جۆری بیرکردنەوە و مامەڵە بۆ موسڵمانان و دینداران دیاری بکات.
۳. دەربارەی "بەهەشتی ئیجباری" دەنووسێت، بەڵام باسی جەهەنەم و دۆزەخی ئیجباری عەلمانیەت و خۆرئاوا و نەهامەتییەکانیان ناکات لە جیهانی ئیسلامیدا.
٤. هەندێ شت باس دەکات لەلای ئەو وایە و ئەو وای دەبینێ، بەڵام لە واقیعدا وا نیە.
٥. هەندێ شت لە دەستی دوو و سێ وەردەگرێ کە دەکرێ لە دەستی یەک وەری بگرێت.
٦. مەعریفەکەی دەربارەی چەمکە ئیسلامییەکان زۆر سەرەتاییە و بە قوڵی لێیان تێنەگەیشتووە، هەر بۆ نموونە لە ناوەڕۆکی دوعا و تەفسیلەکەی لە ئیسلامدا تێنەگەیشتووە کە چەمکێکی زۆر سادەیە! بۆ نموونە ناکرێ دوعا تەفسیر بکەی وەک ئەوەی خۆت لێی حاڵی بووی، نەک وەک ئەوەی کە هەیە لە خودی دینەکە و لە حەقیقەتدا!
۷. پشت بە هەندێ نووسەری مۆدێرنە دەبەستێ کە قسەکانیان بەهیچ جۆرێ وەرگیراو نیە لەلای موسڵمانان و تێکدەگیرێت لەگەڵ بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام.
٨. گشتاندنی مامەڵە و تێڕوانینی کەسانێکی موسڵمان بەسەر هەموواندا و ئەنجامگیری نابەجێ لێی.
۹. دینی قبوڵە وەک ئەوەی خۆی دەیەوێ نەک وەک ئەوەی کە هەیە.
۱۰. ئایدۆلۆجیە سیاسییەکانی خۆی تێکەڵ بە تێز و تێڕوانینە فیکرییەکانی دەکات، بەپێچەوانەشەوە.
۱۱. باسی ئازادی سیاسی و فیکری دەکات، بەڵام هیچ هێزێکی سیاسی ئیسلامی قبوڵ نیە بە میانڕەوترینیشیانەوە.
۱۲. دینی لە مزگەوتدا قبوڵە وەک کەنیسە، بەڵام ڕەنگدانەوەی دینی لەسەر کۆمەڵگە و کایەکانی ژیان قبوڵ نیە، ئەوەش ئەوپەڕی ستەمکاری و تێنەگەیشتنە لە خودی ئیسلام و سروشتی دینەکە. بە کورتی بە کوردی ئیسلامی وەک سروشتی خۆی قبوڵ نیە کە ئایینێکی ئیعتیقادی و تەشریعی و سلوکی و ئەخلاقییە، واتە تەنها بەشێوەیەکی زۆر تەسک و گۆشەگیرخرا و بێدەنگکراو قبوڵیەتی، کە ئەوەش خۆی دوورە لە سروشت و تەبیعەتی ئیسلام.
۱۳. هەتا ئەو شوێنە تۆی قبوڵە کە لەگەڵ فیکر و دەروونی ئەو دێیەوە، دواتر دەبیە توندڕەو و خۆڕافی و کاسبیکەر بە دین و ...
۱٤. خۆی باسی کۆمەڵناسی و دەرووناسی دینی دەکات، بەڵام شتی نەفسی و دەروونی خودی خۆی تێکەڵی بابەتەکان دەکات و دەیگشتێنێ بەسەر بابەتە فیکری و کۆمەڵناسییەکاندا، ئەوەش بۆ خۆی موغاڵەتە (بەهەڵەدابردن)ێکی زەقە، چونکە ناکرێ تۆ لە دووری هەزاران کیلۆمەتر لێرە و لە کۆمەڵگەیەکی جیاواز لێرە شتێکت پێ ناخۆش بێت، بێی تەحلیلێکی بۆ بکەی و بیگشتێنی بێ ئەوەی لە حەقیقەتی چەمکەکە تێگەیشتبی! بۆ نموونە چەمکی دوعا چەمکێکی زۆر فراوانە و مانا و مەبەست و شێواز و تەفسیلی خۆی هەیە، ناکرێ تۆ بێی بەپێی تێگەیشتنی خۆت مانایەکی بۆ دابتاشی بێ ئەوەی بگەڕێیەوە سەر ئەسڵی مانا و بنەچەکەی.
۱٥. جیاکردنەوەی دین و دینداری بەشێوەکی هەمەکی و گشتی و دابڕاندنیان بەیەکجاری لە یەکتری و تواندنەوەی دین لەناو دینداری و لە پیرۆزخستنی هەڵەیەکی مەنهەجییە! ناشکرێ چەند مۆدێرنەخواز و حەداسییەکی بێ ئیعتیبار لەناو کایەی دینی و فیکری ڕەسەنی ئیسلامی کە مانای دین و وەحییان هەڵتەکاندووە بێی بیانکەیە بنەمای تێگەیشتنەکانت بۆ ئایین!
۱٦. بەکارهێنانی زانستی کۆمەڵناسی (بەستایلێکی عەلمانی) و میتۆدی مۆدێرنەی خۆرئاوایی بۆ تەفسیر و ڕاڤەی دین و دینداری و ئەنجامگیری لێی و فرۆشتنەوەی بە خەڵک وەک ڕزگار و فیریادڕەس.
زۆر شتی تر هەیە بەڵام ئێرە شوێنی وەڵامدانەوەی نیە، چونکە وەڵامدانەوەی کتێب پێویستی بە کتێبێک هەیە، بەڵام ئەوە چەند سەرە قەڵەمێک بوو دەربارەی میتۆد و هێڵە گشتییەکانی کارکردنی کاک مەریوان لە کتێبەکەی و گوتارەکانیدا.
با بێینە سەر ڕەخنەگرتن لێی، لەو ماوەیەدا ناساندنی بۆ کتێبێک کرد بەناوی (بەهەشتی ئیجباری) و هەندێ قسەی بەدوای خۆیدا هێنا، لێرەدا پێمخۆشە چەند شتێک بخەمەڕوو:
۱. پێش ئەوەی ڕەخنەی لێبگرین دەبێ شتەکانی بخوێنینەوە، ناکرێ ڕەخنەباران و جێنوبارانی بکەین بەڵام کتێبەکەیمان نەخوێندبێتەوە! بەداخەوە زۆرێک لە خوێندەوارە موسڵمانەکان بێ ئەوەی شتی بەرامبەر بخوێننەوە قسەی گشتی لەسەر قسە و نووسینی بەرامبەر دەکەن! کە ئەوە بۆ خۆی هەڵەیەکی گەورەیە و نابێ ڕۆشنبیری موسڵمان بیکات. (چارەسەر ئەوەیە بخوێنینەوە و گوێ بۆ بەرامبەرەکانمان بگرین، دواتر بە شێوەیەکی گونجاو وەڵامی بدەینەوە).
BY صلاح الدین أحمد
Share with your friend now:
tgoop.com/salahaddinahmad/3932