tgoop.com/tapuynusrawe/23907
Last Update:
🔶🔶🔸🔸🔸🔶🔶
✅ @tapuynusrawe
دەروونت پڕ لە جوانییە و
سیحری هونەر
کۆیلەی ژینی تاڵی تاڵی
چ ڕەمزێکە لە گەڵ شمشاڵ
دایم بە کوڵ کوڵ دەناڵی!
شارم نووستووی بن دەواری شەوەزەنگە
لە تاریکستانی هونەردا
سۆزی میللی ئەستێرەیەکی خەم ڕەنگە
لەرەی هەوای شمشاڵەکەت،
شەماڵی سوور
دەریای لێڵ و سەرڕێژی ناخ،
پڕ کە هەوای چۆپی هەستان
چۆن لە مێژه چاوەڕوانی مەحشەر دەکا
وڵاتە ڕەنگی گۆڕستان
#ڕەحیم_لوقمانی
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
#دەروەچی ئەمجارەی #تاپوی_نووسراوە بەرەو مەڵبەندی موکریان و بووکی کوردستان،
شاری چریکەی ڕەسەنی مامۆستا حەسەن زیرەکی نەمر و هەڵبەستە شاکارەکانی سوارە و غەزەلە دڵ لاوێنەکانی ئاسۆ و شمشاڵە سێحراوییەکەی قالەمەڕە-شاری بۆکان- دەکەینەوە و بە بۆنەی ۳۱ی گوڵان کە ساڵیادی گۆچی دوایی شمشاڵژەنی بلیمەتی کوردستانە چەن دێڕێک لە کۆپەڕی ژیانی دەخەینە بەر دڵ و دیدەی ئێوەی خۆشەویست و هۆگرانی ئەمەگداری کلتوور و هۆنە و چریکەی ڕەسەنی کوردی لە تاپوی نووسراوەدا.
💢قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە(قالەمەڕە)
کوڕی موحەممەد لە ۱ی سەرماوەزی ۲٦۲٥ی کوردی(۱۹۲٥ی ز) لە گوندی کوڵیجە سەر بە شاری بۆکان چاوی بە ژیان هەڵدێ....
دواتر بە هۆی ژەنینی شمشاڵەوە بە چەشنێکی جیاواز و هەست و سۆزێکی تایبەتەوە ناو و ناوبانگ دەردەکات و دەنگی سێحراویی شمشاڵەکەی نەتەنیا سنوورەکانی کوردستان دەتەنێ، بەڵکە لە گشت جیهاندا دەنگ دەداتەوە و زۆربەی مێهرەجانەکان بە سۆزی شمشاڵەکەی دەڕازرێتەوە.
لە ساڵانی پەنجاکان و دواتر لە ناوەندەکانی دەنگ و ڕەنگی کرماشان،سنە،مەهاباد،ورمێ و تاران مووسیقای جوان و ڕەسەنی پێشکەش کردووە و ئاسەوارگەلێکی بەبایخی پاش یادگار جێهێشتووە.
ئەم هونەرمەندە بێ وێنەیە لە نێو مووزیکزانە ئێرانییەکاندا بە "گنج متحرک" واتا گەنجینەیەک کە دەگەڕێت ناسرابوو.
لە ساڵی ۱۹۹۳ لە ئەڵمانیا خەڵاتی باشترین و ڕێکوپێکترین شێوازی شمشاڵژەنی پێدەبەخشرێ
(کە بە هۆی دەستکورتی و نەدارییەوە بۆی نەلوا بەشداری ئەو مێهرەجانە بکات و خەڵاتەکەی وەرگرێ).
ئەم هۆنەرە بێ هاوتایەی گەنجینەی پڕ لە مووزیک و بەیت و حەیران و لاوک و گۆرانی و مەقاماتی ڕەسەن و فۆلکلۆری کوردییە لە بەرواری ۳۱ی گوڵانی ۲۷۰۹ کوردی(۲۰۰۹ ز) لە تەمەنی ۸٤ ساڵیدا بۆ هەتا هەتایە پێڵووی چاوانی لێک نان و ژیانی پڕ لە ناسۆر و برین و تژ لە چارەڕەشی و برسێتی گەیشتە دوامەنزڵ و گۆپەڕی ژینی بە دوایین دێڕ و دوایین پەیڤ گەیشت و لە داوێنی ناڵەشکێنە لە پەنای گڵکۆی حەسەن زیرەکی نەمر بە داوێنی دایکی نیشتمان دەسپێردرێ.
🌹ڕۆحی شاد و یادی بەرز و پیرۆز.
jîlemo*ژیلەمۆ:✍
#کاناڵی_تاپوی_نووسراوە
✅ @tapuynusrawe
🔶🔶🔸🔸🔸🔶🔶
BY تاپوی نووسراوە
Share with your friend now:
tgoop.com/tapuynusrawe/23907