tgoop.com/Rojhalati_kurdistan1324/36707
Last Update:
زمانی کوردی لە ماڵی خۆیدا بێگانەیە! شەش خاڵ لە سەر قەیرانی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان
هەندێ کەس ئەڵێن زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان لە مەترسی نیە. بە پێچەوانەوە من لام وایە دۆخی زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان بەرەو قەیران دەچێت. بۆ؟
۱. کێشەی ڕستەسازیی:
ڕستە و ڕستەسازیی بڕبڕەی پشتی زمانە و شێواندن، لاوازبوون یان گۆڕانی، واتە شێوان، لاوازی یان گۆڕانی زمان. لە هەرێمی کوردستان، نەک تەنها وشەی بیانی بە تایبەتی عەرەبی زۆرە و وشەی کوردی لە تەنگانەدایە، بەڵکوو ڕستە و چەشنی نەریتیی داڕشتنی ڕستەی کوردی شێواوە و جێی خۆی بە زمانی عەرەبی داوە. بۆ وێنە لە نووسینی فەرمی و ڕۆژانە، لە کتێب و ڕۆژنامە یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم زۆر ئاساییە ئەگەر لە ڕستەیەکدا ببینین کردار، بەرکار، بکەر جێگای بکەر، بەرکار، کرداری گرتووە!
بێجگە لەوە، پێکەوەنووسین گەیشتووەتە ئاستێک کە کەس نازانێت ئەوەی کە نووسراوە یەک وشەیە یان یەک ڕستە سان یەک پاراگراف! (وێنەکان ببینن)
۲. کێشەی دەنگناسی:
دیارە پێویست ناکات نووسەران و خوێنەرانی زمان هەموو دەنگناس بن یان خود زمانەوان بن. بەڵام زۆر جێی تێڕامانە ئەگەر ڕێژەیەکی بەرچاو لە ناوەکان، شەقامەکان، دوکانەکان، کتێبەکان و نووسراوە فەرمییەکان جیاوازیی نێوان /ی/ و /یی/ نەزانن یان لە دوای سێ دەیەی ئامۆژگاری و پەروەردەبوون، هێشتا بنووسن پاص، بەصرە، صەموون، یان جیاوازیی نێوان /و/ و /وو/ لێیانەوە دیار نەبێ، تەنانەت بۆیشیان گرنگ نەبێت ئەگەر لەتێکی ناوە سێیانییەکەی خۆیان کوردی و دوو لەتی دیکەی بە زمانی عەرەبی بنووسن.
۳. کێشەی بێگانەخوازیی زمانی:
ئەم کێشەیە ئێستا ئیدی دیاردەیەکی زەق و بەرچاوە. ئێستا خوێندکاری کوردستان نەک تەنها لە زۆربەی زانکۆ ناوخۆیی و بیانییەکان بە زمانی ئینگلیزی پەروەردە دەکرێن بەڵکوو کێبەرکێیەکی «شکۆمەند» لە نێوان زۆنەکاندا هەیە بۆ بارهێنانی نەوەی نوێ بە زمانی ئینگلیزی. بۆ وێنە ماوەیەک لەمەوبەر «کۆمەڵگەی بارزانی» لە هەولێر کراوەتەوە کە هەر لە باخچەی منداڵانەوە تاکوو قۆناغی پێش زانکۆ لە خۆ دەگرێ و باشترین کەش و کەرەستەی پەروەردەییی بۆ ئامادە کراوە، بەڵام هەر لە منداڵی ساواوە تاکوو کۆتا قۆناغەکانیان، مامۆستا و کاربەدەست هەموو بە زمانی ئینگلیزی دەدوێن و پەروەردەیان لە سەر بنەمای خوێندنی ئەمریکی و بەریتانیاییە. بەلامانەوە سەیر نەبێ ئەگەر لە تابلۆی قوتابخانەکانمان وشەگەلێک وەکوو «پریسکۆڵ» و هتد ببینین.
ئەمە بێجگە لەوەیە کە ترک و فارس شوێن پەنجەی خۆیانیان هەیە و ئەوانیش لە بازنەی تایبەتیی خۆیان خەریکی پەروەردەکردنی کوردی ترکیبێژ و کوردی فارسیبێژن!
۴. کێشەی ئابووریی زمان:
ئەگەر سەردانی بازاڕ بکەن، زەق و بەرچاو لاوازیی زمانی کوردی و بێ ڕکابەریی زمانی ئینگلیزی و عەرەبی دەبینن. بارهێنراوی زمانی کوردی هیچ هیوایەکی بۆ گرێدانەوەی زمانەکەی بە سەرچاوە ئابوورییەکانەوە نیە. بە پیچەوانەوە، زانینی زمانە بیانییەکان مەرجی بنەڕەتی بۆ بنکە و دامەزراوە ئابوورییەکانە. تابڵۆ دوکانەکان ئینگلیزییە، نووسراوەکانی ناو دوکانەکان عەرەبییە و زۆرێک لە کرێکارانی کوردستان ئەگەر فیلیپینی و بەنگڵادیشی نەبن، بە دڵنیاییەوە عەرەبی باشوورن. بۆیە لاتان سەیر نەبێ ئەگەر لە چێشتخانەیەک دابنیشن، ناوەکەی ئینگلیزی نووسرابێ، ناوی نان و خۆراکەکانیان ترکی و خزمەتکارەکانیان عەرەب بن. سەیریش نەبێت بۆتان ئەگەر ئادریسێک لە تەکسی بپرسن و نەزانێت، چۆنکە زۆربەیان ئینگلیزی نازانن و ناتوانن تابڵۆەکان بخوێننەوە.
۵. کێشەی خوێنەر:
وێڕای ئەوەی کە ڕێژەی چاپی کتێب لە هەرێمی کوردستان کەم نیە، بەڵام ئابووریی کتێب و ڕێژەی خوێندنی کتێب زۆر لاوازە. نەبوونی کتێبخانەی نیشتمانی و نەبوونی کتێبخانەگەلی پێشکەوتوو و خزمەتگوزار، وێڕای کێشەی ئابووریی، بێ مووچەیی، گرانی و گۆڕانی ئاراستەکانی چواندن و لەگارکردن گرنگترین هۆکارگەیلی ئەم دیاردە ناشرینەن.
۶. کێشەی ڕێنووس: بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ئاستی وشیاریی گشتیی بۆ نووسین بە زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان بە پەنجا لە سەد ناگات. بە دەگمەن نووسراوەی فەرمی و کارگێڕی، ڕۆژنامە، تەلەفیزیۆن، ماڵپەڕ، کتێب و جۆرەکانی چاپەمەنی هەن کە بێ هەڵەی ڕێنووسی بنووسن. ئەوەش ئەگەر هەبێت، دەبێ دڵەڕاوکێی ئەوەمان هەبێت کە لە ڕووی داڕشتن و ڕستەسازییەوە چۆناوچۆنە!
۶. کێشەی ناشکۆمەندیی زمانی کوردی:
ئەم کێشەیە ئیدی کێشەیەکی گوتاری، دەروونناسانە و فرەڕەهەندییە و هەمووی خاڵەکانی سەرەوە پێکەوە دەگرێتەوە. بە داخەوە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خۆی وەکوو مەکۆی لێکۆڵینەوەی کوردی و پەروەردەی زمانی کوردی و زمانەوانیی کوردی بنوێنێ و لە هەموو بوارەکانی لێکۆڵینەوە و پەروەردەی زمانی کوردیدا لاواز و کەم بەهەرەیە.
درێژەی وتار👇👇
BY کوردستان / Kurdistan
Share with your friend now:
tgoop.com/Rojhalati_kurdistan1324/36707