tgoop.com/Xaled_Avyndar/43
Last Update:
گەڕی گۆبەند
کچۆڵەی جوانی شۆخ و شەنگ،بەژن رێکەی لەباری من
پەری نازداری چاو بەنگی، کەمەر تەنگ،خاسە یاری من
پەژارە دەوری لێ داوم ، کزم ، بێ هێز و داماوم
برا سۆمای دوو چاوم، تەنیویە خەم کەناری من
ئەوەندە بێ سەڵا و ئە نوام گەلێکی وەک "برایمۆک"ی
دەبێ بێن ببنە شاگردم؛ ئا وایە ژینی تاری من
لە مێژە ژاری ئازارێ دەچێژم، من لە دووری تۆ
وەرە هانام، بەزەت دابێ بە حاڵی سەخت و زاری من
گری ئاورگی ئیشقی من، گەری گۆبەند دەسوتێنێ
گەمە نیە، هەرئەمەگ پووچەڵ دەکا گەف لە نەیاری من
مەلەی ناکەم لە دەریای مەند وبێ بن بێ گور تینم*
دەترسم، نیمە نەترەی وا، لە تەنکاوانە؛ کاری من
شۆڤاری دوو زمانی قین لە زگ زۆر گێلە، تێناگا
گراوی خۆم دەزانێ نرخی ئەشک و ئاسەواری من
گوڵم پێ نەگە وەیگۆرێ بە گەوهەر دانە فرمێسکم
وە یان شێعرێکی کەم پایە، بەڵام تا داری زاری من
بە تیری تیژی چاوی تۆیە ئەنگواوە دڵەی شێتم
وەرە بەرکۆژە بترازێنە خونچەی نۆبەهاری من
کە پێمەردی خودام بێنە سەرێ، دەمرم بە ناکامی
دەترسم بتگرێ ئاە و هەناسەی سەرد و سواری من
لە دوای مەرگم کە وەک 'مەم' دیلی دەستی 'بەکر'ە شەیتانم
بە چەشنی 'زین' بناڵێنە و دەبەر خۆ کە؛ دەواری من
وەکو بارێزە برژێنە و لە بانگێ دە لە سەر تەرمم
لە چاو ئەسرین، بڵێ؛ وەی رۆ... "ئەویندار"ی هەژاری من
ـــــــــــ
* ئاماژەیە بۆ ئەو شێعرە بە پێزەی مامۆستا هێمنی مەزنە کە فەرمووی:
ئاو نەبوو ئەو دەمی "هێمن" مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر : خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
BY خالید ئەویندار
Share with your friend now:
tgoop.com/Xaled_Avyndar/43