tgoop.com/Xaled_Avyndar/53
Last Update:
من ئەو...
من ئەو کەسەم:
بۆ هەمیشە باری خەمم لە کۆڵ ناوە
چاوەکانم سیس و لێڵن
بزەم بزرە و...
فرمێسکەکەم بە لێشاوه
پەلەم زۆرە، گەلێک ماندووم...
وەکو ئەوەی لە کاروانێ بەجێ ماوە.
من نامۆ نیم:
کە چی هەموو بۆنی غەریبیم لێ دەکەن
رەنگە چوونکە نیشانێکی مۆرکراوم پێ نەماوە.
یەک پڕ بە دەم:
هاوار دەکەم!!،
من ئەو کەسەم بە هۆی جوانی پەرستیەوە
لەشار دا ناوم زڕاوە.
ئاخ... دیسان بڕوا ناکەن
وا تێ دەگەن:
ئەوەی هەیە لە بەر چاوە و چ نەماوە.
من ئەو کەسەم:
گەلێک شەوان چیای رژدم
بە شەوە زەنگێ پێواوە؛
بنەو سیپەی زۆرم دیون؛
کەڵەکی تەزی مەتەرێزم بە سەرشانی دا
روخاوە؛
کاکۆڵەکانم خوساوە:
بە خوێنی گەش، یان بە باران و خوناوە.
ئێستا وێڵم:
رو لە هەر لایێکی دەکەم سپڵە زۆرن،
تێم ڕادەخوڕن؛ دەڵێن: لاوە.
ئای... چەندە سووکن!، چەند سەهەندەن!!
ئەو نەدیتۆکە لا لەوەڕە بێ خێرانەی، ملیان
لە بێ توکی و نارەسەنی بێ فەڕانە دا شکاوە.
من ئەو کەسەم:
دڵم بووم"ی تابڵۆیەکە
نەخشەی نیشتمانی شەنگم،
لەگەڵ سڵی ئاسکانەی گەورە کچان
تێیا کوتاوە،
کردومەتە بێشکەیەک و رایدەژێنم:
بۆ ئارامیی...
ئەو هەتیوەی بێ پەسیوە روتەڵانەی
نازی نەرمی ساوایەتیان لێ شێواوە.
پاییزی ۱۳٦٤ی هەتاوی.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر:خاڵید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
BY خالید ئەویندار
Share with your friend now:
tgoop.com/Xaled_Avyndar/53