tgoop.com/Xaled_Avyndar/58
Last Update:
پێشکەشە بەگیانی مەزنی جەلال مەلەکشا
وشەی سووری ئاگرینت
بۆ نیشتمان لەمپەرێبوون ؛
وەک پێشمەرگە
چاوی تیژی سەنگەرێ بوون ،
دەیانپاراست خاکی وڵات
له درۆ و دەهۆی "ئەهریمەن" و دێۆی شەوێ .
لە هەڵوێستا :
چاونەترسێ بووی وەک " بێ کەس" .
قەت یار نەبووی لەگەڵ نەیاری کوردستان،
بۆ "هەستان"ی بێ نەوەستان،
شێعر و گۆرانی و سرودت رێبەرێ بوون .
بێزار بووی لە داو و دانە و
فێڵ و گەڕی خێوی کەوێ .
هونەری تۆ : خۆشەویستی نیشتمانە و
سەوداسەرییە بۆ ئازادی ؛
وەشاندنی تۆمی شادی و ورە دان بوو بە تێکۆشەر ،
بزەت بەخشی بەو دوو لێوەی باریان گرت بوو ،
خەمخۆرێ بووی بۆو ئازایەی
ئاوەدانی و ئاشتی دەوێ ،
ملکەچ نەبووی بۆ داگیرکەر ؛ له پێناوی نان و مان دا و...
بەرزە فڕ بووی
چەنی هەڵۆی لە گش لوتکە و دوند و تەلان سەر بکەوێ .
گەورەم ، جەلال ؛
ئەی نەبەزیوەی تاڵ و سوێری ژیان چەشتوو :
ئەم سێیانە سەکۆیێ بوون تا باڵ بگری
بۆ مەڵبەندی ئەو"مەزن"انەی چاوی "مەرگ" یان
لێ تۆقیوە و
لە ژوانگەی هێڵی "هەرمان"دا لەنگەر گرتوون ،
بەرگی "نەمری"و زیندە بوونیان لێ پۆشیوە .
چەن سەربەرزی، گەورەم ، چەند روسووری...
لە سۆنگەی "ئەوین"ی خۆتا
بوویتە پەیکەر :
وەکو "ئارێز" ، وەکو "شاهۆ"
پات له خاکی نیشتمانە و سەرت لە هەوران دەرچووە .
خوای شێعر و هونەری روت دایرشتووە
لە جنسی گزنگی خۆر وئاوی کانی و بۆنی گوڵاڵەی کەژ وکۆ .
چاوت لێک نێ، بە ئارامیی...
وچانێ دە :
گیانی یاخیت لە ئامێزی گەرمی گەل دا با بسرەوێ
ب....ا بسرەو....ێ .
خانێ _ ۲۷۲۰/۸/۱۰
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
شاعیر: خالید ئەویندار
@Xaled_Avyndar
BY خالید ئەویندار
Share with your friend now:
tgoop.com/Xaled_Avyndar/58