tgoop.com/Xaled_Avyndar/8
Last Update:
قەندیل.
روگەی دڵ و سۆمای چاوم
"قەندیل" قەڵای قەت نەرماوم
چیای بەرزی خاسەرەنگم
دڵی نیشتمانی شەنگم
بۆنەتەوەم هۆی هەرمانی
بۆ گشت دەردانی دەرمانی
گوڵمیخی خوای کردگاری
سەری؛ لەنێو سەران دیاری
رەمزی بەرزی زێدەکەمی
پەنای کاک و دێدەکەمی
گڵکۆی باپیرە گەورەمی
جێی سەربەرزی ئەم دەورەمی
سەنگەری، پشتی، داکمی
تۆ عەرشی، عەردی، خاکمی.
هەرچەندی دێم، تێددەفکرم
پتر پێم خۆشە بۆت بمرم
رۆژ لە رۆژێ لام شەنگتری
هێژاتری ، بە سەنگتری .
هۆ... بەرزەجێی هەزار تەرز
هۆ... پاکترین شوێنی عەرز
تا دەتبینم خڕ و شیوت
بستوو، لاپاڵ و نەدیوت
مێرگ، نواڵە، چێنکەو چیمەن
دۆڵ و ئاسۆ، ملە و دیمەن
زەردو ماهت،گەوە و هەڵدێر
رەوەز، کانی، کەف، ئاوهەڵدێر
دڵم شادە و دەکرێتەوە
سومای چاوانم دێتەوە.
قاسپەی کەوی خاسەکەوت
هاژەی چەمی نیوەشەوت
دڵۆپەو ترپەی بەفراوت
سیڕەی سەقر و بازی راوت
خۆشترین سەمفۆنیای ژینن
هەتوانن، تەسکینن، تینن
بۆ گیانی تامەزرۆی پەشێو
بۆ کوردی بارکەوتوو لەلێو
هەر ئاوەدان بی چیای کورد
سەرم قوربانی تۆ وهەڵگورد
خانێ-۱۳۸٤
------------
شاعیر: خالیدی ئەویندار
@Xaled_Avyndar
BY خالید ئەویندار
Share with your friend now:
tgoop.com/Xaled_Avyndar/8