tgoop.com/Xaled_Avyndar/92
Last Update:
یاسا، سروشت، ئازادی
نووسینی: خ. ئەویندار
تێگەیشتن و ناسینی چەمک لە نێو ئەو دەقانەی کە لە مێژووی ھزر و ئاوەزی کۆمەڵگایە بە جێ دەمێنن ئەو گرینگایەتیەیان ھەیە کە بایەخی فەرھەنگی چەمکەکان، و لە ئاکام دا، ھێز و بڕشت و توانایی زمانیی ئەو گەلە، لە بنیاتنانی پێوەندی لەگەڵ سروشت و شتگەلی دەوروبەری بۆ نەوەکانی داھاتوو دیاری ئەکا. دامەزراندن و بنیاتنانی پێوەندی لەگەڵ سروشت مانایەکی وێوەتر لە گەیشتن بە ئازادی، بە مانای پڕ بە پێستی وشەکە، لێ ناکەوێتەوە.
لێرە دا سروشت بە خودی مرۆڤیش دەگوترێ کە بەشێکە لە سروشت.ھێزەکانی سروشت نامۆن، بەبێ ناسینی ئەو ھێزانە و لە رێگای دەستەمۆ کردنیان و کەڵک لێوەرگرتنیان نەبێ ئینسان لە کۆیلەیی و تەنیایی دا دەمێنێتەوە. ئاخۆ ئەو کەسانەی لە رێگای زانستەوە ھەنگاو دەنێن تایبەتن بە بنیاتنانی پێوەندی لەگەڵ سروشت دا؟ داخوا ھونەرمەند لەم پێوەندییە بێ نیازە؟.
پێوەندی لەگەڵ سروشت دا، لە چەمکێ دا بە مانای ناسینی ھێز و توانای سروشتە و لە چەمکێکیتر دا بە واتای دەستەبەر کردنی تواناکانی مرۆڤە بۆ وەستانەوە لە ھەمبەر سروشت، ھەر بۆیە ناسینی سروشت تایبەت نیە بە ھێندێک مرۆڤی تایبەتەوە، بەڵکو ئەرکی سەر لەبەری مرۆڤەکانە. خاوە خاو وتەمەڵی نواندنی ئینسان سەبارەت بە ھەست پێکردنی زەروورەتی دامەزراندنی پێوەندی ھەمیشەیی لەگەڵ سروشت دا و دۆزینەوەی زاکوون و رێساکانی ئەو پێوەندییە، بە ھۆی پێکەوە ژیانی بە کۆمەڵیەتی و دابەش کردنی کارە بە شێوەی کۆمەڵایەتی.
مرۆڤ بە ھۆی ئەم چەشنە دابەشینە ناسروشتی یەی کار، وردە وردە لە جغزی ناسینی سروشت و دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵی دا دوور دەکەوێتەوە، ئەم تەریک بوونە ھێور و لەسەرخۆیەی ھەتا ئەو جێگایە بڕ دەکا و خۆ دەسەپێنێ کە نەک ھەر مرۆڤە ئاساییەکان پێوەندی خۆیان بە یەکجاری لەگەڵ سروشت دەپچڕێنن بەڵکو خاوەن بیر و ئەندیشە و ئەو کەسانەش کە لەتەک زانستگەل و ھونەرە جوراجورەکان سەر و سڕیان ھەیە ھەر وەھان، ھەرچەندی کە لە نێو سروشت و لەگەڵ زاکوونەکانی دا دەژین. بەڵام لە ئاڵقەو داییرەی بیر و رامان لە بابەت سروشت و لە جەڕباندن و تێکەڵاوی لە تەکیا و بینین و سەرانسوێ کردنی لە رێگای ئەزموونەوە خۆ دەبوێرن. ئەم دوور کەوتنەوەیە ئەوەندە زاڵ دەبێ کە نەوەکی ھەر لە بارەی پێوەندی لەگەڵ سروشت دا، بەڵکو ئەزموون وجەڕباندنی قانوونگەل و رێساکانی ژیان و دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ کێشەکانی ژیانیش دەکەونە ژێر سێبەری ئەم دووری و جیاییەی لە سروشت.
درێژەی ھەیە...
BY خالید ئەویندار
Share with your friend now:
tgoop.com/Xaled_Avyndar/92