tgoop.com/ba_kurty/1192
Last Update:
پوختەى ڕەوشتى موسڵمان
بەشی یەکەم : ڕەوشتی موسڵمان لەگەڵ خوای گەورە :
١- پاک کردنەوەی عیبادەتەکان تەنیا بۆ خوای گەورە ، و دوور کەوتنەوە لە هاوبەشی دانان بۆ خوای گەورە ، و هەر شتێک لە شیرک نزیکت بکاتەوە .
٢- دۆستایەتی و خۆشویستنی باوەڕداران و دوژمنایەتی کردن ڕق بوونەوە لە بێباوەڕان بەپێی بەستەرە شەرعییەکان .
٣- هەست کردن بە چاودێری خوای گەورە لە هەموو ئانوساتێکدا ، وە بزانین هەمیشە خواى گەورە ئاگای لێمانە .
٤- دوورکەوتنەوە لە حەرامکراوەکان ، و ئەنجامدانی کردەوە چاکەکان.
٥- بەردەوام بوون و دامەزراو بوون لەسەر دینەکەی ، وە پەشیمان نەبوونەوە لێی وێڕای فیتنە و ئافاتەکان .
٦- پشت بەستن بەخوای گەورە لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشان .
٧- ئارامگرتن لەسەر قەزا و قەدەرەکانی.
٨- تەوبە و گەڕانەوە بۆ لای لەگەڵ داوای لێخۆش بوون لێی .
٩- پێشخستنی فەرمایشتی خوای گەورە بەسەر قسەی خەڵکیدا ، وە ڕەت نەکردنەوەی بەهۆی عەقڵ یان یاساکان.
١٠- بەگەورەدانانی گشت ئەو شتانەی کە خوا بە گەورەی داناون وەکو سوننەتی پەیامبەر ـ صلی الله علیە وسلم ـ ، وە بەگەورە دانانی ئەو شوێنانەی کە خوا بە گەورەی داناون ، وەکو مەکەی پیرۆز و مەدینەی پرشنگدار و مزگەوتەکان ، وه بە گەورە دانانی ئەو کەسانەی کە خوا بە گەورەی داناون وەکو پەیامبەران و زانایان و دایک و باوکان ، ئەمەش بە پێوەری شەریعەت بەبێ زێدەڕەوی .
١١- وریای بە ئاسان سەیرکردنی تاوانە بچوکەکان بن ، چونکە تاوانە بچوکەکان پێشەکین بۆ تاوانە گەورەکان.
١٢- ڕقبوونەوە لە بیدعە و تاوانەکان چونکە خوای گەورە ڕقی لێ دەبێتەوە .
١٣- بیر نەکردنەوە لە زاتی خوای گەورە ، بەڵکو دەبێ بیر لە دروستکراوەکانی بکەینەوە ، لە فەرموودەشدا هاتووە : (( بیر لە دروستکراوەکانی خوا بکەنەوە ، بیر لە خودی خوای گەورە مەکەنەوە )) .
---------------------------
#بەکورتى (٤٣٨)
https://www.tgoop.com/ba_kurty
BY بەکورتى
Share with your friend now:
tgoop.com/ba_kurty/1192