tgoop.com/beserhati_nesteq/14768
Last Update:
کێوەڕەش
مەحمووداغا دڵی بە بێوەژنێکەوە بوو. ڕۆژێک خۆی لە گوڵێ دەدا و بە سواری ئەسپ بۆی دەچێت.
شۆڕەلاوێکی ئەو دێیەش بەو بەزمە دەزانێت و پێی ناخۆش دەبێت. ڕۆژێک هەر لە کەل وەدەر دەکەوێت، سیلەی لێ دەگرێت و فیشەکێکی پێوە دەنێت. فیشەک لە بەر پێی ئەسپەکە وە عەرزی دەکەوێت. مەحمووداغاش ئەسپەکەی وەردەگێڕێت و هەڵدێت.
لە شەیتان و شۆفاران دەردەکێشێت کە کێ تەقەی لێ کردووە؟ ڕۆژێک ئاغای هەموو دێهاتی ناوچە کۆ دەکاتەوە کە ئەو کوڕە ئیعدام کات. دەنێرێت نۆکەر و تفەنگچی، کوڕە قۆڵبەست دەکەن. ئاغاوات خەریکی نانی نیوەڕۆن و پەتی سێدارە هەڵواسراوە و کوڕە قۆڵبەست ڕاگیراوە کە لە نانخواردن بنەوە و لە سێدارەی دەن.
جەماعەتی نێودێ دەچنە لای کوڕە کە چ دەکەیت و خۆ ئەوە خەریکن ئیعدامت دەکەن. کوڕە هەر دەڵێت: مەحمووداغا نییە؟ خەمتان نەبێت، ئیعدامم ناکات.
دوای نان بۆ دوایین قسە، کوڕە بانگ دەکەنە دیوەخان، کە بۆ وای کردووە.
ئەویش دەڵێت: لە منداڵییەوە هەر دەمبیست مەحمووداغا ترسەنۆکە، منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو و دەمگوت، ئاغا، ئاغای من بێت، ناترسێت. بۆ ئەوەی خەڵکیش لەو بابەتە تێ بگەیەنم، گوتم تاقی دەکەمەوە. ئاغام لە کەل وەدەر کەوت، وەبەر فیشەکم دا. ئەسپ لە تۆزدا ون بوو. ماڵتە، ئەو کێوە تەکانی خوارد، مەحمووداغا لەجێی خۆی نەبزووت.
جا دەیگوت مەحمووداغا قسەکەی بەکەیف بوو؛ هاواری کرد: «جا با بۆخۆی بیگیڕێتەوە کە چۆن نەترساوم»!
بەڵێ کوڕە ئێعدام نەکرا؛ بەڵام تا چەند ساڵان کەسپی ئەوە بوو، هەرکات مەحمووداغا میوانداریی دەکرد دەیناردە شوێنی کوڕە کە بۆخۆی بێ بۆ میوانانی بیگێڕێتەوە کە چۆن تەقەی لێ کردووە و ئاغا نەترساوە!
تێبینی: ناوی مەحمووداغا خوازراوە
⚠️ کۆپیکردن و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ئەم کەناڵە تەنیا بە هێنانی ناوی سەرچاوە ڕێگەپێدراوە
✔️کەناڵی "با قسەی خۆش ون نەبێت"
https://www.tgoop.com/+7xx41Np2Px84NTc0
BY با قسەی خۆش ون نەبێ
Share with your friend now:
tgoop.com/beserhati_nesteq/14768