tgoop.com/jwanit/14526
Last Update:
ئای، خۆشەویستی چ غەدرێک دەکا..
شەھیدەکان لێم ببوورن، چەپکە گوڵم لەبەردەم ئەو دانا..
باخچەکان لێم ببوورن، پەخشانم بۆ گوڵە نایلۆنەکانی سەر سەلاجەکەی ھۆنیوەتەوە.
مردووەکانم لێم ببوورن، بۆ لەدەستدانی ئەو زۆرتر گریام.
منداڵە کلێنس فرۆشەکانی سەر جادە لێم ببوورن، ھەرچی بەرائەت ھەبوو خستمە کۆشی ئەوەوە.
بیرم لەو کەروێشکە بەستەزمانە نەکردۆتەوەو جانتای چەرم بۆتە دیاریم.
بیرم لەو ھەموو ئاوە موقەتەرانە نەکردۆتەوە دەچنە جەستەی لاوازی نەخۆشەکانەوە و بەر دەرگا شووشتنێکی ئەو دڵخۆشی کردووم.
جیاوازیم کرد لەنێوان کۆترێک و ریشۆڵەیەک.
بێ ویژدانیم کرد لە وەسفی پەنجەرەی ژوورەکەی و دەڕابی دوکانێک.
نادادیم کرد لەنێوان پەپوولە و زیکزیکەیەک.
لەنێوان مانگایەک و قومریەک،..
لایەنگیری سویچی ئۆتۆمبێلەکەی ئەو بووم بەرامبەر کلیلی ماڵی خێزانێکی کرێچی
ئێستا چ بڵێمە ئەو ژنانەی خۆیان سووتاند: بڵێم خەمم زیاتر لە سووتانێکی بچووکی پەنجەی تۆ خواردووە بە دەسکی مەنجەڵێک؟
ئای، خۆشەویستی چ غەدرێک دەکا ...🤎
||تەڵعەت تاھیر
BY Jwanit |🤎.
Share with your friend now:
tgoop.com/jwanit/14526