tgoop.com/mamlemusic/3099
Last Update:
لە حەوتووی ڕابردوودا چەند تۆمارێکی دەنگیمان بڵاو کردەوە کە لە ساڵی ١٣٣٩ه – ١٩٦٠ز لە مەهاباد و لە زەماوەندی کاک هاشم کاکاغازادە تۆمار کرابوو. ئەو کاسێتە بە یەک لە کۆنترین تۆمارەکانی دەنگی ماملێ دەناسرێ. دیارە پێش ئەو بە وتەی بەڕێز عیززەت بەگی دەرگەڵەیی لە سەردەمی کۆماری کوردستان کە تەمەنی ماملێ ٢٢ ساڵ بووە، لە ڕادیۆ کۆماری کوردستان، ڕاستەوخۆ بۆ خەڵک سرود و گۆرانی گوتووە، بەڵام بەداخەوە کەرەسەی تۆماری دەنگیان نەبووە تا تۆماری بکەن. لە پاش ئەویش لە سەردەمی ڕادیۆ بێسیمی کە بۆ ماوەی ٦ ساڵ بەردەوام بووە، تەنیا تواندراوە چەند گۆرانییەک بۆ یەکەمینجار لە دەنگی محەممەد ماملێ تۆمار بکرێت.
ئێستا ئەو چەند گۆرانییە کە دەیبیسن و لە ماوەی حەوتوی ڕابردوودا بڵاومان کردەوە، لە دوای تۆمارەکانی ڕادیۆ بێسیمی مەهاباد بە دووهەم بەرهەمی تۆمارکراوی ماملێ پێناسە دەکرێ. دیارە چەند تۆمارێک بە تاری هونەرمەند بیوک شەکوری هەن کە وێدەچێ لەو سەردەمەدا تۆمار کرابێ.
پێویستە زۆر سپاسی کاک جەماڵ شافعی و کاک فەڕزین ئیسماعیل پوور بکەین کە ئەو کاسێتەیان گەیاندە ناوەندی ماملێ تا لە ڕێگای ئەو ناوەندەوە پێشکەشی ئاشقانی دەنگی ماملێ بکرێ.