tgoop.com/mejhuikurd/820
Last Update:
بەدرخان بەگ یان بەدرخان پاشا، دامەزرێنەری یەکەم دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە ١٨٤٤ هەتا ١٨٤٦
سەرچاوە بیانییەکان باسی ئازایەتی و لێهاتوویی دەکەن. ناوبراو ساڵی ١٨٠٢ لە بنەماڵەی بەدرخانەکان لە ئەماڕەتی بۆتان لە دایکبوو و لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بوو بە دەسەڵاتدار. دوای ئەوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی هەوڵی دا دەسەڵاتی میرنشینەکان کۆتایی پێ بێنێ و دەسەڵاتێکی ناوەندی عوسمانی و تورکی دروست بکا، کۆمەڵێک دەسەڵاتداری ناوچەیی کوردی لە سەر کار لادان، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە میرنشینە کوردەکان لە دژی ئیمپڕاتۆری عوسمانی یەک بگرن. بەدرخان بەگ لەو یەکگرتنەدا رۆڵی سەرەکیی بینی. ساڵی ١٨٢٨ بەدرخان بەگ، هەوڵی سەربەخۆیی بە یەکگرتنی میرنشینە کوردەکانی وان و هەکاری دەست پێ کرد. ساڵی ١٨٤٤ سەربەخۆیی راگەیاند و پارەی بە ناوی خۆی لێدا و بە تەواوی لە دژی عوسمانییەکان وەستایەوە. سنووری دەسەڵاتەکەی بەشێک لە هەموو پارچەکانی کوردستانی لەخۆ گرتبوو. لە چەند شەڕدا سوپای عوسمانییەکانی تێک و پێک شکاند. ئیمپڕاتۆری عوسمانی کە نەیدەتوانی شکستی بدا، رێککەوتنی لەگەڵ واژوو کرد بەڵام چەند رۆژ دواتر بە دزییەوە دەیویست هێرشی بکاتە سەر، بەڵام سەر نەکەوت لە ئەنجامدا عوسمانییەکان هەوڵیان دا لە رێگەی دووبەرەکی نانەوە کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی بێنن. لە گەرمەی شەڕدا بە پیلانێکی پێشوەختە، بەشێک لە سوپای بەدرخان بەگ بە سەرکردایەتیی برازاکەی، چووە ریزی عوسمانییەکان، بەڵام بەو حاڵەش سوپای عوسمانی تێک شکا. دوای ئەو رووداوە، دەسەڵاتەکەی لاواز بوو. هەروها ئاشوورییەکان بە سەرکردایەتیی مارشیمۆن و هاوکاریی هەندێک لە میرنشینە کوردەکان لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە دژی بەدرخان بەگ هان دەدران هێرشی بکەنە سەر، کە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەدرخان بەگ هێرشیان بکاتەوە سەر. دوای دوو ساڵ شەڕی بەردەوام و خەیانەتی برازاکەی و ئابلۆقەی ئابووریی عوسمانییەکان، دەسەڵاتەکەی لاواز بوو و پاشەکشەی پێ کرا و دەستگیر کرا و بۆ دیمەشق دوور خرایەوە و ساڵی ١۸٦٨ کۆچی دوایی کرد.
گەڕیدە بیانییەکان کە ئەو کاتە هاتوونەتە ئەو ناوچەیە، تاریفی شێوەی حکوومەت کردن و ئەمنییەتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەکەن.
دوای خۆی، کوڕەکانی بە ناوی عومەر و حوسێن بەدرخان شۆڕشێکیان لە ١٨٧٩ هەڵایساند کە تێکشکا و حوسێن لە سێدارە درا.
بەحری بەدرخان تەڤلی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری بوو.
میقداد بەدرخان، تەڤلی شۆڕشی ١٨٨٩ بوو و دواتر یەکەم رۆژنامەی کوردی لە مێژوودا بڵاو کردەوە.
عەبدولرەحمان بەدرخان ساڵی ١٩١٩ بوو بە حاکمی ناوچەی ئایدن لە تورکیا.
کامیل و عەبدولرەزاق بەدرخان ساڵی ١٩١٧ لە لایەن رووسەکانەوە بوون بە حاکمی ئەرزەڕۆم و بتلیس.
خەلیل بەدرخان بوو بە حاکمی مالتایا.
ئەمین عالی بەدرخان، ساڵی ١٩٠٨ کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی دامەزراند، بەڵام سزای مردنی بۆ بڕایەوە. دوای ئەوەی ئاوارە بوو، ساڵی ١٩٠٩ کۆمەڵەی تەعالی کوردستانی دامەزراند.
سورەیا بەدرخان لەسەر چالاکیی نەتەوەیی زیندانی کرا، بەڵام دواتر لەگەڵ میقداد و عەبدولرەحمان یەکەم رۆژنامەی کوردییان بڵاو کردەوە
جەلادەت بەدرخان کوڕی ئەمین عالی بەدرخان کۆمەڵەی خۆییبوونی دامەزراند کە بوو بە هۆی شۆڕشی ئاڕارات لە ساڵی ١٩٢٧. لەگەڵ برایەکەی بە ناوی کامڕان یەکەم مەدرەسەی کوردییان لە دیمەشق دامەزراند کە بڵاوکراوەی کوردی بڵاو دەکردەوە. هەروەها ئەلفوبێی کوردییان بۆ یەکەمجار داهێنا.
لەیلا بەدرخان کچی عەبدولرەزاق، بە هونەری سەما کردن ناوبانگی جیهانیی دەرکرد و سەرنجی گەورەترین ساڵۆنەکانی سەمای لە وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا راکێشابوو. ناوبراو وەک یەکەم کچی سەماکار لە مێژوو وڵاتانی ئیسلامی دێتە ئەژمار کە ناوبانگی جیهانی هەبێ و لە ئەمریکا و رۆژئاوا هێندەی سەرنج درابێتێ.
https://www.tgoop.com/joinchat-AAAAAE8KlBiJ-kuRv4JwZQ
BY مێژووی کورد

Share with your friend now:
tgoop.com/mejhuikurd/820