tgoop.com/saidomer1/1711
Last Update:
ئەم بابەتە، پێش دوو ساڵ، لەفەیسبوک دامنا، لەبەرئەوەی هەندێک پرسیار دروست بووە، لێرەش دایدەنێم.
ئەڵبەت هەموو ئەم قسانە، باسی منداڵە، ئەگینا بۆ گەورە و تەنانەت فەقێیان، فێرکاری بەرەوپێشچوونم لەئینگلیزیدا بۆ داناون.
بەڵێ ئەبێت ئاگاداری منداڵەکانمان بین، فێری زمان نەبن!
سوودی زمانزانین و لایەنە باشەکانی مەعروف و مەشهورە، ئەمما وا ئیتر کاریگەرییە خراپەکانیشی ئەبینین!
خراپ؟!
-بەڵێ، زۆریش.
ئێوە ببینن: ئەوەی فارسیزانە، کاریگەرە بە ئەدەبییات و عیرفان، چونکە ئەمە نموونەی باڵای باگراوەندی زمانی فارسییە.
ئەوەی عەرەبیزانە: کاریگەرە بە ئیسلام و عولومی شەرعی و مێژوو و…
ئەوەی ئینگلیزیزانە: کاریگەرە بە هۆڵیود و نێتفلێکس و دەیان ستاری نا ستار.
باسی زمانەکانی تر ناکەم، چونکە کەمتر کاریگەرییان لەسەر ناوچەی ئێمە هەیە و زۆریش خاوەن باگراوەندی سەربەخۆ نین.
کەواتە: زمانزانی منداڵەکەت، بیرکردنەوە و باگراوەندی دیاری ئەکات.
ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ سەدان مناڵ ئەکەم، کە بە جەستە لێرەن و بە عەقڵ و فیکر و سەقافەت لەفلۆریدا!
-هیچ خواردنێکی خۆمانە ناخۆن، بە قۆزی و بریانیشەوە، ئیتر واز لەکوردەواری بێنە!
- سیستەمی خەویان جیاواز!
- بیرکردنەوەیان جیاواز!
- نیگایان بۆ هەموو گۆشەکانی ژیان، جیاواز!
- دونیاپەرست و ماددەگەرا!
- بە مانای کەلیمە نامۆ بەم نەتەوە و نیشتیمانە!
کابرا مناڵە سێ ساڵەکەی بە ئایپادێکەوە ئەهێنێتە مەجلیس، پۆزی پێوە لێ ئەدا، کە هەر خۆی و بە یوتیوب فێری: یەس و نۆو و ئۆکەی بووە!
منداڵی بەستەزمانت فێری چوار وشە بووە، بەڵام ئەخلاق و تەربییەت و فیکر و بیرکردنەوەی لەدەست دایک و باوک و کۆمەڵگەی دەرچووە!
زمانزانی منداڵەکەت، فیکر و ئەخلاق و باگراوەندی دیاری ئەکات، زمانی ئینگلیزیش خراپترینیانی بۆ هەڵئەبژێرێت.
بەڵێ من ناڵێم زمان کوللییەن خراپ و خەتەرە، بەڵام ئەبێت: منداڵانمان بە ڕێکار و ڕێگای جوان و گونجاو و لەتەمەنی شیاودا فێری زمان ببن.
سەدا چەندن ئەو منداڵانەی، کە بە هۆی ئینگلیزیزانییەوە، فێری زانست و تەکنۆلۆژیا بوون؟
ئەی سەدا چەندن ئەوانەی کە بە هۆیەوە: بوون بە ئەڵقە لەگوێی هۆڵیود و نێتفلێکس و ئەنیمی؟
ئەگەر زۆر بفڕن، ئەگەن بە ڕۆمانە خەیاڵی و ئەفەسانەییەکانی هاری پۆتەر و ئەنگوستیلەکان!
ئەی کوا زانست و هونەر و ئەدەبییاتی باڵا؟
- نەتەوەی بێ بنەچە و کلتور، ئەوەی لەکوێ بوو؟
لەکۆتاییدا: زمان دەرمانی دەردە، چارەی نەزانینە، دەرمان و چارەش بۆ هەموان پێویست نییە، بەڵکو ئەم دەرمانە، بۆ هەندێک لەکاسبکاران و توێژەران و قوتابییانی خوێندنی باڵایە، نەک منداڵی زمان نەگرتوو.
ئەخلاق و ئاین و کلتور و ئەتەکییەت، لەپێشترن.
BY سەید عومەر : Said Omer
Share with your friend now:
tgoop.com/saidomer1/1711