Telegram Web
@z_harman

لە ناوچەی گەورکایەتی مەهاباد گوندێک هەیە بە ناوی (قۆزلوێی گەورە)
لە سەر ڕێگای ئەو گوندە کە بە دۆڵێکی بژوێن و خۆشدا ڕادەبرێ، تەپکێکی لێیە کە ئاسەواری خانووبەرەیەکی لێ ماوە.
لەو تەپکەدا دو برا ژیاون بە ناوی مەلا «داود» و مەلا «عەبد» کە لە تایفەی سەکران بوون.
ئەو دوو برایە کە بە حیسێبگەری و ئەستێرەناسی ناوبانگیان دەرچووە، لە زانستی نجوم و هیئتدا بلیمەتێکی بێوێنە بوون.
«چیرۆکی لەگلەگ» کە پێوندی لەگەڵ ئەو برایانە هەیە بەم چەشنەیە کە ڕۆژێک لە مانگی ڕێبەنداندا کە لەگلەگ لە وڵاتی گەرمێنەوە دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان، مەلا عەبد دوای لێکدانەوە و حیسێب کردنی دەڵێ ڕۆژی هەینی داهاتوو لەگلەگ دێنەوە. مەلا داودیش پاش حیسێب و فیکر و لێکدانەوەیەک دەڵێ ڕۆژی هەینی ناگاتەوە ئێرە. هەر کامیان لە سەر بیر و ڕای خۆیان پێ دەچەقێنن و گرێو دەکەن و دەڵێن قسەی هەر کاممان وە ڕاست نەگەڕا، کچەکەی خۆی بدا بە کوڕی ئەوی دی. پاش ئەو قەرار و پەیمانە شەوی هەینی لای نیوەشەوێ مەلا عەبد کە پێی وا بووە لەگلەگ دەگەڕێتەوە، هەڵدەستێ دەبینێ هێلانەی لەگلەگ لە سەر قەڵاخەدەوەی بەتاڵە و لەگلەگەکەی نەهاتۆتەوە. زۆری پێ سەیر دەبێ، دەیزانی کە حیسێبەکەی ڕاستە و دەبوایە لەگلەگ هاتباوە. لە سەرڕا دەچێتەوە ماڵێ و بەرژەوەندییەکی کاروباری فەلەکی دەکا و لە دوایە کوڕەکەی لە خەو ڕاست دەکاتەوە و دەڵێ:
- لەگلەگ گەڕاوەتەوە، بەڵام لەبەر تەوژمی سەرما و سۆڵ هێزی گەیشتنەوە بۆ ئێرەی نەبووە و ئەوە لە «شێخ هەمزە» دا کەوتووە. زوو بچوو بیهێنەوە، دەنا ئەمشۆ سەرما ڕەقی دەکا و گرێوەکەی دەدۆڕێنین و خوشکیشت دەچێ و ژنیشت وە چنگ ناکەوێ.
کوڕەکەی هەر بەو نیوەشەوە بەو ناو و نیشانەی لە باوکی وەردەگرێ وە دوای لەگلەگ دەکەوێ و دەبینێ قسەی باوکی ڕاستە و لەگلەگ لەبەر سەرما و سەخڵەت هێزی لێ بڕاوە و لە بەفرەکە کەوتووە و بڕستی هەڵفرینی نییە. لەگلەگەی دێننەوە و لە سەر کورسی دایدەنێن تا گەرم بێتەوە و هێزی بێتەوە بەر. بەر لە مەلابانگدانان لەگلەگەکە کە دەبووژێتەوە دەبەن لە سەر قەڵاخەدەوەی دادەنێن.
بەیانی مەلا داود کە پێی وا دەبێ لەگلەگ ناگاتەوە هێلانەکەی، کاتێ دەبینێ ئەوە گەڕاوەتەوە و لە نێو هێلانەی لە سەر قەڵاخەدەوەی هەڵنیشتووە، سەری سووڕ دەمێنێ و بیر دەکاتەوە و دەڵێ:
- لەگلەگ بە خوای بە باڵی خۆت نەگەیشتوویەوە ئێرە و هێناویانی، دەنا کوا بەم سەرمایە توانیوتە بگەڕێیەوە؟
ئەو پسپۆڕە زانیبووی حیسێبەکەی ڕاستە و لەگلەگ دەگەڕێتەوە، بەڵام سەرما و سۆڵ و بەستەڵەک لە پێی دەخا و ناهێڵێ بگاتەوە هێلانەکەی. لە بەر ئەوە دەبێ کە زوو بیری بۆ ئەوە دەچێ کە بە دەستیان هێنابێتەوە. مەلا داود بەو چەشنە گرێوەکە دەدۆڕێنێ و کچەکەی دەدا بە برازاکەی خۆی.

@z_harman


چیرۆکی لەگ‌لەگ
کتێبی شاری وێران
نووسەر:مامۆستا عەلی حەسەنیانی(هاوار)
👏61👍1
بیرەوەری ئەو کەسانەی ڕۆیشتوون و جێیان هێشتووین جەرگبڕە.
بەڵام بیرەوەری ئەو کەسانەی هەن و وەک ڕابردوو نین کارەساتە.

(گارسیا مارکێز)

کێشەی ئەو جیهانە ئەوەیە مرۆڤە ژیرەکان لێوانلێو لە دوودڵین و گەمژەکان تەژی لە باوەڕبەخۆبوون.

(چارلز بوکۆفسکی)

جارجار پێویستە تاقمێک لە مرۆڤەکان ون کەین بۆ ئەوەی خۆمان بدۆزینەوە.

(ژان ،پۆل،سارتێر)

@z_harman

کورتەیەک لە کتێب
وەرگێڕ:زانکۆ
👍4👌1
چ ناخۆشە لەسەر سپیایی لێنووس
ئیدی لەق بێ و نەنووسێ نووکی پێنووس

چ ناخۆشە لەسەر کانی و سەراوان
فرمێسکت بێ بۆ چۆڕێک ئاو لە چاوان

@z_harman


مامۆستا حوسێن حەیدەرپوور(هومێد)
@z_harman

هەر کەس مەڕ بێ،گورگ دەیخوا

هەموو دارێک گوڵێ دەکا،بەڵام بەر ناگرێ.

تروسکەیەکی چاو لە سەد گۆچان باشترە.

چاوێک دوژمنی خۆی نەناسێ،بۆ کوێربوون باشە.

هێلکەوڕۆنیان بۆ کەرێ لێنا،گوێچکەی تێنا.

هەی وێران بی مەراغە،سەرگوێلکیش بۆتە ئاغا.

کەر دوو ڕیاڵ،کورتان سێ قڕان

قسەی شەوێ ،دەڕوا لەگەڵ خەوێ.

سەری شکاندووم ،ڕیشم بۆ شانە دەکا.

سەر لەبن بەردان بێ، لەبن منەتان نەبێ.

ئەسپێکی لەڕ ،لە تەویلەیەکی پڕ لە کەر چاکترە.

@z_harman


#پەندی_پێشینیان
#مەسەل
#ئەدەبیاتی_زارەکی
لە کوردستانی ئێمە وشەی بەرز و پیرۆزی مامۆستا لە لایەن خەڵک بە لاڕێدا ڕۆیشتووە و ئەو وشە مەزنە بە نێو و نازناوی زۆربەی مرۆڤەکان کە شایانی نین و لەو ئاستەدا نین دەلکێ.
مامۆستا بە کەسێکی لێزان و لێهاتوو و ژیر و زانا و چاوکراوە و گەشبین دەڵێن کە لە بواری خۆیدا بێوێنە و جیاواز و نموونەیە و پانتایی خزمەت و هونەر و زانست و چالاکییەکانی سنوورەکان دەبڕێ و بەرهەمەکانی دوای ماڵاوایی لە ژیانیش لەسەر بیر و هزر و مێشک و زمانی خەڵکدا دەمێننەوە و نافەوتێن و گەشەی دەکەن.
مامۆستا بە کەسێکی شارەزا دەڵێن کە بۆ گەشەی هونەر،چاند،کولتوور و زمان و ئەدەبیات و مووسیقای وڵاتەکەی گیانفیدا بێ و حەز و تاسە و ئاوات و پێنووس و بیر و بڕوا و ئامانج و هەست و هونەرەکەی بە پارە و دراوان نەفرۆشێ و لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەکەی هەنگاو هەڵێنێتەوە و شەرمەزاری خەڵک و نەتەوەکەی نەبێ و مەلەکشا کوتەنی شێعر لە بەرۆکی پیاوکوژ نەدا.
  زۆر حەیفە و جێگای داخە بە کەسێک کە عومری شێعر و هۆنراوە و گۆرانی و هونەرەکانی کورت و زۆر زوو تۆزی لەبیرچوونەوە لەسەر خۆی و بەرهەمەکانی دەنیشێ و لەپێش خۆیدا بەرهەمەکانی کۆچ دەکەن و دەمرن بڵەین مامۆستا.
بۆ نموونە وشەی مامۆستا پڕ بە پێست و شایانی مامۆستا هەژارە کە هەموو ژیانی لەپێناو خزمەت بە نەتەوەکەی تەرخان کرد و ئاوارەیی ،نەداری و نەبوونی،هەڵاتن،بەندیخانە،ژیانی ئەستەم له شاخ و کێوەکان، مەترسی لە سێدارەدان و نەخۆشی و تانە و تەشەری خۆیی و سەدان بەربەستی دیکە نەیانتوانی ئەو بوێرە لە خزمەت بوەستێنن و تا ژیا چرکەکانیشی هەزار لەت کرد بۆ ئەوەی خزمەت بە نەتەوەکەی بکا و کات بە فیڕۆ نەدا و قەتیش منەتی لەسەر نەتەوەکەی نەکرد و چاوەڕێی چەپڵە و کرنۆش و ڕێزدانانی تایبەت نەبوو.
زۆر حەیفە و مخابن کە ئێمە ئێستا بە چکۆلەترین چالاکی و بەهرەی کەسێک مرۆڤەکان گەورە دەکەینەوە و ئیزنی ئەوەیان پێ دەدەین لووتبەرز و لەخۆبایی بن و تەنانەت ڕەخنە لە گەورەکانیشمان بگرن و ڕێگایەکی سەد ساڵە بە ڕۆژ و مانگێک تێپەر کەن بێ ئەوەی کەلێن و بۆشاییەک لە هونەر و ئەدەبیات پڕ کەنەوە و بتوانن زام و ژانێک لە هونەری ئەو نەتەوە ساڕێژ کەن.
هیوادارم لە بەخشینی وشەی مامۆستا بۆ هەموو تاک و مرۆڤێک خۆ بپارێزین و بزانین مامۆستا بە کەسێک دەڵێن کە خاوەن بیر و هزرێکی ڕووناکبیرانە بێ و کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر هەست و بیری خەڵکدا تۆمار کردبێ و گۆرانکارییەکی بەجێ بخولقێنێ و دژی تاریکی و ناحەزی و داب‌ونەریتی هەڵە و کۆن بێ و لانی‌کەم بەرهەمەکانی جگە لە خزم و دۆست و کەسانی نیزیک و هاوشاریەکانی، سرنجی ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچە و پارچەکانی دیکەی ڕاکێشابێ و سەدان ساڵیش دوای مردنی خەڵک هۆگر و تامەزرۆی کەسایەتی و هونەرەکەی بن و شانازیی پێ بکەن.

@z_harman

نووسین:زانکۆ حەیدەرپوور
7👍2👌1
@z_harman

ئاتەگ:داوێنی کەوا و سیخمە

ئاواڵ‌کراس:جلێکی دوو دەلینگ کە لەژێر کراس دەبەر دەکرێ

بووزەڵە:جۆرە بەرهەڵبێنەیەکی دەسکرد

بەرۆک:پێشەوەی کەوا یا کەراس لەحاستی مڵ تا دەگاتە نیوەی سینگ.ئەوەندەی لە کراسی کوردیدا بە یەخە دادەندرێ.

پیرۆزە:بەردێکی شین بە وێنەی ڕەنگی ئاسمان کە هەم بە تەنیا کەڵکی لێ وەردەگیرێ و هەمیش دەکرێتە نەقیمی ئەنگوستیلە و ملوانکە و گوارە

تارا:ڕووپۆشی بووک لە پارچە یا تۆڕ

جەلسە:پارچەیەکی نەرم و سووکە لە لۆکە،ئاوریشم یان پەشم کە دوو جۆری گوڵدار و ساکاری ڕێڕێی هەیه.

حەمایەڵ:جۆرە خشڵێکە بۆ دوعا تێنان.

خڕخاڵ:ئەو بازنە شووشەیەی کە دە قۆڵ یا قولاپی لاق دەکرێ.

خەزێم:خشڵێکی وردە لە زێڕێکی نەقیم‌دار ،نەرمایی کەپۆ و لووتی بو کون دەکرێ و بۆ جوانی لە تەنیشتی لووت قایم دەکرێ.

کۆچکە:جۆرە کڵاوێکی تایبەت کە دوو گوێی بچووکی هەیە و لە کۆچکە،بەندۆکە و کلکە‌کۆچکە پێک‌هاتووە.

گێلگێلە:ئەو گوڵینگ و ڕیشوویەی لەسەر شەدە یان هەوری لە دەوری سەر قایم دەبێ.


@z_harman

فەرهەنگی جل‌وبەرگ و خشڵ‌وخاڵی ژنانی موکریان(لەیلا نوورانی_سەلاح پایانیانی)
ئێستا گومان لە چی بکەم، لە چی نەکەم؟
ئێستا گومان لە کێ بکەم؟ لە کێی نەکەم؟
لە هەر چل هەزار پێغەمبەر؟
لە کتێبە پیرۆزەکان؟
لە کردگار؟
فێرعەونەکان دنیایان خوارد،
بۆچی مووسا
دار عەساکەی هەڵنابڕێ و نایکا بە مار؟

@z_harman


هۆنراوە:مامۆستا پەشێو
3
یاڕەببی زەمانە خەڕەکت چیدی نەدا خول
ئەو ڕایەڵ و هەودایە ببێ پس‌پس‌ و پارە

جارێ بە مەرامی دڵی کوردان نەسووڕای
شەکری کە بدەی تاڵە وەکوو کاڵەکە‌مارە

@z_harman

هۆنراوە:مەلا کەریمی فیدایی
👍42
@z_harman

(مەتەڵ)

سواری ئەسپێک بووم بێگیان بوو
دوو مەڕیشم خوارد،بێ ئێسقان بوو(بێشکە و مەمک)

هەر جێیەک گای سووری لێ بنوێ،گیای لێ سەوز نابێ(ئاور،ئاگر)

بە باڵ مەل و بە شاخ گایە، ماسی‌پشتە و هەڕەپایە(کوللە)

دیزەی ڕۆنە و دەرخۆنەی قوونە،ئەگەر نایخۆی بۆ منی بێنە(دووگی مەڕ)

زەویی سپی و تۆویی ڕەش(کاغەز و نووسین)

تا لێی نەدەی ناڕی(هێڵەگ)

قوونگی بە دمت،تسی بە لووتت(جگەرە،سیغار)

تا لێی نەدەی دەنگی نایە(دەهۆڵ)

ئەشکەوتی سەد پاڵەوان بە پووشکێکی دەگیرێ(شارەمێروولە)

بە دوو ژووران کۆڵەکێکیان هەیە(کەپۆ،لووت)

کاچوو،مادانی(شەن کردن)

مل‌ باریکە،قۆڵ باریکە
من ناوێرم ، تۆ دەنێرم(چەک،تفەنگ)

بیبینی، لەبەری‌ناکەی
لەبەری‌کەی نایبینی(کفن)

@z_harman

#مەتەڵ
👏32👍2
(مەتەڵ)

هەتا نەیکووژییەوە هێلکان ناکا؟
Anonymous Quiz
11%
مریشک
89%
هەنار
(مەتەڵ)

سپییە بەڵام پەنیر نییە،کلکی هەیە و مشک نییە؟
Anonymous Quiz
86%
توور
14%
تەورداس
(مەتەڵ)

بەردەستی کەپۆدرێژ،پێویستە بۆ دەسنوێژ؟
Anonymous Quiz
13%
بەرماڵ
87%
ئافتاوە
بڵێ بەو بووکی تازەی یەکشەوەم گەر هاتی سەر نەعشم
نەڵێ خۆی بۆ وەتەن کوشت و لە ڕێی عەشقی منا نەژیا

وەزیفەم بوو لەپێناوی وڵاتێکا سەرم بەخشم
کە تۆی پەروەردە کرد بۆ من لە داوێنی چیا و کەژیا

ئەگەر خوای گەورە بەخشیی پێت هەتیوێ،پێی بڵێ:ڕۆڵە
لە من فرمێسکی ویست باوکت ،لەتۆش داوا ئەکا تۆڵە

@z_harman


هۆنراوە:مامۆستا گۆران
👍21
پیاوی خوێڕی بە زڕبابی دەڵێ بابە.

@z_harman
👍5👌1
کەر کەشتیوان بێ ، هەموو دەخنکێین.

@z_harman
👍3👌1
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
هۆنراوە:مامۆستا هێمن
خوێندنەوە:باست حەمە غەریب

@z_harman
5
This media is not supported in your browser
VIEW IN TELEGRAM
چوارینە
هۆنراوە و خوێندنەوە:مامۆستا هەژار

@z_harman
6
نرخی دنیایە چڵی مووی دایە
دڵی من بەستەیە بەو هەودایه

با قەزای ویم وە دڵ و جەرگی کەوێ
گش‌کەسم مەرگی وەپێش مەرگی کەوێ.

@z_harman

هۆنراوە:مامۆستا حەقیقی
وێنە:هیوا قوربانی
2👏1
@z_harman

ئەوەی لە کاسەدا بێ بە کەوچک دەردێ.

بووکێ نەیبوو نانی شەوێ،ئەنگوستیلەی دەستی دەوێ.

بە قونە‌خلیسکە بەغدا ناگیرێ.

پشتم سەفین بێ،تف لە ئاسنیش دەکەم.

تا ژیر بیری کردەوە،شێت لە ئاوێ پەڕیەوە.

حەنجەرە لە پەنجەرە نەچێتە دەر باشە.

چۆمی درۆ،سەرچاوەی نیزیکە.

تۆپینی کەر،زەماوەندی سەگە

بە دوژمن مەڵێ مەرحەبا،هەم دەخوات و هەم دەبا

زنجیری دوژمن بە یەکییەتی نەبێ ناپچڕێ.

وتیان مام‌ڕێوی خورمای دەخۆی یا مێوژ؟ وتی:ئەمیش و ئەویش

وتیان مەیموون خودا غەزەبت لێ بگرێ، وتی: بمکا بە ئاسک

وتیان کابرا ژنەکەت زۆر دەگەڕێ،وتی ئەگەر زۆر گەڕابا ،ڕێی دەکەوتە ماڵی خۆشمان.

@z_harman

پەند و مەسەل
ئەدەبیاتی زارەکی
🔥1
2025/07/14 08:08:54
Back to Top
HTML Embed Code: